ئۆقرەیی دەمانگەیەنێتە چارەنووسێكی جوان

بەكر كەریم حەسەن
(مەهاتما گاندی) سیاسەتمەدار و سەركردە ڕۆحیەکەی هیندستان دەڵێ: “بناغەی ژیانێكی بەختەوەر بریتییە لە ئۆقرەیی و ڕازیبوون و چاوتێری”.
بێگومان ژیان خۆی لە خۆیدا بریتییە لە هەوراز و نشێو و، هەڵكشان و داكشان و سەختی و ئاسوودەیی، هەموو جۆرەكانی لەخۆ دەگرێت، بەڵام ژیانێكی بەختەوەر و پڕ لە دڵخۆشی گەر بتەوێ بنیات بنێی و بیگوزەرێنی و بە سادەیی ژیان بكەی، پێویستە ئۆقرە بگری و ڕازی بی و هەمیشە چاوتێر بی و هەڵپە نەكەی بۆ ئەملاوئەولا؛ سنوورێك بۆ ئارەزووەكانی ژیان دابنێی و جڵەوی لە دەست خۆتدا بێت و هەمیشە ڕاكەڕاك و ڕاوی ئارەزووەكانت نەبێ و چاوتێر بی، چونكە هیچ كۆتایی و سنوورێك بۆ داخوازی و ئارەزووەكان نییە لە هەموو ڕوویەكەوە هەمیشە ناتوانی هێور و لەسەرخۆ و بە ئاسودەیی بژییت، هەروەكو درەخت بۆ ئەوەی گەشەی جوانتر و بەهێزتر بكات و بەرهەمی زیاتر بێت و لق و پۆپی جوانتری لێ دەربكەوێ، ساڵانە لق و پۆپی زیادەی لێ دەبڕدرێتەوە و زۆر جوانترە لەو درەختانەی كە خۆڕسكن و هیچ بڕینەوەیەكیان بۆ ناکرێ.
قوتابخانە كەوا ژمارەیەكی یەكجار زۆر قوتابی دەگرێتە خۆی هەر یەكەی لە ژینگە و پەروەردەیەكی جیاوازەوە هاتووە، لە هەموو چین و توێژێكیان تێدایە، گرنگە لە قوتابخانە وا لە قوتابی بكرێت هەمیشە چاوتێر بن و، ڕازی بن بەو بارودۆخەی تیایدا دەژین و ئارام و ئۆقرەگرتوو بن، ئەوەش دەوەستێتە سەر بەڕێوەبەر و مامۆستای قوتابخانە تا لە داهاتوودا كۆمەڵگەیەكی بێكێشە و زیندوو و ئارام دروست ببێت.
كابرایەك دەگێڕێتەوە و دەڵێ جارێك لە یەكێك لە ڕۆژە گەرمەكانی هاوینی بەغدا لە مانگی تەمووزی ساڵی (2015) دەستم لە تەكسیەك ڕاگرت و دەمویست بچمە شوێنێك لە قەراغی بەغدا كە نزیك نەبوو لە شوێنەكەم، پەلەم بوو ویستم شوفێری تەكسییەكە ڕازی بكەم گەر لە كاتی خۆی بمگەیەنێتە ئەو شوێنە پارەی زیادی بدەمێ، ئەوەی سەرنجی ڕاكێشام شوفێری تاكسییەك بە ڕوویەكی خۆش پێشوازی لێم كرد و ئەو پرسیارەی لێم نەكرد كە هەمیشە دەڵێن بۆ كوێ دەچیت و نرخەكەش هێندەیە، پێم گوت ناتەوێ قسە بكەین لەسەر نرخی گەشتەكە و یان بۆ كوێ دەڕۆین. بە زەردەخەنەیەكەوە گوتی مادام گەشتەكەت هەر لە سنووری بەغدایە كێشەمان نییە لە ڕێگادا قسەمان كرد و ئەو جارەی لێم پرسی ئەوەی سەرنجی منی ڕاكێشا هیچ دوودڵ نەبووی كە بۆكوێ دەچین و نرخەكەشت باس نەكرد؛ پێم خۆش بوو باس بكەی؛ شوفێرتەكسیەكە پیاوێكی بەتەمەن بوو، بێ ئەوەی چاوی خۆی لەسەر رێگاكە لا بدات، گوتی: “من سی ساڵ زیاترە ئەو كارە دەكەم؛ زۆر شتی لێ فێر بووم، یەكێك لەوانە ئەگەرهاتو رێبوارێک بە دوو دینار نەگەیەنم ئەوا ناگەمە رێبوارێکی سەد دیناری؛ یەكسەر برۆیەكانم هەڵتەکا و چاوم مۆڵەق وەستا؛ لە سادەیی و بەهێزی و زیرەكیی ئەو كەسە؛ پێم گوت دەکرێ نموونەیەكم بدەیتێ؟‌ گوتی: “چەند ساڵێك لەمەوبەر، ژنێك دەستی لێ ڕاگرتم؛ منداڵێکی بچووک و كەلوپەلێکی زۆری پێ بوو؛ دەیویست بیگەیەنمە كۆتایی شەقامەكە زۆر بێزار و ماندوو دیار بوو؛ هەوڵی زۆری دابوو، تەكسی نەیانگەیاندبوو لەبەر كەلوپەلە زۆرەکەی و هەژارییەکەی. من گەیاندمە كۆتایی شەقامەكە و یارمەتیشیم دا، كەلوپەلەكانم بۆ هێنایە خوارەوە و گەیاندمە بەر دەرگا؛ دوو دیناری دا پێم و هیچ قسەم نەكرد و ڕازی بووم، ویستم دەست بە ڕۆیشتن بكەم لە باڵەخانەی بەرامبەری كەسێك بە خێرا ڕای كرد و جانتایەكی لە دەست بوو پەلەی بوو گوتی بمگەیەنە فڕۆكەخانە، سەد دینارت دەدەمێ ئەگەر لە كاتی خۆی بمگەیەنی.” دوایی گوتی ئەگەر من ڕازی نەبووبام ئەو ئافرەتە هەژارە بە كۆمەڵێ كەلوپەلەوە بگەیەنم و لە داگرتنی كەلوپەلەكانی یارمەتیم نەدابایە ئەوا هەرگیز ئەو پیاوە بە من ڕانەدەگەیشت كە سەد دیناری كرێی گەیاندنەكەی بوو؛ بەوپەڕی باوەڕ و متمانەوە گوتی: “گەر هەوڵ نەدەین بۆ یارمەتیدانی خەڵكانی تر هەرچەندە كە یارمەتیدانەكەیان سادە و ساكاریش بێت ئەوا چارەنووسێكی جوان و لە ناكاو و خۆشی چاوەڕێمان ناكات. بۆیە دەبێ هەمیشە چاوتێر و ڕازی بن و ئۆقرە و ئارامیمان هەبێت لە هەر بارودۆخێکدا.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەی