‎پەند لە شكست یان ‎ پاساوی دۆڕان

‎هاودەنگ فارووق
‎هەندێ لایەنی ناڕازی لەئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەسەرەتای پرۆسەكەوە تا كۆتایی و ئێستایشی لەگەڵدابێت، قیبلەنمایان ونكردووە و، بێپلان و بێبەرنامە، شوێن قەرەباڵغی كەوتوون. ئێستایش، كە دەستیان لەبنی هەمبانەكەوە دەرچووە، لەبازنەیەكی بۆشدا دەخولێنەوە.
‎دوایەمین نمایشیان لەبەردەم مایكەكاندا دەكڕوزێنەوە و دەڵێن: با ئەنجوومەنی دادوەری كوردستان ئەنجامی هەڵبژاردنەكان قبووڵ نەكات.
‎پرسیارەكە ئەوەیە: ئەمانە كەی فێربوون بگەڕێنەوە بۆ لای دامەزراوەكانی كوردستان؟ ئەوە ئێوە نەبوون بە كۆمیسیۆنی كوردستان قایل نەبوون؟ داوای كۆمیسیۆنی بەغداتان كردوو، شوێنی قەرەباڵغی سۆسیالمیدیا كەوتن و لەخۆتانەوە بێ ئەوەی شارەزاییتان لەبابەتەكە هەبێت، دەتانگوت: متمانەی سەد لەسەدتان هەبێت و بێخەم بن، ئەمجارە مردووەكان دەنگ نادەن! دەركەوت ئەگەر دەنگدەری مردوو هەبن، دەنگدەری ئەوان بوون، چونكە نەك زیندو مردوویش سزایانداون.
‎ئێ براینە هێشتا ڤیدۆكانتان لە فەیسبووك و تیكتۆك كراشە دەكات، ئەی چ زوو، مێشكتان فۆرماتكرا و بێ ئەوەی بەڵگەتان هەبێت لەخۆتانەوە دەڵێن تەزویركراوە؟ لەوەش بەدتر چۆن داوا لەدامەزراوەیەكی كوردستانی دەكەن، كە ئێوە هەوڵی زۆرتاندا بۆ ئەوەی شەرعیەتی دەزگاكانی كوردستان نەمێنێت و، بەغدا لەورد و درشتی كارەكان بەشداربێت، چۆن هانا دێننەوە بەر دەزگایەكی كوردستان؟
‎پێشنیازی بەندە بۆ ئەو لایەنە بەڕێزانە ئەوەیە، دەستیان لەبنی هەمبانەكە دەربهێنن و، بچن لەدادگەی بەغدا سكاڵا بكەن لەو كۆمیسیۆنەی، كە هەمووان شاهیدی پێشوەخت و سەد لەسەدیان بۆدا. خۆ ئەگەر هیچ بەڵگەیەكیان نییە و، تەنها ورتە ورتی سۆسیالمیدیایە، دەبێ ئەوە بزانن كە مەسەلەیەكی یاسایی قورس و چارەنوسسازی وەكوو هەڵبژاردن، هی ئەوە نییە بە قسەی ڕووتی بەردەم مایكەكان چارەسەر بكرێت. ئاخر ئەمە بابەتی عاتیفە نییە، دادگاكان گوێتان بۆ بگرن.
‎لەبری ئەو شەڕەی بە ئەنجامەكانی دەفرۆشن، فەرموو ددان بەشكستی ئەمجارەتاندا بنێن و داوای لێبووردن لە گەلی كوردستان و بەتایبەت ئەندام و لایەنگرانی خۆتان بکەن.
‎ڕێگەی ڕاست ئەوەیە مرۆڤ پەند لە شكست وەربگرێت و بەخۆیدابچێتەوە، نەك پاساوی دۆڕان بێنێتەوە.خۆتان ئامادەبكەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، چاودێری ڕاستگۆی سەر كارەكانی حكوومەت بن لەناو پەرلەمانەوە، ببنە ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی، نەك وەك پۆپۆلیستی چەواشەكار، لە لاپەڕە فەیكەكانی سۆسیالمیدیاوە بۆ لایك و كۆمێنت خۆشتان و ئەزموونی حوكمرانی وڵاتی خۆتان سووك بكەن.