لەگەڵ دەسپێكی خوێندنی ساڵی تازەدا:چی بۆ ئەو قوتابیانە بكرێ كە نەخۆشیی شەكرەیان هەیە؟

شەهلا حەسەن كەریم

لەم رۆژانەدا ساڵێكی تازەی خوێندن دەستی پێكرد كە وێڕای ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە، بابەتێكی گرنگ و هەستیار هەیە پێویستە بە بایەخەوە هەڵوێستەی لەسەر بكرێ ئەوەیش وەرگرتنی ئەو منداڵانەیە كە تەمەنیان بووەتە شەش ساڵان و نەخۆشیی شەكرەیان هەیە و، بۆ ئەمساڵ لە ناوەندەكانی خوێندن، دەچنە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی.
كاكڵەی قسان لێرەدا چەند پرسیارێ خۆی قوت دەكاتەوە ئەویش ئەوەیە: ئایا ئەركی دایك و باوك بۆ ئەو منداڵانە چیە كاتێ منداڵەكانیان دەبەنە بەر خوێندن و بە جیهانێكی دیكەیان ئاشنا دەكەن كە ئەویش تێكەڵبوونیانە بە كۆمەڵێ ڕەنگ و دەموچاو و ڕەفتاری جیاواز كە پێشتر بەو شێوەیە تێكەڵیان نەبووە؟ ئایا كارگێڕی قوتابخانە و مامۆستایان چی بكەن و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو منداڵانە دەكەن كە تووشی نەخۆشیی شەكرەن و، لە ڕووی پەروەردە و پێگەیاندن و هەڵسان و دانیشتنەوە تایبەتەمەندی خۆیان هەیە و دەبێ ئەو تایبەتمەندیانە لەبەرچاو بگیرێ؟ ئایا رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوەندەكانی خوێندندا چییە، چۆن وا بكەن وشیاری زیاتر بەو منداڵانە بدەن كە تووشبوونی ئەو نەخۆشیەن و هەموو ئەوانەیش كە نەخۆشیی شەكرەیان نیە بزانن چۆن خواردنی تەندروست دەخۆن و چۆن خۆیان لەو خواردانانە بەدوور دەگرن كە مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروست دەكات و، هتد؟
هەڵبەتە گومان لەوەدا نییە قوتابییەکی تازە وەرگیراو، بەتایبەت ئەو قوتابیانەی تووشی نەخۆشی شەكرەن جا بە هەر هۆكارێكی بۆماوەیی یان ژینگەیی بووبێ، دەبێ دایك و باوك هۆشیار بن، لەوە تێبگەن كە لە سەردانیكردنیان بۆ قوتابخانە، حاڵەتی منداڵەكەیان لە كارگێڕی قوتابخانە نەشارنەوە و بێدەنگی نەنوێنن، با دوو رۆژی تر خوانەکردان، شتێك نەقەومێت و، سەرزەنشت نەكرێن، پێیان بڵێن: ئەی بۆ زوو قسەتان نەكرد؟ خۆ نەخۆشی، نەنگ و شوورەیی نییە بشاردرێتەوە! بۆیە لە ئاگاداركردنەوەی بەڕێوەبەر و دەستەی كارگێڕیی قوتابخانە و مامۆستایان چەندین رێوشوێن هەنە دەكرێ بیگرنە بەر، لە سەرووی هەموویانەوە كردنەوەی تۆمارێكی تایبەت بەو منداڵانە و ئاگاداركردنەوەی مامۆستایان كە رەچاوی بارودۆخی ئەو قوتابیە بكەن و بەوردی چاودێری بكەن بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە هەڵسوكەوتكردن و مامەڵەی گونجاو و دووركەوتنەوە لە هەڵچوون و بەسەردانەڕاندن كە زۆر جار ترس و خەم و خەفەت هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی شەكرە و تێكچوونی باری دەروونی ئەو قوتابیە، چ جای لەبەرچاوگرتنیان بۆ ئەو خواردنانەی لە فرۆشگاكان دەیكڕن و دەیخۆن؛ كە ئەسڵ وایە دایك و باوك هەر لە ماڵەوە خواردنی بێوەی (تەندروست)ـی بۆ ئامادە بكەن و پێی بدەن لەبری ئەوەی بچێتە فرۆشگا بۆ ئەو خواردانەی مەترسییەکەی لە قازانج زیاترە.
هەر لەم روانگەوە ئەركی وەزارەتی تەندروستییە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە ئاوڕی جدی لەو قوتابیانە بدەنەوە و لایەنی تەندروستییان تاوتوێ بكەن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنییش لە لایەن خۆیانەوە بەپێی توانا سیمیناری تایبەت بە وشیاری لە ناوەندەكانی خوێندن ئەنجام بدەن كە ئێمە بەش‌بەحاڵی خۆمان وەكو كۆمەڵەی منداڵانی تووشیاری نەخۆشیی شەكرە ئامادەگییەکی تەواومان تێدایە ئەو ئەركە لەئەستۆ بگرین و لەئەستۆمان گرتووە و هەوڵیشمان داوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا خێرخوازییەكان و وەزارەتی پەیوەندیدار كەلوپەلی پزیشكی بۆ قوتابیان دەستەبەر بكەین كە پێویستە لە هەموو قوتابخانەیەكدا ئەو پێداویستیانە بەردەست بێت.
لە كۆتاییدا دەڵێین: نابێ قوتابیانی شەكرەدار لە قوتابیانی ئاسایی جیا بکرێنەوە بەڵام پێویستە لە رووی دەروونی و تەندروستییەوە مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵ بكرێت.
سەرپەرشتیاری پەروەرددەیی و سەرۆكی كۆمەڵەی منداڵانی شەكرەدار

ھەواڵی زیاتر