‎ زوڵم لە پێکهاتەکان

‎هاودەنگ فارووق

3
‎لەم کاتەدا کە هەمووان چاوەڕێی ئەوە بوون مافی هەموو خاوەن مافێک بدرێت، گلەیی و گازندەی هەمووان چارەسەر بکرێت، دەرگای فراوانتر و ئاسۆی ڕوونتر بکرێتەوە… هەر لەم چرکەساتەدا، یەکێتی هات و پەڵپ و بیانووی بە پشکی پێکهاتەکان گرت و سەرجەم مافەکانی لێ وەرگرتنەوە.
‎یەکێتی دەستی خستە دەستی شۆڤێنییەکان و لە دژی مافی پێکهاتەکان هەماهەنگی دەستی پێکرد. یەکێتی خەنجەری وەشاند… یەکێتی ئاپارتمانی هیواکانی پێکهاتەکانی ڕووخاند. ئەوەی یەکێتی کردی نەک تەنها لە دژی کورسی کۆتاکان بوو، بەڵکوو هەناسەیەکی شۆڤێنی بوو لە دژی هەر ڕۆڵ و پێگەیەکی نەتەوە جیاوازەکان و بێبەشکردنیان لە مافی ڕەوای خۆیان.
‎ئەوەی ڕوویدا، کەتنێکی گەورە و لە خەیاڵدانێکی مەترسیدارەوە هەڵقوڵابوو. ئەوەی ڕوویدا داخستنی دەرگاکانی ئومێد و تەسککردنەوەی قەبارەی پێکهاتەکان بوو. ئەوەی ڕوویدا، ناهەقی بوو بەرانبەر ڕۆڵە دێرین و ڕەسەنەکانی نیشتمان. ئەوە بەر لەوەی موئامەرە بێت لە پارتی، موئامەرە بوو لە بوون و مانەوەی پێکەوەژیان لە کوردستاندا.
‎بۆیە ڕۆژی دەنگدان، دەبینن چۆن ڕۆڵەکانی نیشتمان… تورکمان و کلدوئاشوور و کاکەیی و ئەرمەنی و سەرجەم چین و توێژ و ئایین و ئاینزا و نەژادەکان، دەبنە یەک دەنگ و یەک ڕەنگ و دەڵێن بەڵێ بۆ ١٩٠ و ئەو غەدرە مێژوویی و مەترسییە لەسەر خۆیان لا دەبەن کە یەکێتی دروستی کرد.

ھەواڵی زیاتر