وەرن سلێمانی ڕزگار بكه‌ین

‎كاوە میران

‎سلێمانی، كام سلێمانی؟ شورای بەرزی كوردایەتی و پایتەختی ڕۆشنبیری و دارولمولكی بابان، سلێمانی، شاری هەڵمەت و قوربانی و ڕەمزی بەرخۆدان، سلێمانی دایكی كوردایەتی و بەگژاچوونەوەی ستەم، سلێمانی ڕەمزی ئازادی و ئازایەتی.
‎سەرجەم خەسڵەتە جوانەكانی خەبات و قوربانیدان و پێشكەوتن و كرانەوە.. لەسلێمانی بوو، پێش ئەوەی بایەقوشی سەوز بێتە سەر ئەو شارە و، شەقوەشێنێت جڵەوی قەدەری بگرێت، سلێمانی پەناگەی ئازادیخوازان و، میدیای ئازاد و قەڵەمی داهێنەرانە و، مۆدیلە نایابەكانی ژیان بوو.
‎بافڵ هەموو شتێكی ڕەش كرد. شیعر و قەڵەمی گریاند، دەستی خستە بینەقاقای داهێنان… ئەژنۆی شانۆی شكاند.
بافڵ شەقێكی هەڵدا لە ئاسمانی شار و،هەموو مێژووی سڕییەوە، یەك بەیەك مەدالیاكانی ئازایەتی لە سنگ و بەرۆكی سلێمانی لێكردەوەو، دەیەوێت سلێمانی دەستەمۆ بكات، سلێمانی، كڵپەی فكر سلێمانی، هەژموونی وشە، سلێمانی، سەدای ئازادی.
سلێمانی نەعرەتەی مەردایەتی.
‎بافڵ سلێمانی كردووه‌تە جنێوخانە و ئیڕهابی فكری، لەسەر سنگی سەهۆڵەكە خوێن دەتكێت، لەكوێ كاسبێك ، بەقاڵێك، چایەچی و لەفەفرۆشێك هەبوو گوللەیەكی پێوە دەنرێت.
لەكوێ شاعیرێك هەبوو، لەحامیەكەی سلێمانی دەكوژرێت.
لەكوێ باسێكی كوردایەتی هەبوو، دەفرۆشرێت، لەكوێ خەباتێك هەبوو مشتەری بۆ پەیدا دەكرێت.
‎سلێمانی ئێستا، جێگەی پیاسەی ڕەیان كلدانییە.!
سلێمانی ئێستا، بەرزە پێ لەبەر یابەكان هەڵدەستێت و، هەر بە جامانەكەی ملیان دەستی كوردانی ڕۆژهەڵات دەبەستێ و تەسلیمی پەتی سێدارەیان دەكاتەوە، سلێمانی، بووەتە منداڵدانی ترس، درۆن.. لەم دیمەنە، سالم تاساوە، ناوی خۆی لەسەر ئەو شەقامە دەسڕێتەوە كە لەسەری كاسبەكان دەكوژرێن، سنەوبەرەكانی گۆیژە پرچی خۆیان دەڕنن و، هاواردەكەن، ئاگر خواردینی، بوینە سوتماك، ئاسمانی سلێمانی ڕەش، ڕەش وەك خەڵوز، نە گۆرانی ماوەو، نەشانۆ و، نە داهێنان.
‎سلێمانی ئەبێ ڕزگار بكرێت، سلێمانی چ گوناهێكی هەیە، هەڵتۆقیوێكی پیاكەوتوو، بڕیار لەقەدەری بدات. بەخشراوێك كەلە بەریتانیا مافی مۆڵەتی شۆفێری نەدرایە، ئۆتۆمبیلێك لێبخوڕێت، ئێستا چۆن دەبێت، بڕیار لەچارەنووسی شارێك بدات.
سلێمانی لەچاوەڕوانی دەنگی بەڵێیە بۆ لیستی 190بۆ ئەوەی ئاوەدانی و ئاواز و، جارێكی تر لەشەقامی سالم كەرنەڤاڵی ڕەنگەكان ساز بكرێت، نەك تەنها كەرنەڤاڵی سوری خوێنی كاسبەكانی بەسەر شان و ملیدا بێنە خوارێ.