تێپەڕین لە نێوانڕەش و سپی

یونس محەمەد

ئەو درووشمانەی یەکێتی و بافڵ بەکاری دەهێنن، دەستەواژەی وەک “لەناو دەبەین”، “دەوستین”، “کۆتایی دەهێنین”، “شەڕی ستەم دەکەینەوە” و هتد، جەخت لەسەر ململانێ و دژایەتی دەکەنەوە، ئەویش لە ژینگەیەکی وەک کوردستان کە دانیشتووانەکەی لە دەست قەیرانی شەڕی داسەپاو و نامۆڕاڵییەوە ماندوونە. کەچی ئەم زمانی گوتاری پۆپۆلیستی و درووشمە ڕووخێنەرانە پاشەڕۆژێکی تووندوتیژ و پڕ لە ئاژاوە وێنا دەکات و ترس و نادڵنیایی و ناسەقامگیری دەخۆڵقێنێ.
پشتبەستنی یەکێتی بە درووشمی شەڕانگیزانە، لێکتڕازانی زیاتری لێ دەکەوێتەوە و کەشی سیاسیی ناو کوردستان بەرەو ئاقارێکی ئاڵۆزتر دەبات و ڕێخۆشکەڕە بۆ چەسپاندنی جەمسەرگیری لە کایەی سیاسیدا. لە سەردەمێکدا کە ئارامی و پێکەوەبوون بۆ پێشکەوتنی دۆخی ئێستای کوردستان زۆر گرنگە، ئەم پەیامە شەڕانگێزانە، پەروەردەکردنی کولتووری دژایەتییە.
ئەم جۆرە زمانە جەخت لەسەر ستراتیژی ڕەش و سپی دەکات کە تیایدا لایەنێک دەبێت لایەنەکەی تر “لەناو ببات” یان “بوەستێنێت”. دەرفەت بۆ گفتوگۆ، سازش و هاوکاریکردن ناهێڵێتەوە. لە دۆخێکی ئاوادا، کەس متمانەی بە کەس نامێنێ و بێهیواییی سیاسی باڵ بەسەر هەموو شوێنێکدا دەگرێ.
کاتێک سەرکردە سیاسییەکان زمانێکی شەڕخوازانە و تاکڕەوانە بە کار دەهێنن، سیاسەت دەبێتە سەنگەرێک، نەک فەزای دیالۆگ و چارەکردنی کێشەکان. ئەم ڕێبازە هانی خەڵک دەدات کە بە شێوەی ڕەش و سپی سەیری دیمەنی سیاسی بکەن، ئەمەش هیوای چارەکردنی ئاشتیانەی پرسە درێژخایەنەکان کەم دەکاتەوە.
کوردستانیان پێویستیان بە باشکردنی باری ئابووری و سەقامگیری و چاکسازییە نەک سووڕی بێکۆتایی لە کۆتاییپێهێنان و ڕووبەڕووبوونەوە. ئەو درووشمانەی یەکێتی بەرزی کردوونەوە شکست بە پرسی چارەکردنی ئەم پێداویستییە قووڵانەی کۆمەڵگای مەدەنی دەهێنێ.
زۆر کەس بە تایبەت نەوەی گەنج و ئەو خێزانانەی کە بە ناسەقامگیریدا تێپەڕیون، بە دوای ململانێی زیاتردا ناگەڕێن. ئەوان بە دوای هیوا و پێشکەوتن و سەقامگیریی ئابووریدا دەگەڕێن. ئەو زمانە گرژەی یەکێتی بە کاری دەهێنێت، قسە لەسەر ئەم پێداویستییە دەروونیانە ناکات.
جەختکردنەوە لەسەر لەناوبردن و کۆتاییهێنان، ئەوە دەردەخات کە یەکێتی دیتگای ئەرێنیی نییە بۆ خزمەتی گەل و هەرێمەکەمان تا لانی کەم وەک درووشمیش بێ نیشانی خەڵکی بدات. تەرکیز لەسەر لەناوبردن دەکاتەوە بەبێ ئەوەی بە ڕوونی پلانێکی ئەرێنی بۆ ئەوەی چی بنیات دەنێن، دابڕێژن، کەلێنێک لە پەیامەکانیاندا بەجێ دەهێڵێت. کە دەشێ وا لێک بدرێتەوە، درووشمگەلی بێ ناوەرۆکی وەک (هەلی کاری باشتر، دەرفەتی زیاتر، باشترکردنی خزمەتگوزاری)، حەقیقەتی بێبەرنامەیی و هیچ لە دەستنەهاتووییان، بە جۆشدان بۆ پشێوی قەرەبوو بکەنەوە.
ژیانکردن و پێداویستییەکانی تاک و کۆمەل لەم سەردەمەدا، زەوینەی گەڕانەوە بۆ دەیەی نەوەتەکانی تێپەڕاندووە، شەقامی سیاسیی ئەمڕۆی کوردستانیش داوای پەیامی هیوا و یەکڕیزی و ئاوەدانکردنەوە دەکات، نەک شەڕ و دژایەتی.
بە باوەڕی من و خەڵکی سنووری ڕەنگاوڕەنگ بە تایبەت، دەبوو درووشم، پەیام و کارنامەی یەکێتییە نوێەکە وا بان کە چۆن ژیانی خەڵک باشتر دەکەن، نەک تەنها ئامانجیان ڕووخاندنی ئەو ئەزموون و دەستکەوتانە بن کە خەڵکی کوردستان خاوەنیانە.

ھەواڵی زیاتر