هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

‎ کەوتنەخوارەوە ‎لەسەر قولەی بەرزی خەیاڵات

‎هاودەنگ فارووق
‎چەند ساڵە یەكێتی و هاوئاوازەكانی، شەڕێكی دەروونی زۆر گەورەیان لەدژی پارتی و حكوومەتی كوردستان و خەڵكی كوردستان بەرپا كردووە.
‎هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان، لابردنی كۆتا و ئەو ستەمە گەورەی لەپێكهاتەكان كرا، دواتریش هێنانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و، ڕیكلامێكی زۆر گەورە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارە، لەبەرژەوەندیی ئەوانە و بەخەیاڵی پڵاوی خۆیان پارتی سەرناکەوێت و جەماوەرەكەی پشتی تێدەكەن.
‎پێشی هەڵبژاردن، حیزبە وەلائییەكان بەپشتیوانی یەكێتی هەڵمەتێكی بێئامان و زەبەلاحیان كرد گوایە لەم هەڵبژاردنەدا، پارتی بچووك دەبێتەوەو، ( زرمەی كەوتنی پارتی دەگاتە چین) نەیارەكانی پارتی گرەویان لەگەڵ یەكتر دەكرد و، نوقڵانەی ڕووخانیان لێدەدا و، پێیان وابوو جەماوەری پارتی، ئیتر پشتی پارتی بەردەدەن.
‎سەرجەم حساباتەكانیان لەسەر ڕووخان كردبوو، وەك دەڵێت: قازانجەكەیشیان بەش كردبوو.. بەڵام وەكو كورد دەڵێت: مادەم خەیاڵە باچەورتر بێت، ڕۆژی هەڵبژاردن، تەواوی خەونەكان، خەیاڵاتی ڕووخانی پارتی لەلایەن جەماوەری كوردستانەوە خرانە ژێر خۆڵ.. ئەوەی لای یەكێتی و ئارێزەكانی خەیاڵبوون، لای جەماوەری كوردستان بەتاڵكرایەوە.
‎بۆیە ئارێز، ناهەقی نییە، شۆكە و تای ئەو شۆكە، هێشتا بەری نەداوە، شۆكی پەرتبوونی حسابات و، شۆكی كەوتنە خوارەوەی خۆی و سەرۆكەكەی لەسەر قولەی بەرزی خەیاڵات، مێشكی دای بە تاشەبەردێكی چیایەكی سەركەشی كوردستاندا و، ئیدی بەشێك لە ئەقڵ و فامی لەدەستدا.
‎حەسرەتی یەكەمبوونەوەی پارتی، خەونی زڕاندن، كەوتنە خوارەوە لەو قولە بەرزە، ڕابوونەوە لەخەونی شیرینی لەمێژینەیان، توشی هیستریای كردوون. جەماوەری كوردستان، بۆ جارێكی دی سەلماندییەوە، كە هیچ پیلانێك، هیچ هێرشێكی دڵڕەشانە، هیچ دەزگایەكی هەواڵگری و هیچ نەیارێك ناتوانێت پارتی و گەلی كوردستان لەیەكتر دووربخاتەوە. هیچ فیڵێك و هیچ ئیرادەیەك نییە، بتوانێت تاكە یەك بست خەڵكی كوردستان لەپارتی دوور بخاتەوە. دەی ئیتر چۆن نەیارەكان ئەقڵیان لەدەست نادەن؟ پوختەی كەلام بۆ هەموو ئەوانەی وەكو كاك ئارێز بیر دەكەنەوە، پارتی خاوەنی دۆزی ڕەوای نەتەوەو نیشتمانە،متمانەی گەلی كوردستانی لەپشتە، با ئەوانیش پرسیار لەخۆیان بكەن كێیان لەگەڵدایە، كە لەكن هەمووان مەعلومە پشتیان بەكێ قایم بوو!! با ئاوڕێكیش لە هەفتەیەك پێش ئەمڕۆ بدەنەوە، سەرانی حزبەكە چیان لە بارەی هەڵبژاردنە نەزیهەكە دەگوت و دوای شكستەكەی ڕۆژی ٢٠ی ئۆكتۆبەریش چ دووڕووییەكی نائەخلاقییان لێ دەبینین، لە ئەنجامی ئەم دووڕوویی و پاڕادۆکسە هەموو گەلی كوردستان تێدەگەن كە ئەوەی ئێوە دەیكەن ، سیاسەت نییە، خەڵك گەوجاندن و وەهمی درۆ و دراوە.