ئەگەر دەتەوێ لە قسەی خەڵک پارێزراو بی!

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی
ئەگەر بتەوێ كەس باست نەكات: (هیچ مەڵێ، هیچ مەكە، هیچ مەبە) دەمی خەڵكی پەڕۆیەك نیە بە داو و دەرزی بیدوریتەوە، درزی خانوویەكیش نییە بە تۆپەڵە قوڕێ بیگری؛ تێگەیشتنی مرۆڤەكان جیاوازە، هەریەكە باراشی خۆی لە ئاشێ لێ دەكا، هەیە قسە ناكا بەڵام تێدەگا هەیشە قسەدەكا دەزانێ چ قسەیەك دەكا كەچی هەیە بێ بیركردنەوە قسە بە با دەكا؛ گرنگ نیە قسەكەی چەند جێی خۆی دەگرێ، گرنگ ئەوەیە بڵێن قسە دەكا، ئەوەش ئەو پەیامەیە پێمان دەڵێ مرۆڤ هەرچیەك بكا لە قسە و دەم و دووی خەڵكی پارێزراو نابێ، خێزانەكەم سێ ساڵ و شتێ لەمەوبەر بە هۆی نەخۆشیەكەوە كەوتە ناو جێ و لەو ماوانە ئەوەی بیناسیایە یان ئەوەی منی بناسیایە دەهاتنە ماڵمان و سەردانیان دەكردین. من سەرەتا زۆر بۆی غەمبار و پەرۆش و داخدار بووم، ناوەناوە فرمێسكی بەزەییم بۆی دەڕشت؛ دەمدایە قوڵپی گریان و بەدەم قسەكردنەوە هەنسكم دەدا. چەند رۆژێ تێپەڕی كچە گەورەكەم پێی وتم: بابەگیان دەزانی ئەوەی تۆ دەیكەی شتێكی باش نیە؛ پێم وت: بۆ! چ بووە مەگەر؟
وتی: ئەو خەڵکەی تۆ بەو شێوەیە دەبینی تێیاندایە دەڵێ: ئەو پیاوە ناهەقی نیە فرمێسكی پەشیمانی دەرێژێ حەتمەن پێشتر زڵمێكی گەورەی لە ژنەكەی كردووە و لەگەڵی خراپ بووە تازە هەست بەوە دەكا تاوانێكی گەورەی بەرامبەر كردووە بەڵام تازە لێوی پەشیمانی دادی نادا! بەو قسەیە چاوم زەق بۆوە بە كچەكەمم وت: توخوا قەت رۆژێ لە رۆژان منت بینیوە لەگەڵ دایكت خراپ بووبێتم یا ستەمم لێی كردبێ؟
كچەكەم وتی: نەخێر هەرگیز شتی وا نەقەوماوە؛ پێم وایە لەمەولایش شتی وا روو نادات؛ چونكە ئەوە لە كەسایەتیی تۆ ناوەشێتەوە.
بە كچەكەم وتم: ئەی بە رای تۆ چارە چیە؟ من چی بكەم؟ كچەكەم وتی: پێم خۆشە لە باتی ئەوەی خۆت بە دڵتەنگ و خەمبار و پەشێو نیشان بدەی هەوڵ دە بەردەوام زەردەخەنەت بەسەرلێوەوە بێ، ناوە ناوەش پێبكەنە. وتم: باشە وا دەكەم. كچەكەم چی پێ وتم وام كرد. چەند رۆژێ تێپەڕی دیسان كچەكەم هاتەوە لام و پێی وتم: بابەگیان دەزانی ئەوەشیان شتێكی باش نیە؟ پێم وت: خێر ئەوجارە چی بووە؟
ئەویش هەناسەیەكی قووڵی هەڵكێشا و وتی: باوەڕ دەكەی بەو گوێیانەی خۆم گوێم لێ بوو هەندێ لەوانەی دەهاتنە ماڵمان تێیاندا بوو بە دزیەوە كە تۆی بەو شێوەیە دەبینی، دەیوت: بڕۆنێ برۆنێ لە رەنگوڕوخساریڕا دیارە بە نەخۆشیی خێزانەكەی دڵخۆشە! حەز دەكا ژنی دووەم بێنێ هەرنا ژنەكەی زوو بمرێ تا ژنێكی تر بێنێ.
منیش وتم: كچم تۆ و ویژدانت لە ژیانمدا قەت گوێت لێ بووە بە سوحبەتیش باسی ژنی دووەمم لای دایكت تەنانەت لای ئێوەیش كردبێ، كچەكەم وتی: نا نەخێر من ئەو شایەتیەت بۆ دەدەم. منیش پێم وت: باشە من قوڕی كێ بكەم بەسەری خۆما؛ دڵی ئەو خەڵكە بە من راناگیرێ! ئەو خەڵکە بەچی رازی دەبن؟ كچەكەم وتی: حەز دەكەم بۆ لەمەودوا خۆت مات و مەلول و بێدەنگ نیشان بدەی ئەگەر زۆر زەروور نەبوو دەمی خۆت بگرەو قسە مەكە، وتم: باشە وادەكەم، ئەو رێگەیەشم تاقیكردەوە، كەچی دوای رۆژ و عەیامێ دیسان كچە گەورەكەم هاتەوە لام و پێی وتم: بابەگیان دەزانی ئەوەشیان شتێكی باش نیە، لێم پرسی: ئاخر بۆچی؟ كچەكەم وتی: بابەگیان لەوانەی دەهاتنە سەردانیتان تێیاندا بوو كە تۆی بەو شێوەیە دەبینی دەیوت: پیاو دەبێ لە ئاوی مەند بترسێ! ئەو پیاوە لەو بێدەنگیەی كە خۆی بێدەنگ كردووە گومان لەوەدا نیە شتێكی گەورەی لەبن سەرە! بیر دەكاتەوە پلان بۆ ئەو شتە دادەنێ.
منیش نەختێ سەرم بادا و بە كچەكەمم وت: توخوا ئەوە قسەیە دەیكەن من خۆ سەری شام نەپەڕاندووە وا ئەوەندە بە منەوە مژووڵ و سەرقالن؟ ئەو خەڵکە چییان لە من دەوێ؟
كچەكەم وتی: بابە بۆ نایەی شتێكی دیكە بكەی، ئەوجارە ناوەناوە خۆت غەمبار بنوێنە و ناوەناوەیش بزەو زەردەخەنە بخەرە سەر لێوت و پێبكەنە؛ وتم باشە ئەوەشیان دەکەم. ئەوەشم تاقی كردەوە كەچی دوای چەند رۆژێ جاریكێ تر كچە گەورەكەم هاتەوە لام و پێی وتم: بابەگیان دەزانی ئەوەشیان جێی خۆی نەگرت ئەوەشیان شتێكی باش نیە. لێم پرسی: ئەی ئەوجارە چی بوە رەخنەكانیان چیە؟
كچەكەم وتی: بابەگیان بەو گوێیانەی خۆم گوێم لێ بوو تێیاندا بوو كە تۆی بەو شێوەیە دەبینی دەیوت: ئەو پیاوە دەیەوێ بە دڵتەنگی، خۆی وا نیشان بدا ژنەكەی زۆر خۆش دەوێ كەچی بەو زەردەخەنە و پێكەنینەی دەیكا وەك لە ناڵ بدات و لە بزمار، حەز دەكا بەتانیە كۆنەكەی نوێ بكاتەوە. بەو قسەیە دامە قاقای پێكەنین و پێم وت: توخوا من ئەوەندە بێوەفام كچەكەم؟
وتی: بابە گیان مەگەر ئێمە ناتناسین و نازانین چ باوكێكی بەوەفا و دڵسۆزی؛ ئەو خەڵکە بۆ خۆی با هەر بڵێ. منیش ئاهێكی قووڵم هەڵكێشا و وتم: دەزانی بەو قسانە تەواو بێزار و بێتاقەت بوومە؛ فەرموو ئەوجارەیان چی بكەم؟ كچەكەم وتی جا شت ما تاقی نەكەیتەوە! شتەكان هەر ئەوەندەن، ئیدی تەواو بە كەیفی خۆت چ دەكەی بیكە با ئەو خەڵکە لە گوپی خۆی دا؛ ئەگەر بە قسەی ئەو خەڵكە بكەین نابێ دەممان بجووڵێنین؛ نابێ قسە بكەین؛ نابێ خەمبار بین، نابێ پێبكەنین؛ منیش وتم: راست دەكەی ئەگەر گوێ لە قسەی خەڵک بگری نابێ لەماڵ دەربچی، نابێ قسە لەگەڵ كەس بكەی، كەواتە تۆش بۆ لەمەودوا گوێ بگرە وەك ئەوەی گوێت لە هیچ نەبووبێ.

سەرپەرشتیاری پەروەردەیی/ قەزای تەقتەق