ئافره‌تانی كوردستان، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیان سه‌رخست

زیــــــبا تـەهـــــــــــا*
له‌مانگی ئۆكتۆبه‌ردا، هه‌رێمی كوردستان قۆناغێكی مێژووی گرنگی تێپه‌راند و یه‌كێك له‌بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی دیموكراسی به‌رجه‌سته‌كرد، و توانی به‌شێوازێكی مۆدێرنانه‌ و سه‌ركه‌وتوانه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام بدات.
هه‌ڵبژاردن یه‌كێكه‌ له‌میكانیزمه‌كانی به‌ره‌وپێشچوونی سیسته‌می حكومرانی و سیاسی له‌ وڵاتدا، به‌تایبه‌ت بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌هاداربوو له‌به‌رهۆكاری دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ، له‌و ڕووه‌وه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌بێته‌ وه‌رچه‌رخانێك بۆ خێراكردنی كاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت ئه‌و پلان و پرۆژانه‌ی ده‌ستیان پێكراوه‌ و له‌قۆناغی ته‌واوبووندان.
به‌شداریكردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای بڕوابوون به‌ به‌شداریكردن له‌گۆرانكاری یاخود پێشخستنی پرۆسه‌ی سیاسی فاكته‌رێكی به‌هێزه‌ بۆ بنیادنانی داهاتوویه‌كی سه‌قامگیر بۆ وڵات. له‌م نێوه‌نده‌دا به‌شداری ئافره‌تان، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌باته‌ ئاستێكی باڵاتر و ده‌ریده‌خات كه‌ ئافره‌تان ده‌توانن به‌هه‌نگاوه‌كانیان كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌وپێشببه‌ن. ئافره‌تانی كوردستان به‌گشتی له‌كۆی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ڕۆڵێكی دیار و به‌رچاویان هه‌بووه‌، و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا جگه‌له‌وه‌ی وه‌ك كاندید به‌شداربوون، توانیان به‌رێژه‌یه‌كی باش به‌شداری له‌ده‌نگدان بكه‌ن و ببنه‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.
ئافره‌تانی كوردستان، هه‌میشه‌ توانیویانه‌ له‌هه‌ر قۆناغێكدا بێت، بوون و رۆڵی خۆیان بسه‌لمێنن و هۆشیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌ گۆراوه‌كاندا بكه‌ن، ئه‌م ئاستی به‌رزی هۆشیاری ئافره‌تان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ هێزی نه‌رمی ئافره‌تان ده‌توانرێت وه‌ك به‌هێزترین هێزی كۆمه‌ڵگه‌ پشتی پێ ببه‌سترێت و بكرێته‌ ناوه‌ند و چه‌قی وه‌رچه‌رخانی هه‌ر پرۆسه‌یه‌ك كه‌ ئافره‌تان یاخود كۆمه‌ڵگه‌ بیه‌وێت گۆرانكاری تێدا بكات، لێره‌دا گۆرانكاری به‌مانا ئه‌رێنیه‌كه‌ی دێت به‌و مانایه‌ی هێزی ئافره‌تان هێزی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ن و خۆگونجاندنه‌ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی سه‌رده‌م.
ئه‌گه‌ر سه‌یری رێژه‌ی‌ به‌شداری هاونیشتمانیان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ین، ده‌بینین كۆی گشتی به‌شداریكردن له‌ ده‌نگدانی گشتی و تایبه‌تدا، 2 ملیۆن و 8 هه‌زار و 972 كه‌سه‌، له‌و رێژه‌یه‌ 39%ی ده‌نگده‌ری نێره‌ و33% ده‌نگده‌ری ره‌گه‌زی مێیه‌. ئه‌م به‌شداریكردنه‌ ئاماژه‌یه‌كی بایه‌خداره‌ بۆ هۆشیاری و تێگه‌یشتنی ئافره‌تان له‌پرۆسه‌ی سیاسی و حوكمرانی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌م قۆناغ و بارودۆخه‌دا به‌ڕێژه‌یه‌كی ئاست به‌رز داده‌نرێت، و ده‌ریده‌خات ئافره‌تان كاتێك داوای یه‌كسانی ڕه‌گه‌زی ده‌كه‌ن له‌سه‌رجه‌م بواره‌ جیاوازه‌كاندا، دواتر به‌ كردار ده‌یسه‌لێمنن و جه‌ختی له‌سه‌رده‌كه‌نه‌وه به‌تایبه‌ت له‌و كاتانه‌ی وڵات پێویستی به‌ بونی ئافره‌ت هه‌یه‌، ئه‌وان كارایانه‌ و به‌رپرسیارانه‌ به‌شداری ده‌كه‌ن و ڕۆڵی خۆیان ده‌بینن، له‌به‌ر ئه‌و دنیابینیه‌ی ئافره‌تان بۆ نیشتمانسازی ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ش بنه‌ماكانی یه‌كسانی بچه‌سپێنێت و دادپه‌روه‌رانه‌ مافی ئافره‌تان جێبه‌جێ بكات.
یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان، هه‌رله‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌قۆناغی پێش ده‌ستپێكی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌، پلانێكی ستراتیژیی بۆ خۆئاماده‌كردنێكی سه‌ركه‌وتوانه‌ ئاماده‌كرد و له‌رێگه‌ی چه‌ند تیمێكه‌وه‌ توانی ده‌ست به‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ بكات. كاركردنی تیمه‌كانی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان له‌و دیدگایه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن كار له‌سه‌ر سه‌رخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كات له‌رێگه‌ی به‌شداریكردنی هاونیشتمانیان بۆ ده‌نگدان. به‌رده‌وام له‌رێگه‌ی چالاكی و ئه‌كتیڤیتی هه‌مه‌چه‌شنه‌وه‌ تێكه‌ڵ به‌جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ران ده‌بوو بۆئه‌وه‌ی زیاتر هانی جه‌ماوه‌ر بدرێت بۆ چوونه‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان، و له‌ڕێگه‌ی ئه‌و پرۆسه‌ دیموكراسیه‌وه هه‌رێمی كوردستان بپارێزرێت. له‌و سۆنگه‌وه‌ بوو كه‌ یه‌كێتی ئافره‌تان توانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و به‌شدارییه‌كی ئاست به‌رز، ئه‌و ڕێژه‌ به‌رزه‌ی ئافره‌تان بهێنێته‌ سه‌ر‌ سندوقی ده‌نگدان و له‌ڕێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵبژێرن.
ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان جێگه‌ی بایه‌خه‌‌، ئه‌و بڕوابوونه‌ی ئافره‌ته‌ به‌خودی خۆی وه‌ك هاونیشتمانیه‌ك و وه‌ك تاكێكی كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ پێی وایه‌ ده‌توانێت به‌هه‌ر شێوازێك بێت به‌شداری له‌پێشخستنی پرۆسه‌ی سیاسی بكات و ببێته‌‌ كاره‌كته‌رێكی سه‌ركه‌وتووی پرۆسه‌كه‌. به‌هه‌مان شێوه‌ ڕێژه‌ی كاندیدبوونی ئافره‌تانیش به‌368 به‌رامبه‌ر به‌ 823ی پیاوان، جارێكی دیكه‌ ئه‌و وێنایه‌ پیشانی جیهان ده‌دات كه‌ ئافره‌تانیش له‌هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی سه‌ره‌كین له‌پرۆسه‌ی سیاسی و دانانی ستراتیژی پێشكه‌وتنی كوردستان، و به‌هاوشانی پیاوان ده‌توانن هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكی سه‌ركه‌وتووتری ده‌وڵه‌تداری ببه‌ن و فاكته‌ری سه‌ره‌كی سه‌رخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بن.