هەڵبژاردن بۆ ؟!

شێرکۆ حەبیب
هەڵبەتە پرسیارێکی سادە و ئاساییە هەر هاووڵاتیەک بپرسێ بۆ هەڵبژاردن و بۆ بەشداریکردن؟ و هەر خۆی دەتوانێت وەڵامی خۆی بداتەوە، کە هەڵبژاردن بێگومان پرۆسەیەکی گرنگ و بنەمای بە دیموکراسیکردن و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و دەستا و دەستی ئازادانەی دەسەڵات و بونیادنانی هەر سێ جومگەی دەسەڵاتی یاسا دانان و جێبەجێکار و دادوەرییە جگە لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەڕبرین و بەشداریکردن لەپڕۆسەی هەڵبژاردن و ژیانی سیاسی پایەیەکی بنەڕەتی دیموکراسییە، تا ئەو ڕادەیەی کە پێوانەکردنی ڕادەی گەشەکردنی هەر سیستەمێکی سیاسی ئێستا بەستراوەتەوە بە ڕادەی بوونی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە لەسەر بنەمای فرەیی و کێبڕکێی تەندروست، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئازادی هاووڵاتیان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان. مافی دەنگدان و خۆکاندیدکردن بە یەکێک لە دیارترین مافە سیاسییەکان دادەنرێت کە لە ئێستادا میساقە و بەیاننامە و دەستوورە نیشتمانییە نێودەوڵەتییەکان دانی پێدادەنرێت.
‎هەروەها هەڵبژاردن مافی بەشداری سیاسی واتە ئەومافەی کە هاووڵاتی لە ڕێگەیەوە دەتوانێت بەشداری لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتەکەیدا بکات، جا چ ڕاستەوخۆ بە دەستبەکاربوونی پۆستی گشتی یان ناڕاستەوخۆ بە هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆی لە ڕێگەی هەڵبژاردنی دەورەیی ئازاد و دادپەروەرانە.
‎ئەمەش تێگەیشتنی راست و دروستی کۆمەڵگا پێشکەوتوەکانی جیهانە و میللەتی کوردیش ساڵانێکی زۆرە هەوڵ و خەبات و تیکۆشانی لەوپێناوەدا بەردەوامە، هەر بۆیەش دەبینین چەندین پرۆسەی هەڵبژاردن لە کوردستان ئەنجام دراوە سەرەڕای گرفتەکان، بەڵام هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆمەڵگایەکی مەدەنی و دیموکراسی.
ئەوەی سەیر و سەمەرەیە، هەندێ لایان پێش ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن پرۆپاگەندەی ئەوەیان دەکرد وایان بڵاودەکردەوە کەوا ئاکامی هەڵبژاردنیان قبووڵە، بەڵام ساتەوەختێک ئاکامەکە لەگەڵ خواستی ئەوان نەهاتەوە هەزار و یەک بیانوویان دۆزییەوە، هەوڵدەدەن رووی گەشی پرۆسەکە ناشیرین بکەن و دەیخەنە جێگای گومانەوە، هەر بۆ نموونە دوا پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای بوونی هە ندێ گرفتی تەکنیکی بەڵام پرۆسەیەکی سەرکەوتووانە بوو، لایەنەکان قەبارەی خۆیان بۆ دەرکەوت، کە هەر چەندە هەندێکیان لە خەیاڵدا دەژیان لەو باوەر بوون دەنگێکی زۆر بەدەست دێنن، بەڵام لە ئاکام یەک دوو کورسیان بەهەزار ناڵی عەلی بەدەست هێنا، یا ئەوانەی نەیانتوانی نە دەنگەکانیان و کورسیەکانیان لە ئاستی دەنگ و کورسی پارتی دیموکراتی کوردستان نەبوو، هەرەشەی ئەوە دەکەن کەوا خاوەن هێزن، بەڵام ئەوە پارتییە هەردەم لە گەڵ رێکارە ئاشتی و دیموکراسییەکان و تەباییە و پابەندی ئیستحقاقی هەڵبژاردنە و لەسەر ئەو بنەمایەش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکات.
‎ئەگەر هەموو پابەندی ئاکام و ئیستحقاقی هەڵبژاردن نەبن، پرسیار لێرە ئەوەیە بۆ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و دەتوانن لایانەکان لە نێو خۆیان پلە و پۆستە حکوومییەکان دابەش بکەن، هەروەک ساتەوەختێک پەنچا بە پەنچا پۆستەکان دابەش کرا و ئاکامەکەی دیار بوو چی بوو، دووبارە کردنەوەی ئەو دیاردە لە بەرژەوەندی کوردستاندا نییە و ناکرێت دوو بارە ببێتەوە، تەنیارێگا مل کەچی بۆ ئیستحقاقی هەڵبژاردنە کە ئەزموونی دیموکراسی کوردستان دەپارێزێت و گرنگی بەشداریکردن لە ژیانی سیاسی و پڕۆسەی هەڵبژاردندا و قبووڵکردنی ئاکامەکەی تیشکی دەخرێتەسەر. هاووڵاتی هەستی خۆی و قورسایی سیاسییەکەی پەرەپێدەدات، ئاستی هۆشیاری سیاسی و یاسایی بەرزدەکاتەوە و ڕۆحی سەربەخۆیی و دڵسۆزی بۆ نیشتمانەکەی، هەستکردن بە کێشەکانی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیەکانی بەرامبەر بەو وڵاتەدا دەچپێنێت و لە ڕێگەی بەشداری سیاسییەوە تاک بەشداری دەکات لە گفتوگۆکردن لەسەرئامانجە گشتییەکانی کۆمەڵگا، دیاریکردنی باشترین ئامرازەکان بۆ گەیشتن و بڕیاردانی سیاسی. بەشداریکردن بە باشترین ڕێگا دادەنرێت بۆ پاڵپشتی و پەرەپێدانی کەسایەتی دیموکراسی لەسەر ئاستی تاک و گروپ و کۆمەڵگا. چونکە تاک کەلتوری کێبڕکێ و جیاواز پراکتیزە دەکات و خووی بە قبوڵکردن و ڕێزگرتنی ئەوانی ترەوە گرتووە، چونکە لەو پرۆسەیەدا جارێک شکست قبوڵ دەکات و جارێکی تر شاد دەبێتەوە بەسەرکەوتن.