یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

سەردەمی گوتاری لۆژیکی و بای بای لەپۆپۆلیستی و هاش و هوش

پ.د.نەزاکەت حسێن
هەموو هەڵبژاردنێک زۆرینەی خەڵک تەنها چاوی لەسەر ژمارەو دەنگ و کورسی و براوەو نەبراوەکانە، لەناو کۆنتێستی هەموو هەڵبژاردنێک چەندین پەیام و ئاماژەو مانا لەگەڵ هاتنە دەرەوەی دەنگەکان لەسندوقەکان دێتە دەرەوەو بەوناوەدا بڵآودەبێتەوە بۆ شیکاریەکان و چاودێرانی سیاسی و توێژەران و نوسەران. رەنگە کەم بن ئەوکەسانەش لەناو ئەمانە چاویان بکەوێتە سەر ئەوپەیام و ئاماژانە وهەڵیانگرنەوە ولێیان وردبنەوە شیکاریان بۆ بکەن. ئەم ئاماژەو پەیامانەش لەخۆیانەوە لەدایک نابن بەڵکو لەدەرنجام ئەودەنگ و کارەکتەرو براوانەی هەڵبژاردنەکە وە دەردەچن، کە دێیت شیکاردەکەیت کێن ئەوانە براوەن، لەچ ناوچەیەک براوەن، چ تەمەنێکن دەنگدەران، سایکۆلۆژیای دەنگدەرو سایکۆلۆژیاو رەفتاری ئەوکەسانە کە دەبنە کاندیدی سەرکەوتوو ئەوەمان پێ دەڵین کە چ پەیام و گوتار و ئاماژەیەک دەرژێتە مەیدانی هەڵبژاردنەکەوە. لەچەند خولی رابردوودا گوتارێکی پۆپۆلیستی و عەبەسیەت و هاش و هوش و هات وهاوارو جنێوفرۆشی باڵی کێشابوو بەسەرهەندێک دەڤەری ئەم هەرێمەی کوردستاندا ، بتویستایە ناوبانگت هەبێت و دەرکەویت و بۆ پەرلەمان دەرچیت دەبوو جنێو فرۆش بیت وبتوانیت هاواربکەیت و دەنگت بەرزبێت و ژمارەو داتا ریزکەیت ئەگەر درۆش بوایە گرنگ دەنگت بەرزبوایەو ترش و خوێیەکی جنێوت پێوەبکردایە ئیتر خەڵک چەپڵەیان بۆ لێدەدایت و کاندیدی سەرکەوتوشبویت. بەهاتنی سۆشیاڵ میدیا و کەوتنە بەردەستی هەموو فۆرمەکانی بۆ هەموو خەڵک ئەم پۆپۆلیستی و هات و هاوار و قسەی زرق برق کردنە یەکجار رەواجی پەیداکرد، چونکە لایک و ڤیوو شێرو کۆمێنتی زۆردەبوو. لێرەوە ئیتر ساڵانێکە ئەم نۆرمە ناسروشتی و نەخوازراوە زاڵ بوە بەسەر کۆمەڵگەدا،تاگەشتە ئەوەی سەرکردەی هەندێک پارت و لایەنیش بەدوای ئەم قسە سوک و هەرزانانەدا دەگەڕان لەکاتی هەڵبژاردندا،ئەوەبوو لەم هەڵبژاردنە دروشمی بەشێک لایەن جگە لە قسەی پۆپۆلیستی و سوک هەرزان و دەنگی بەرز هیچی تر نەبوو. بەڵام دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان پێی وتین کە گوتاری هاوسەنگ و دروشمی قورس و گران و پڕ مانا و پاکیجی خزمەتگوزاری و ئارامی پێشوازی لێکراوبوو، تەنانەت ئەو کاندیدانەش لەسەر هەمان ریتمی پۆپۆلیستی وجنێو و هات وهاوار بانگەشەیان بۆ خۆیان کرد بە شکستەوە گەڕانەوە ماڵەوە. بەمە دەتوانین بڵێن ئیتر قۆناغی هات و هاوار و جنێو و پۆپۆلیستی خەریکە خۆری ئاوادەبێت وگوتاری لۆژیکی و عەقڵانی پێشوازی لێدەکرێتەوە. ئەمە یەکێکە لەوئاماژەو پەیامانی کەلەم هەڵبژاردنە لەدایک بوو لەوتاری داهاتومان ئاماژەو پەیامی تری لەدایک بووی سندوقەکانی دەنگدان شی دەکەینەوە.