‎سەرەمەرگی یەكێتیی (نوێ) و تۆقین لە پارتی

‎هاودەنگ فارووق

‎ئەوەی یەكێتی (نوێ) دەیكات لەڕووی سایكۆلۆژیای سیاسییەوە، لەڕووی ڕەفتار و هەڵچون و ئەو نائارامییەی هاوسەرۆكەكەی قسەی پێدەكات، زۆر بەڕوونی و بێ هیچ ئەملاولایەك، دەتوانین ناوی بنێین: هیستریای سیاسی.
‎یەكەم دەرهاویشتەی ئەو هیستریایە ئەوەیە لەیەكەم هەنگاودا بەزیندووكردنەوەی كەلتوری بەعس و، بەقیڕەقیڕی بێ بەرنامە و كۆكردنەوەی مووچەخۆران و فەرمانبەران بەپاس و مینی پاس لەژێڕ هەڕەشەی بڕینی مووچەدا، لەژێر بەڵێنی دامەزراندن و خزمەتگوزاری ساختەدا، دەستی بەهەڵمەتێكی شپرزركرد بۆ خەڵەتاندنی خەڵكی كوردستان.
‎ئەوانەی بەزۆر و لەژێر فشاردا كۆكرانەوە، بەڕوونی و لەبەرچاوی كامێراكانی خودی كەناڵەكانی یەكێتیی گوتیان: بەداخەوە، یەكێتی نەماوە… ئەو شێرەژنەی بەو جۆرە تەعبیری لەخۆی كرد و، پەیامنێر و كەناڵەكەی یەكێتیی شۆككرد، بەزمانێكی سادە بەهەموو لایەكی گوت: بەویستی خۆمان نەهاتووین و ، ئەسڵەن پێمان وایە یەكێتی نەماوە؟ خۆ ئەگەر بەچاوێكی وردتر سەیر بكەین، ئەو لێدوانە، تەعبیر لەبێ ئومێدییەكی قووڵی لایەنگرانی یەكێتی (نوێ) دەكات، بەجۆرێك شیڕە شیڕ و قیڕە قیڕی بافڵ، ناتوانێت ئومێد لەناخی ژنێكی بەساڵاچووی سلێمانیشدا دروست بكات، نەك لەناو ناخی جەماوەی سلێمانی و كوردستاندا.
‎هەر لەهەمان كاتدا، بینیمان چۆن لایەنگرانی دەزگا ئەمنییەكانی یەكێتی (نوێ)یەكتریان خوێناوی كرد و، هیچ تەنسیق و هەماهەنگییەكیان لەنێواندا نەبوو. ئەوەش بەڕوونی پێمان دەڵێت: یەكێتی بەناو (نوێ) بێ شیرازەیە و، جارێ نەیتوانیوە هەماهەنگی لەنێوانی دوو دەزگای ئەمنی خۆیدا بۆ ئاهەنگێك ساز بكات،ئیتر چۆن دەتوانێت كوردستان ڕێكبخات؟.
‎لەوەش بترازێت، قیڕە قیڕ و هەڵمەتی چاوبەست لەئەندامەكانی بەجۆرێك نەشارەزایانەو، منداڵانە بوو، هیچ تەنسیقێك لەنێوان وتارەكەیدا نەبوو، هەرخودی بافڵ گوتی: بێدەنگ بن، چونكە لێم تێكدەچێت ونازانم باسی چی ئەكەم.
‎یەكێتی لەسەرمەرگی سیاسی خۆیدایە، یەكێتی بەدروشمی دەیڕوخێنین، وەك ئەو پێڕە دێتە بەرچاو كە خودای گەورە لە قورئانی پیرۆز ناویان دەبات و دەفەرمێت: یخربون بیوتهم بآیدیهم! .. یەكێتی 33 ساڵە بەشداری ورد و درشتی هەموو بڕیار و هەنگاوێكی حكومەتی هەرێم بووە، ئێستا دەیەوێت چاوبەست لەخەڵك بكات و، لەبەرچاوی خەڵكدا خۆی دەكات بە ئۆپۆزسیۆن! یەكێتی بافڵ تا ئەو ڕادەیە خەڵكی خۆی و، جەماوەری كوردستان بەگەمژە دەزانێت و خۆی وەك ئۆپۆزسیۆن پیشان دەدات! ئەگەر لەبەر هیچ شتێكی دی نەبێت، تەنها لەبەر ئەو سوكایەتییە بەخەڵك، پێویستە سزای یەكێتی بدرێت.
‎یەكێتی بۆ وادەكات؟ بۆ وادەڵێت؟ تۆقین لە سەركەوتنی پارتی، بەجۆرێك گەورەیە لەلای بافڵ، دووچاری هیستریای كردووە، شەق بەهەوادا دەوەشێنێت و، ڕەفتاری منداڵانە دەكات. وەك پەلەقاژەی سەرەمەرگ. ڕێك وەك ئەو قوتابیە تەمبەڵەی كە چاوەڕوانی سزایەكی قورسە و، بۆ بەرگری لەخۆی دەڵێت: فڵان كەسیش وەك منی كرد.. وەك ئەو كەسەی پەتایەكی قورسی گرتووە، هەوڵ دەدات بە هەناسەی ناخۆشی ژینگەی دەوروبەری تێكبدات. وەڵامی هەموو موهاتەراتەكانی یەكێتی لە ڕۆژی دەنگدان وەردەگرنەوە.