دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

ڕێـــــگەی دیــــالۆگ

بایەزید سۆفییەکی دەگمەن بوو، لە تارمایییەک دەچوو لە ئاگر چێ کرابێت، هەمیشە نیگەرانیی لێ دەچۆڕا، ناوی هیچ کەس هێندەی ناوی بایەزید لە شیعری حەللاجدا نەهاتووە، هەرچەندە حەللاج پێی وابوو: (بایەزیدی بەستەزمان، ئەوپەڕی هەتا بەر دەرگای عەرشی خوا گەیشتووە.) چونکە ناوی بایەزید لە ناوی یەزیدەوە نزیکە، ئەو خەلیفەیەی قەسابخانەی بۆ نەوەی پەیامهێن ساز کرد، شاعیران ئەمیان بە ڕەمزی خێر و ئەویان بە هی شەڕ شوبهاندووە. بایەزید هێندە سۆفییەکی مەزن بووە، ئێستایش ئەگەر کەسێک کۆلکەسۆفی بێت و وەک سۆفییەکی گەورە خۆی نمایش بکات، پێی دەڵێن: خۆتمان لێ مەکە بە بایەزید! (بەلای دێرێکدا ڕەتبووم، ڕاهیبەیەکی تێدابوو، پێم گوت: شوێنێکی پاکژ هەیە نوێژی تێدا بکەم؟ گوتی دڵت خاوێن بکەوە و لە هەر کوێ دەخوازیت، نوێژ بکە.) ئەوە یەکێکە لە گوتە جوانەکانی بایەزیدی بەستامی.
وەک ڕۆمی دەیگێڕێتەوە، کە بایەزید گوتوویەتی، لە غەیری خوا، هیچی دیکە لە جبەکەمدا نییە، قوتابییەکانی ویستوویانە بیکوژن، بەڵام دەمی چەقۆکانی دەستیان، ڕووی لە سنگی خۆیان کردووەتەوە. هەر ڕۆمی دەڵێت: (کە بە زەردەشتییەکیان گوتووە، وەرە سەر ئایینی ئیسلام، گوتوویەتی: من لەوە لاوازترم بچمە سەر دینێک، قارەمانی وەک بایەزیدی تێدا هەڵکەوتبێت.) موحەممەد ئیقبالیش لە (جاویدنامە)دا بۆ ستایشی ئیسلام، سوودی لەو ڕازە بینیوە.
یەحیای کوڕی مەعاز کتێبێک بۆ بایەزید دەنێرێت و لەبارەی کتێبەکەوە بۆی دەنووسێت: (هێندەم لە جامی ئەڤینی خواردەوە، تەواو مەستبووم.) بایەزید وەها وەڵامی دەداتەوە: (بە چی سەرخۆش بوویت؟ هەیە زەریاکانی ئاسمان و زەمینی خواردووەتەوە و هێشتا تینوویەتی، هێشتا بە زمانی وەک پەڵاسەوە دەڵێت: ئاوی دیکەم بۆ بهێنن!) یەحیای کوڕی مەعازیش یەکێکە لە دیاردە گرینگەکانی سۆفیگەری، خەڵکی ڕەی بووە، ٨٧١ی زایینی لە نیساپوور کۆچی دوایی کردووە، (بەژنی گوتەکانی زراڤ بوون، لەسەر زار و بە گوێ خۆش بوون، بۆ خواپەرستییش بەسوود بوون.) یەحیا دەیگوت: (خوایە گیان ئینسان با باڵایش بێت، هەر لەسەروو هەڵەوە نییە، من کە ناتوانم بڵێم بێ هەڵەم، دڵم بە لێبوردەیی تۆ خۆشە. خوایە گیان تۆ کە پێویستت بە هیچ نییە، ئینسانت خۆش دەوێت، ئیدی ئینسان کە حەوجەی بە تۆیە، چۆن دەتوانێت تۆی خۆش نەوێت.)
یەحیا کوڕی مەعاز بانگەشەی بۆ خواپەرستی دەکرد، سەردەمی ئەو سۆفی زۆر بوون، بەڵام تەنیا بەو دەگوترا: واعیز. هەمیشە باسی ئەڤینی خوای دەکرد: (ئەڤینی ڕاستەقینە ئەوەیە، نە بە دابڕان و جەفا لێی کەم دەبێتەوە، نە بە دیدار و وەفا لێی زیاد دەبێت، هەمیشە وەک خۆی دەمێنێتەوە.) یەحیای کوڕی مەعاز پێی وابوو: (گەردێک لە خۆشەویستی، لە حەفتا ساڵ عیبادەتی بێ خۆشەویستی باشترە.) ئایین لای ئەو ئەوەبوو، ئومێدمان بە خوا هەبێت کە سۆزی لە بڕانەوە نایەت و گوێی لە نزای دڵە. دەیگوت: “جیاوازیی ئەوی لەپێناوی خواردندا دەچێتە سەر خوانێک و ئەوی بۆ دیتنی خۆشەویستەکەی دەچێتە سەر هەمان خوان، وەک جیاوازیی نێوان ئەو زاهد و عاشقە وایە، کە یەکەمیان چاوی تەماعی بڕیبێتە خۆشییەکانی بەهەشت و دووەمیان بە ئومێدی نیگایەکی خۆشەویستە ئەزەلییەکەی بێت.” یەحیای کوڕی مەعاز کە بە ڕازی بەناوبانگە، دەیگوت: “پیاوچاک کەسێکە لە هەموو شتێکدا متمانەی بە خوا هەبێت، خوا جێی هەموو شتێکی بۆ بگرێتەوە و لە هەموو شتێکدا بگەڕێتەوە بۆ لای خوا.”
مەعرووفی کەرخی کە ٨١٥ی زایینی وەفاتی کردووە، سۆفییەکی سوننی بوو، دەیگوت: خۆشەویستی دیارییەکی خودایییە، ئەگەر خوا پێمانی ڕەوا نەبینیبێت، ناتوانین فێری ببین. کەرخی بەوە بەناوبانگ بووە کە هەمیشە بە قەزای خوا ڕازی بووە. سەلەفییەکان ئەوەیان پێ باشبوو کە دەیگوت: (نەزەر حەرامە، تەنانەت لە مەڕیش) بەڵام بەوە سەغڵەت دەبوون کە دەیگوت: (ئەڤینی ڕاستەقینە ئەوەیە لە نێوان ئینسان و خوادا هەیە،) ئاخر لای ئەهلی سەلەف، خۆشویستنی خوا، تەنیا ئەوەیە ملکەچ و گوێڕایەڵی بین.
سەهلی توستەری ٨٩٦ کۆچی دوایی کردووە، توستەر دەکەوێتە خوزستانەوە، سۆفییەکی سوننە مەزهەبە، بەوە بەناوبانگە کە قسەی لەسەر پەشیمانبوونەوە کردووە، بەو مانایەی بڕوادار پێویستە بەردەوام لە حاڵەتی تۆبەکردندا بژی و پێی وابوو، ئەوە ئەرکی سەرشانی موسوڵمانە، دوای سەرکردەی سیاسی بکەوێت. دەیگوت: ئەوی پیاوچاک بێت، هەمیشە تیشکێک لە ڕووحییەوە بڵند دەبێتەوە، چونکە ڕووحی کەسانی سۆفی دەچێتەوە سەر نووری خودایی. ئەو تیشکەی سەهل باسی دەکات، هەر ئەو نوورە پیرۆزەی پەیامهێنە کە جێی بایەخی سۆفییەکانە. سەهل دەیگوت: تەنیا پیاوچاکان لە نهێنیی خوا تێدەگەن.
لای تیرمزی (٨٢٤ – ٨٩٢ز) کە (حەکیم)یان پێ دەگوت، حەکیم بە مانای فەیلەسووفیش دێت، وەک چۆن خاتم الأنبیاء هەیە کە موحەممەدە، خاتم الأولیائیش هەیە، هەر بۆیە کتێبێکی هەیە، ناوی لێ ناوە: خاتم الأولیاء کە هەندیک زاراوەی تێدایە، ئێستایش سۆفییەکان بەکاریان دەهێنن. بەگوێرەی ڕیزبەندیی سۆفییانە، شێخ کە قوتب و (غەوس)یشی پێ دەڵێن، باڵاترین پلەیە و ئەوە وەلییەکانن فەرمانڕەواییی گەردوون دەکەن. پلەی وەلیبوون پێوەندیی بە نوورانیبوون و ئاستی مەعریفیی کەسەکەوە هەیە. لای تیرمزی کە ژنەکەی هاوکارییەکی زۆری کردووە، مەعریفە بایەخێکی زۆری هەبووە و ئەوە ئەو بووە ڕێی بۆ دیالۆگ خۆش کردووە.

(*) أنا ماري شیمل، ألأبعاد الصوفیة في ألإسلام و تأریخ التصوف، ترجمة: محمد إسماعیل السید و رضا حامد قطب، منشورات الجمل، الطبعة ألأولی ٢٠٠٦ بغداد.

ھەواڵی زیاتر