دۆخی ناسكی كوردستان و سوعبەتەكانی یەكێتی

مەشخەڵ كەوڵۆسی
پەندێكی كوردی هەیە دەڵێت: نیوەی سوعبەت ڕاستییە. یانی ئەوەی كە تۆ بە سوعبەت دەری دەبڕیت، لەڕاستیدا نیوەی ڕاستییە و حەز و ئاوات و بەرنامەی دڵخوازتە، لەكاتێكدا ناتوانیت بە ئاشكرا و ڕاستەقینە وڕاستەوخۆ كاری لەسەر بكەیت، بە ناڕاستەوخۆ و لەشێوەی سوعبەت ڕایدەگەیەنیت.
لەوە تێدەگەین كە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدیداری مێری گوتی: لە هەڵمەتەكان نوقورچكمان لەیەكتر دەگرت و سوعبەتمان دەكرد.
دەزانین كە لەسەرجەم هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن لەدنیادا، سیاسییەكان بەشێوەی ئەنقەست كۆمەڵێك بابەت، دەستەواژە و، دۆسیە و كەسایەتی جیاجیا دەكەنە مەسەلەی زاڵ و تاكتیكی پڕوپاگەندەیی خۆیانی لەسەر دادەڕێژن، دواتر و لەدوای كۆتاییهاتنی هەڵمەتی هەڵبژاردن، ئەوەی زاڵە، لۆژیكی سیاسەت و بەرژەوەندییە. ئەوەی زاڵە زمانی دیپلۆماتی و هاوسەنگی هێز و دروستكردنی حكومەتی خزمەتگوزارە.
پەندێك هەیە دەڵێت: منداڵەكان بە سوعبەتەوە بەردیان دەهاویشت، بەڵام بۆقەكان بەڕاستی دەمردن.مەبەست لەوەیە ئایا دۆخی بۆقەكان بەرگەی سوعبەتەكان دەگرێت؟ ئایا بارودۆخی ژیانی بۆقەكان ئەوەندە بەهێزە بەرگەی بەردی منداڵەكان بگرێت؟. ئەمە ئەو پرسیارەیە كە پێویستە بەرلەوەی سوعبەت لەگەڵ دۆخی كوردستان بكرێت، زۆر بەوردی دیراسە بكرێت و، لە سۆنگەی دڵسۆزی بۆ كوردستان و ئینتیما بۆ نەتەوەی كورد وەڵامی بدرێتەوە.
ئەگەر سوعبەتەكانی هەڵبژاردن بۆ هەموو وڵاتێك گونجاوبن، بەبێ گومان لەكوردستان بەو ڕادە و بەو توندوتیژییە، بەهیچ شێوەیەك گونجاو نین، لەبەر ئەم هۆكارانە:
یەكەم: كوردستان وڵاتی سەربەخۆ نیە و، هیچ گرەنتییەك نیە بۆ ئەوەی دۆخەكەی تێكنەچێت.
دووەم: كوردستان سیستەمی شلی هەیە و، ڕەنگە هەر بەوەی دوو لایەنگری حیزبەكان لەكوێرە گوندێكی كوردستان تفێك بكەن لەیەكتر، دۆخەكە لەكۆنترۆڵ دەربچێت. هەروەك ئەوەی لە 1993 بەهۆی كوشتنی قازێكەوە شەڕی نێوان یەكێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی ئیسلامی هەڵایسا و بەسەدان كەس كوژران و، بەدەیان ملیۆن دۆلار زیانی لێكەوتەوەو، ئیتر ئەو زامە هەر ساڕێژ نەكرا. سیستەمەكە بەرگەی سوعبەت ناگرێت.
سێیەم: هەندێ بابەت لەئارادان، پێویست بەوە دەكەن نەك هەر سوعبەتی مەترسیدار لەگەڵ یەكتر نەكەین، بەڵكو چاو بنوقێنین لە زۆربەی هەقەكانی خۆیشمان بۆ ئەوەی كوردستان تێكنەچێت و، ئەو بابەتە درگا نەكاتەوە بۆ دەستتێوەردانی لایەنەكانی تر و، وەك كوردەواری دەڵێت: نان وپیازی پێوە نەخورێت.
سەركردایەتی نوێی یەكێتی نیشتمانی، هەر بەوەندەی كەناوی لەخۆیناوە سەركردایەتییەكی نوێ، پێویستە وشیارتربێت لەوەی خۆی و كوردستان سەرقأڵ بكات بەكۆمەڵێك بابەتی بچوكی ناوخۆییەوە.
بەشبەحاڵی خۆم پێم خۆش بوو سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی لەدیداری میری گوتی: لایەنەكان ستراتیژیان نەبوو. مادەم وایە، ئێمەش بۆمان هەیە چاوی سەرنج بخەینە سەر ئەدای ئەو سەركردایەتییەو لێی بپرسین: لەكام دۆسیەی هەستیاری ناوچەكەدا جەنابتان ستراتیژتان هەیە؟ ئایا دۆخی ناوچەكە ئەوەندە هەڵناگرێت هەمووان پێكەوە بیر لەئایندەی كورد بكەنەوە؟ بۆچی سەرنجتان لەسەر كۆمەڵیك بابەتی ناوخۆیی بۆ ڕازیكردنی شەقام و سۆسیالمیدیابێت، بۆچی هەمان بایەخ نادەن بە ئایندەی كورد لەدوای نیشتنەوە تەپوتۆزی گۆڕانكارییە گەورەكەی ناوچەكە؟
ئەگەرچی یەكێتی بەسوعبەتەوە ختوكەی برینە شاراوەكانی كوردستانی دابێت، بەڵام من ترسی ئەوەم هەیە جەستەی هەلاهەلای كوردستان بەرگەی ئەو سوعبەتە نەگرێت و، بۆقەكانی من بە ڕاستی بمرن.