عومەر چنگیانی
یەکێ لە ئاکارە هەرە جوانەکانی مرۆڤ داوای لێبوردنکردن و پۆزشهێنانەوەیە؛ ئەڵبەت نەک پاساوهێنانەوە بۆ هەڵە و بەردەوامێتیدان بە هەنگاوی چەوت. لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی ١/١١/٢٠٢٤ ئەو بابەتە کرا بە توێشووی گوتار و درا بە گوێی ئەهلی مزگەوتدا، کە دەسپێک بە بیرهێنانەوەی دوو ئایەتەکەی ١٣٤-١٣٥ـی سورەتی (ئالی عیمران) بوو کە خوای گەورە لە پێداگوتنی بە بڕواداران دەفەرمێ:
“پێشبڕکێ بکەن بۆ وەدەستهینانی لێبووردنی پەروەرینتان و دەستەبەربوونی ئەوبەهەشتەی گەر پێوەری بۆ دابنێیت هێندەی پانتایی و گران و قورسی و قەوارەی ئاسمانەکان و زەوی دەبێت کە بۆ ئەوانە ئامادەکراوە کە تەقوای خوا دەکەن ئەوانەی کە لەو توانایانەی خوا پێی بەخشیون دەبەخشن لە ڕێی خوادا و لەبوون و خۆشی و کاتی نەبوونی و ترس و بیمدا، ئەوانەیش کە ڕق و قین و تووڕەیی خۆیان دەخۆنەوە و نایڕێژن و گیانی لیبوردەیی زاڵ دەبێت بەسەر کارەکانیاندا و لێبوردنیان بۆ خەڵک وادەبێت کە چیدی کۆنە هەڵەکان نادەنەوە بە ڕوویاندا خوای گەورە چاکەکارانی خۆش دەوێت (١٣٤) خوای گەورە ئەو بڕوادارانەی خۆش دەوێت کە بەردەوام نابن لەسەر هەڵە و ئەگەر دەمشڕی یان دامێن دۆڕییەکیان تووش هات یاخود ستەمێکیان لەخۆیان کرد یەکسەر داوای لێخۆشبوون لە گوناهەکانیان دەکەن لەپەرەوەرێنینیان، لە ناخیشدا ئەو ڕاستییە دەزان کە داخۆ کێ هەیە لە گوناهان خۆش ببێت و بەردەوام نابن لەسەر هەڵەکانیان و ئەوە دازانن کە گەڕانەوە و داوای لێبوردن بۆیان باشترینە.”
ئەم فێرکردنی کلتوور و ڕۆشنبیریی داوای لێبوردن و پۆزشهێنانەوەیە، ئەرکی هەر پەیامگەیێنێکی خوا بووە، وەک پێغەمبەری خۆشەویستمان دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، دەفەرمێ:
“کەس هێندەی خوا خۆشحاڵ نییە بە داوای لێبوردن، هەربۆیەکیش پەیام و پەیامگەیێنانی ناردووە.”
داوای لێبوردن
بریتییە لە داوای لێبوردن لەکەسی بەرانبەر لەبەر کارێکی نەشیاو کە بەرانبەری کراوە.
گەڕاندنەوەی کەسایەتی بەرانبەرەکەتە.
یەکێکە لە خووڕەوشتە جوانەکانی ژیرمەندان و ساڵحان.
یەکێکە لەو خووڕەوشتە مەزنانەی دەبێتە مایەی پاراستنی تەبایی نێوان خەڵکان.
داوای لێبوردن هەڵقوڵاوی ناخی کەسێکی خاکیە.
بەڵگەیە لەسەر متمانە بەخۆبوونی کەسەکە و ڕێزدانانی بۆ بەرانبەرەکەی.
گەورەیی و گرنگیی داوای لێبوردن گرنگی داوای لێبوردن :
داوای لێبوردن خۆی لەخۆیدا گەورەییە، کەسی ئیماندار هەرگیز لە داوای لێبوردن دانابڕێ، ئاینیی ئیسلام گرنگیەکی زۆری داوە بە داوای لێبوردن چونکە هۆکارێکە بۆ پێکەوەژیانی خەڵکی، ئایینەکەمان فێرمان دەکات داوای لێبوردن بکەین لە بەرانبەرەکەمان ئەگەر هەڵەیەکمان کرد؛ هەربۆیە پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر، بناغەیەکی تۆکمەی بۆ کەلتووری داوای لێبوردن داناوە؛ چونکە هۆکاری خۆشەویستی و برایەتیە و نەهی کردوە لە لێکترازان و لێکتووڕەبوون لە سێ ڕۆژ زیاتر، کەسێ دەستپێشخەر بێ لە داوای لێبوردن خێروبێرێکی مەزنی پێ دەگا؛ پێغەمبەرمان دروود و سڵاوی خوای لەسەر، دەفەرمێ:
“هەرگیز ڕەوا نییە و نابێ دوو بڕوادار دەنگدابڕینیان لە یەکدی لە سێ شەو تێپەڕێنێت و کە یەکیان بینی لاتریسکە لە یەک ببەستن، باشترینیان ئەوەیانە کە دەستپێکەری دەکات لە سڵاوکردن لەوی تر.”
هەروەها پێشەوا عومەری کوڕی خەتاب خوای لێ ڕازی، دەفەرمێ:
“ژیرترین کەس ئەوەیانە کە زۆرترین داوای لێبوردنی هەیە.”
دەربڕینی وشەی جوان لە کاتی داوای لێبوردن دۆخەکە هێوردەکاتەوە و خۆشەویستی زیاد دەکات و پەیوەندیەکان لە پچڕان دەپاڕێزێ، بۆیە هێندە مەزن و گەورەیە داوای لێبوردن.
قبوڵکردنی داوای لێبوردن لە سینەسافیە
هەروەکچۆن داوای لێبوردن خێرێکی زۆر مەزنە، لێبوردنیش خێرکی گەورەیە کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام هانمان دەدا لەسەری، چونکە ڕێگای پێغەمبەران و پیاوچاکانە و سیفەتی بەندەکانی خودایە لە ئیمانداران و تەقواداران، قبوڵکردن و لێبوردن و لێخۆشبوونی بەرانبەرەکەت و هۆکاری مانەوەی پەیوەندیەکانی تاک و پتەویی پەیوەندی کۆمەڵگایە.
سوودەکانی کەلتووری داوای لێبوردن:
کەلتووری داوای لێبوردن سوودی زۆر هەیە کە هەندێکیان باس دەکەین:
1- ساڕێژیکردنەوەی برینی دژمنایەتی و ڕق و کینە؛ هەروەها نەفس پاک دەکاتەوە لە خۆبەزلزانین و دووربوون لە تووڕەیی و ملهوڕی، مایەی دەربڕینی ئەخلاقی کەسی لێبوردەیە کە خاوەن ئەخلاقێکی جوانی سادەیە و دەبێتە مایەی بنیاتنانی هیمەتی بەرز.
2- دەبێتە مایەی ڕەواندنەوەی ڕق و کینەی نێوان مسوڵمانان و کۆیاندەکاتەوە لەسەر خۆشەویستی و متمانە لەنێوانیادا دەڕوێت.
3- خۆشی دەکەوێتە دڵی خەڵکی.
4- دەبێتە مایەی پتەوبوونی سیفەتی خاکەڕایی لە مرۆڤدا.
5- ڕەزای خودایی بەدەست دەهێنی .
previous post
next post