دوو کورتەچیرۆک

و: خالید فاتیحی
چیرۆكی: مەنسووری یاقووتی
تابلۆی یەكەم:
لەسەر بستووی تەپۆلكەیەكی پر لەدار بەڕوو، بەقرچەی گەرمای نیوەڕۆی هاوین، كابرایەكی دێهاتی بە كەواو پانتۆڵێكی خۆڵەمێشی و كراسێكی شڕی سوورمەییەوە، كەڵەشێرێكی لەبن هەنگڵ نابوو و لە پێش ژنەكەیەوە بەرەولای دارە پیرۆزەكە دەڕۆیشتن. لە دوایەوە ژنەكەی بە كراسێكی ئاودامانی خۆماڵی، لەچكە بەسەر، منداڵە نەخۆشەكەی لە باوەشگرتبوو و لە دڵەوە بۆی دەپاڕایەوە.
ئەوان دەچوونە لای دارەپیرۆزەكە بەوهیوایەی كە لەوێ‌ كەڵەشێرەكە بكەنە قووربانی و منداڵەكەیان چاك بێتەوە.
بێجگە لە دەنگی سیسركەكان كە لەناو پەڵە گەنمەكاندا دەیانخوێند هیچ دەنگێكی دیكە نەدەبیسترا. گەرما شاڵاوی دێناو گیانلەبەرەكان خزابوونە ژێرسێبەرو لانەكانیان.
ئارەقەیەكی گەرم بەسنگی پیاوەكەدا هەڵدەچۆڕا، كەڵە شیرەكەش پەلەقاژەیدەكرد بەڕەڵڵا بكرێ‌ و بە دەشتەكەدا ڕابكات بەو هیوایەی جووتەكەی وەبینێ‌.
لە دوورەوە تاقە دارە پیرۆزەكە دەبینرا كە لەسەر تەپۆلكەكە با ڕایدەژاند. پیاوەكە لە درەختەكەوە ڕاما، ئاهێك لە سینەی هاتەدەرەوە و پاڕایەوە:
-خوایە گیان بۆخۆت بە هانای ئەو منداڵە وەرە.
ژنە ناڵاندی:
-خودایە پەنا بەتۆ دەڕۆین….
سیسركەكان هەروا دەیانخوێندو تاقەدارەكە، پیرەمێردو ژنە گەنجەكەی بەرەولای خۆی بانگ دەكرد.

تابلۆی دووەم:
لە یەكێك لە دۆڵە تەنگەبەرەكانی زاگرۆس، ئەو گەنجەی كە مار پێوەی دابوو بە زەحمەت خۆی لەسەر كورتانی كەرەكە ڕاگرتبوو. گوێدرێژەكە بەكوێرە ڕێیەكی دۆڵەكەدا بە دژواری دەڕۆیشت. لەدوای كەرەكەوە پیرە مێردەكە گۆچان بەدەست لەگەڵ بووكەكەی بەدوای گوێدرێژەكەدا دەڕۆیشتن. پیرەپیاو جگەرەی دەكێشاو لە خەیاڵدابوو.
ژنە پرسی:
– چەندمان ماوە بگەینە ماڵی شێخ عەباس؟
پیرە پیاو گوتی:
-ددان بەخۆتدا بگرە، نیگەران مەبە، من بەوگۆچانەوە چاودێر بووم كە مشكیش نەتوانێ‌ بەسەر گودەرزدا بازبدا، ئێستاش دەبێ بیبەینە لای شێخ و تف لە برینەكەی بدات و گودەرزیش چاك دەبێتەوە.. چاك دەبێتەوە….
ژنە بە نیگەرانییەوە گوتی:
– ئەگەر مارەكە زووتر لە ئێمە گەیشتە ماڵی شێخ و شكایەتی كرد چی بكەین؟…
پیرە پیاو گوتی:
– ئێمە خێراتر هاتووین.. شوكر بۆ خوا گوێدرێژەكەمان چووست و چالاكە.. نیگەران مەبە من بەو گۆچانەوە چاودێر بووم مشك بەسەر گودەرزدا بازبدات.. ناهێڵم مارەكە زووتر لە ئێمە خۆی بگەیەنێتە لای شێخ و شكایەت بكات. .نەخۆشەكەمان چاك دەبێتەوە.. ئەوەندە بەسە شێخ لەسەر شوێنی درێشووكەی مارەكە تف بكات.. چاك دەبێتەوە…
نەخۆشەكە بە تەواوی لار ببووەوەو خۆی بە كورتانەكەوە چەسپاندبوو.
لە دۆڵەكە شنەبایەكی فێنكی دەهات. گوێدرێژەكە ماندوو ببوو هەنگاوەكانی شل ببوون. مارێكی سووری سەر ڕەش لە درەختێكەوە دەخزایەخوارێ‌. پیرەپیاو مارەكەی دیت. نیگەران و دەستە پاچە نە قیزەیەكی لە كەرەكە وەژەندو ناڵاندی:
-هەچە گوێدرێژ.. زۆرمان نەماوە!…
مارە سوورە سەر ڕەشەكە بە ڕێگاكەدا ڕۆیشت.

سه‌رچاوه‌:
داستانهای اهودره‌