حکوومەتێک بۆ تەبایی و پێکەوەژیان

شێرکۆ حەبیب
هاووڵاتیانی کوردستان لە چاوەروانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن دوای پرۆسەی هەڵبژاردن و هەژمارکردنی دەنگەکان، هەڵبەتە دوای ئەوەی لە میانەی بانگەشەی هەڵبژاردن چەندین لایەن هەڕەشەیان لە پارتی دەکرد بە گۆرین و ئەی روخێنین و لە ناوبردن و ئیتر بەسە، بەڵام سەرجەم ئەو هەڕەشە و تۆمەتە بێ بنەمایانە وەک بلقی سەر ئاو بوو، هەر وەک عەرەب گوتەنی (انقلب السحر علی الساحر) ئەوەی هەوڵیان دا بۆ شکستی پارتی خۆیان دووچاری هاتن، پارتی سەربەرزانە دەنگەکانی لە لایەک و ئەوانی تر لە لایەکی دیکە، پارتی ئەوەی سەلماند کەوا هەردەم پێشەنگ و جێگای متمانەی میللەتە، ئیتر با بەس بێت دووبەرەکی و بەکارهێنانی زوبانی زبر، ئەمجارە هەر وەک ئەوان گوتیان کۆمسیۆنی عێراقە هی ئەوان نییە کۆتا هی ئەوان نییە. مردوو دەنگ نادەن، ساختەکاری ناکرێت، لەو باوەڕەدانەبوون پارتی ئەو سەرکەوتنە مەزنە بەدەست بهێنێت و لەو باوەرە دانەبوون کەوا پارتی لەهەر شوێنێک زۆرینە بێت کورسییەکان بەها و نرخیان زێدە تر دەبێت. لەو باوەڕە نەبوون پارتی لە دڵی میللەتدا دەژێت.
لای هەمووان روون و ئاشکرایە. کە پارتی زۆرینەیە و حکوومەت پێکدەهێنێت لەگەڵ لایەنێک یا چەند لایەنی دیکە، نەک لەبەر ئەوەی پارتی دەنگی پەنجا کۆ یەک نییە بەڵکو بارودۆخی و پێکهاتەی کوردستان وا دەخوازێت کە حکوومەتێکی بنکە فراوان پێک بێت، پارتی لە کابینەی پێشوو دەیتوانی حکوومەت بەتەنها پێکبهێنێت بەڵام بەرژەوەندی گشتی لای پارتی گرنگ تر بوو. توانی لە میانەی کابینەی نۆ کە لایەنەکانی پێکهاتەی حکوومەت دژایەتیان کرد بەو هیوای حکوومەت شکست بێنێ، بەڵام دڵسۆزی و کاریزمای سەرۆکی حکوومەت و تیمەکەی توانیان سەرکەون بەسەر هەموو ئەو بەربەستانە.
ئەمرۆش پارتی دوای ئەو سەرکەوتنە مەزنە هەردەم وەک برا گەورە هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بنکە فراوان دەبێت لە ڕوانگە و دیدی بەرژەوەندی گشتی، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن لە حکوومەت دەبێ بە گیانێکی تەبایی و برایەتی و دوور لە خواست و بەرژەوەندی تاکە حزبی بەشدار بن، دوور لە دروشمی بریقدار و مزایەدەکردن، نەک هەمان دروشمی بانگەشە هەڵبژاردن کە ئاکامەکەی ڕوونە و نابێ بەشداری حکوومەت بن تا کۆتایی دەوامی ئاسایی ڕۆژانە و دوای دەوام ببن بە ئۆپۆزسیۆن و دژایەتی حکوومەت بکەن، بەڵکو دەبێ بە یەک هەڵوێست خزمەتی میللەت بکەن و دەبێ پێکهێنانی حکوومەت لەسەر ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێت نەک (پاروی گەورە داوا بکەن).
هەروەها دەبێ ئۆپۆزسیۆنیش ئۆپۆزسیۆنێکی سەردمیانە بێت ڕەخنەکانی لە بەرژەوەندی میللەت بێ نەک هەر تەنیا دژایەتی حکوومەت بێ و دوور لە خواستی میللەت .
پارتی هەردەم بە دیدێکی پێکەوەژیان و تەبایی دەستی بۆ لایەنەکان درێژ کردووە، بەرژەوەندی کوردستان و میللەتەکەی زاڵە بەسەر بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی، بۆیە گرنگە لایەنەکانی دیکە ئەو هەڵوێستەی پارتی بەهەند وەربگرن کە سەرەڕای ئەو دژایەتیەتی پارتی بۆتە پیشەیان، بەڵام بینیمان لە پەیامی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی لەگەڵ یەکریزی و پێکەوە کار کردنن، ئەم هەڵوێستەی پارتیش لە ساتێکە کەپێگەی پارتی لەو پەری بەهێزی و سەرکەوتن دایە.
میللەت هەمووی چاوەروانی حکوومەتێکی بنکە فراوانە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و دابینکردنی سەرجەم مافەکانی گەلی کوردستان، نەک بارودۆخەکە ئاڵوز بکەن بکەوینە بەردەم هەڵبژاردنێکی دیکە.