وەیسی سەعیدوەیسی
یەکێ لەو کەموکورتیە گەورانەی دوای زیاترلە ٣٣سال لەئازادی کوردستان بوونی ھەیە، نەبوونی دەستوورە، چونکە دەستوور بۆ ھەرێمی كوردستان یەکێ لە پێداویستیە گرنگەکانی یاساییە تا هاوشێوه‌ی هه‌رێمه‌كانی دونیا بەپێی ده‌ستووری تایبەت بەخۆمان مامەڵە بکەین، کە دەبێتە فاكتەری به‌هێزكردنی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی. ھەرچەندە لە ڕابردوودا ھەوڵی زۆر دران، بەڵام بێ ئەنجام مانەوە، لەئێستادا کە بەرەو دەستبەکاربوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەچین، گرنگە ھەوڵەکان یەکبخرێن بۆ دروستكردنی كۆدەنگی نیشتیمانی بەمەبەستی پەسندکردنی دەستوور، بۆ پاراستنی کوردستان و رێکخستنی دەسەڵاتەکان و پاراستنی ماف و ئەرکی ھاووڵاتی، کە بە پێی دەستووری عیراقیش هه‌رێمی كوردستان ئەو مافەی ھەیە خاوه‌ن ده‌ستووری خۆی بێت، بۆیەش گرنگە لەپرسی نووسینەوەی دەستووردا هه‌موو لایەنەكان یه‌كده‌نگ و ھاوڕابن، کە پرسێكی نیشتیمانییە پێویستی بە كۆدەنگی وسازانە، ده‌ستوور ته‌نیا بۆ یه‌ك لایەن یان نه‌ته‌وه یانیش ئایینێک نییه، به‌ڵكو ده‌بێت ده‌ستوور ببێته بنه‌مایه‌ك كه هه‌موو ڕه‌نگه‌جیاوازەكانی كوردستان لەخۆبگرێت و ڕەنگدانەوەی ویست و خواستی كوردستانیان بێت، بەجۆرێك ببێته نموونه‌یه‌كی دڵنیایی بۆ هه‌موو لایه‌ك، ڕێز لەھەموو ئایین و نەتەوەێك بگرێت، كه ڕه‌زامه‌ندی و ته‌وافوقی هه‌موو ئایین و پێكھاتە و لایه‌نه‌كانی له‌سه‌ر بێت، بەبوونی دەستوورێکی مۆدێرن مافی تەواوی سەرجەم نەتەوە و ئاین و ئاینزاکان دیاریدەکرێت، گەلی كوردستان چۆن شانازی ده‌كات به پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نه‌ته‌وه و ئایینه‌كان، ئاواش دەبێت ده‌ستووری كوردستان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و تایبەتمەندیە بێت.
پرۆسەی سیاسی لەھەرێمی كوردستان بێ كێشە و كەموكورتی نییە زۆر جار بە ھۆی نەبوونی دەستوور نەتواندراوە کێشەکان یەکلابکرێنەوە، لە کاتی ھەبوونی دەستوور لەم ڕێگایەوە ھەوڵی چارەسەركردنیان دەدرێت . بۆیەش بەبوونی دەستوورێکی مودێرن سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەھەرێمی كوردستان پارێزراوتر دەبێت، گرنگە ھەوڵەکان یەکبخرێن لەم پێناوەدا.