یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

بافڵ لە تێكشكاندنی بەهاكانەوە بۆ تێكشكاندنی زمان

‎ كاوە میران

ململانێی بافڵ لەگەڵ دەوروبەریدا، هەموو سنورێكی بەزاندووە، بافڵ لەگەڵ ناخی خۆیشیدا تەبا نیە و، هیچ كەس و هیچ شتێك لە عەبەسیەتی بافڵ پارێزراو نیە.
بافڵ تەنانەت ماڵەكەی خۆییشی وێرانكرد و، شیرازەی بچڕاند. تەواوی سەركردە دێرینەكانی حزبەكەی بەلاوە نا، تەنانەت بابەگەورەی منداڵەكانی خۆی بەخراپترین شێوە دەركرد و، ململانێی حزبی هێنایە ناو خێزانەكەی خۆیشیەوە.
بافڵ هەموو بەها جوانەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی پێشێلكرد و، لەبری ڕێز و ڕێزداری، خەزوری خۆی لەحزب دەركرد! تێكشكاندنی بەهاكانی كۆمەڵگەی كوردستان، دیارترین خاڵی جیاوازی یەكێتییەكەی بافڵە… ئەندامەكانی یەكێتی هەست دەكەن، هیچ شتێك لە خەشم و عەبەسیەتی بافڵ نایان پارێزێت. كەچی بەو حاڵەوە دێت و، باس لە بەهاكان دەكات و، قیڕە قیڕ دەكات، شەق بەهەوادا دەدات، لەبەرچاوی هەموو خەڵكی كوردستان ولەسەر شاشەی كەناڵەكان ڕەفتاری وادەكات هەموو ئەندامێكی بەحورمەتی یەكێتی لەبەرخۆیەوە دەڵێت: ئەزی تێدا شەرمەزارم.. لەكاتێكدا ئەو ڕەفتارە لەلای مرۆڤی كورد، ترۆپكی بێ ڕێزییە.
لەتێكشكاندنی بەهاكانی كۆمەڵگەی كوردییەوە، بافڵ پەلی كوتاوە بۆ تێكشكاندنی زمان.. دوژمنایەتی بافڵ لەگەڵ كورد تەنها بەوەندەوە ناوەستێت كە بەها كۆمەڵایەتییەكانی تێكبدات، بەڵكو ڕێساكانی زمانەكەیشی گرتۆتەوە. تێكدانی وشەكان بەشێوەی ئەنقەست و، ئەتككردنی زمانی كوردی، دیاری دەستی بافڵە بۆ شاری ڕۆشنبیری.. زەبرو زەنگی بافڵ لەسەر سلێمانی بەئەندازەیەكیشە، هیچ نوسەر و ڕۆشنبیرێكی شاری ڕۆشنبیری، جورئەتی ئەوە ناكات دەنگ بەرز بكاتەوەو، بڵێت: بافڵ بوەستە، زمانەكەمان ماوە ئەویش ئەتك مەكە.
تاریكستانی ڕۆشنبیری كاتێك بەئاشكرا دەبینرێت، لەناو پایتەختی ڕۆشنبیریدا، بافڵ بەئەنقەست لەبری بوركان بڵێت بورهان، لەبری وشەی شاسوار كەوشەیەكی پوختی كوردییە، بڵێت: شامسار و، هیچ دەنگێكی ناڕەزایش نەبینین بۆ بەرگری لەزمانی كوردی.
بافڵ بوەستێنن، ئەگینا هیچ پیرۆزییەكی كورد نامێنێت ئەتكی نەكات…