شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

نازم حیكمەت

و: خالید فاتیحی
نازم حیكمەت لە ساڵی 1902 لە توركیا لەدایك بووە. باپیری «نازم پاشا» یەكێك لە پیاوانی دەوڵەتی عوسمانی بوو، باوكیشی «حیكمەت بەگ» ئەندامی وەزارەتی دەرەوەی دەرباری عوسمانی بوو. باپیری نازم شاعیر بوو و، عاشقی مەولەوی بوو، دایكی نازم ژنێكی بەڕێزو هۆگری شێعرو مۆسیقاو نیگاركێشی بوو. نازم لە چواردە ساڵییەوە دەستی كرد بە شێعر نووسین. سەرەتا هۆگری مەولەوی بوو، كە باپیری لە كۆڕی هاوڕێیانی شێعر دۆستی شیعره‌كانی بەدەنگی بەرز دەیخوێندەوە. بەڵام چوارچێوە بەرتەسكەكان و ڕێساوەزنە عەروزییەكان و دووبارە كردنەوەی ناوەرۆك، ناسازگار لەگەڵ ئاڵوگۆڕە قووڵەكانی كۆمەڵگای ئەو ڕۆژگارە، نازمی سەرگەرمی شۆڕشگێڕی، ڕازی نەدەكرد. ئەو سەفەرەی لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا بۆ یەكیەتی سۆڤیەتی كردو لە نزیكەوە لەگەڵ نەوەی نوێی هونەرمەندانی شۆڕشگێڕی ئاشناكرد، توانایی زیاتری لەپێكهێنانی شێوەو ناوەرۆكی شێعری توركی وەرگرت و بنەمای شێعری عوسمانی ئاوەژوو كرده‌وه‌. ئەو دوای ماوه‌یەك گەڕایەوە بۆ توركیاو دەستی كرد بەبڵاوكردنەوەی شێعر و وتارەكانی خۆی. نازم لەماوەیەكی كەمدا، جۆشوخڕۆشێكی وای لەناو هونەرمەنداندا بەرپاكرد، كەلانیكەم هیچ بڵاوكراوەیەكی نوێخواز نەبوو، لە ژمارەكانی خۆیدا بابەت یان ناوی ئەو نەهێنێ‌. لەونێوەدا نازمی گەنج چەندین جار كەوتە ژێر چاودێری و ئازاری حكومەت و چەندینجار گیراو هەرجارە و بەزیندانی كردنی دوو مانگ تا ساڵ و نیوێك حكومدەدرا. سەرەنجام لە ساڵی 1938 بەتۆمەتی بەشداریكردن لە كۆدەتاو ڕووخانی حكومەت دەستگیركراو لە دادگایی كردنێكی ڕووكەشدا بە هەژدە ساڵ زیندان حكومدرا. تۆمەتی ئەو ئەوە بوو، كە زۆربەی ئەو ئەفسەرانەی بەشداربوون لە كۆدەتاكە، نامیلكە شێعریەكانی ئەویان پێ‌ بوو.
نازم بەباوەڕی تەواو بەبێ‌ تاوانی خۆی، بەو بڕیارە ناڕەزایی دەربڕی و نامەیەكی بۆخوشكی و دایكی نووسی كە بەزوویی ئازاد دەكرێت. دادگای تێهەڵچوونەوە، حوكمی نازمی لە هەژدە ساڵییەوە گۆڕی بۆ سی ساڵ! نازم ڕەوانەی زیندان كرا. لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی 1950 نازم دوازدە ساڵی لە حوكمدانی خۆی تێپەڕاندبوو. لەو ساڵانەدا، شێعرەكانی ئەو بۆ چەندین زمان وەرگێڕدرابوون. ئەویش بە كەسایەتییەكی خۆشەویست و جیهانی ناسرابوو. كۆمیتەگەلێكی زۆر لەناوخۆی توركیا بەناڕەزایی نیشاندان، لەحوكمدانی ئەو چالاكییەكانی خۆیان دەستپێكردبوو. لەسەرئاستی جیهانیش كەسایەتییە ناسراوەكانی وەك (بەرتراند ڕاسیل، ژان پۆل سارتەر، پابلۆ پیكاسۆ، لویی ئاراگۆن و پابلۆ نیرۆدا) لە هەوڵی جیا جیادا حكومەتی توركیا یان، خستبووە ژێرگوشار تا نازم لە زیندان، ئازادبكەن.
دایكی نازم لە ئەستەمبوڵ و نازم خۆیشی لە زیندان، دەستیان دابوە مانگرتن لە خواردن. سەرەنجام حكومەت ناچاربوو ئازادی بكات. نازم حیكمەت لە ساڵی 1950 لە زیندان ئازاد كرا. بەڵام ڕەنج و ئازاردانی دوای زیندانیش هەر بەردەوامبوون. تائەو جێگایەی لە تەمەنی چل و نۆ ساڵیدا، بۆخزمەتی سەربازی بانگكرا. ئەوە بەمانای حوكمی كوشتنی نازم بوو، لەبەرئەوەی بەدڵی نەخۆش و ماسولكەی بێ‌ هێز، لەوجێگایەی بۆیان دانابوو، مردنی مسۆگەربوو. هەربۆیه‌ هاوڕێكانی نازم، هەلێكیان رێكخست كە بە شەو بە گەمیەك لە دەریای ڕەشەوە بچێتە بوڵگاریا. نازم دوای كەمێك مانەوە لەوێ‌، چوو بۆ یەكیەتی سۆڤیەت و سێزدە ساڵەی باقی تەمەنی، لە غەریبی بەسەربردوو سەرەنجام لە ژویەنی 1963 به‌هۆی جه‌ڵته‌وه‌ دڵەگەورەكه‌ی بۆهەمیشە لە لێدان كەوت.
تۆ لەو سەرەوە
لە نێو لكە پڕ لە میوەكان
چاوەسەوزەكانت، لێوان لێون لە هەتاو
لێوەكانت پڕن لە هەنگوین.
منیش لە خوارەوە لە پاڵ درەختەكە
لەپەنا قوڵكەیەك….
من زۆر لەتۆ پێشتر دەڕۆم
تۆش دەمێنیتەوە بەبێ‌ من، لە ڕۆژانی پیریتدا.
1949
* * *
سەرچاوە: كۆمەڵەشێعری: ( دنیارا گشتم، بدون تو)
وەرگێڕانی بۆفارسی: احمدپوری