١٧ ساڵە خەتای کێیە؟

‎ كاوە میران

ئەو هەلومەرجەی ئێستا هاتۆتە پێشەوە، سەرگوزەشتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە زیانۆک و ناتەندروست و، مۆدێلە ناشیرین و تێکدەرانە و پلان بۆداڕێژراوەی چەند حزب و هێزێكی دیاریکراوی وەک یەکێتی، لەو چەند ساڵەدا، کە لە پەرلەماندا ئۆپۆزیسیۆنڕەنگ بوون و، لە حکوومەتدا شەریک و برابەش!
ئەگەر لەو دروشمانەی ئەوان ورد بینەوە تێدەگەین کە خاڵین لە باکگراوندی ئەخلاقی سیاسی، کۆمەڵگە بەرەو توندوتیژی و نائارامی و ئاژاوەی کۆمەڵایەتی دەبەن، دەیانەوێ مۆدیلی جنێو و جنێوکاری دووبارە تاقی بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕەوڕەوەی ژیانە سیاسی و ئاساییەکەی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە دیسانەوە پەک بخەن لەم هەرێمەدا، بە ئامانجی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
وێڕای ئەوەی کۆمەڵگە ئەوسا لە ژیانێکی ئاسایی و ئاشتی و ئاشتەواییی کۆمەڵایەتی و تاک لە ئابوورییەکی بەهێز ژیانی دەگوزەراند، بەڵام ئێستا دەبینین یەکێتی، سەڕۆکەکەی دەستی داوەتە دەهۆڵکوتانێکی ناڕەوا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن کە گوایە کۆتایی پێ دێنن، بەڵام بیریان چووە خۆیان لەناو جەماوەر دەمێکە کۆتایییان پێ هاتووە. سەرۆکە هەزەلیەکەی یەکێتیی لە کۆبوونەوە حزبیەکاندا پڕ بە گەرووی هاوار دەکات کۆتایی بە پارتی دێنین، ئامادبووانی هان دەدا که بە خەڵک و جەماوەر بڵێن ئەم دۆخەی ئێستا هەمووی لەئەستۆی پارتییە! گوایە چونکە ١٧ ساڵە سەرۆکی حکومەت لای پارتییە، لەبیری چووە قوبادی برای ١٧ ساڵە بەخێر وەک جێگر قەبووڵ کراوە، حەڤدە ساڵە مووچەی جێگری سەرۆکی حکوومەت وەردەگرێت، بێ ئەوەی پڕۆژەیەکیشی پێشکەش بە حکوومەت و سلێمانی کردبێت، بیری چووە کە براکەی سێ مانگ لەسەر پارە لە حکوومەت تۆرا و دەوامی نەکرد و مووچەی بۆ بەسترا.

ئەو قسە هەزەلیەیانەی سەرۆکی یەکێتی، کە فێریان کردووە بیڵێتەوە، جەنابی ترێند، پێنجی و دەییەکانی ناو بانقەکانی سلێمانی لۆ کێندەرێی دەنێری! مەعلوومە بە پیکاب دزەکان دەنێریەوە مارێ لە دەباشان، تا ڕۆژێ دێ، پینگ ژێرزەمینەکانت ئەتەقێ.
خەڵکی کوردستان چاک دەزانن بۆ ڕاستکردنەوەی حوکمڕانی لەم هەرێمە و تەواوکردنی ئەرکی خزمەتکردن بێ جیاوازی لە تەواوی هەرێمی کوردستان تەنها بەسەرۆکە خۆڕاگرەکەی حکومەت دەکرێ، پێشکەشکردن و پاراستنی پڕۆژەی نیشتمانی و چاکسازیی ڕاستەقینە و پاراستنی خاک و نیشتمان تەنها بەهێزێکی وەک پارتی دیموکراتی و سەرۆک و حزبەکەی دەکرێت، ئەوەش وەک پیاهەڵدان نا، لەبەر کۆمەڵێک فاکتەری مێژوویی، بە پلەی یەکەم کە خاوەنی مێژوویەکی نەبڕاوەی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریی کوردستانە، ملنەدان و خۆشلنەکردن لە هەمبەر دژمنان، پێداگری لەسەر ماف و دۆزی ڕەوای کورد بە کردار سەلمێنراوە، سووربوونی لەسەر گەڕاندنەوەی بوودجە و مووچە و قووتی خەڵک، ئەمانە و زۆر شتی تر کە تەنها بە فراونبوون و بەهێزبوونی دەسەڵاتی پارتی دێتە دی، چونکە پارتی لەوەتەی هەیە یەک مەرجەعە و دوور بووە لە زومرە و تاقم و باڵباڵێنە کە لەناو حزبەکانی تر هەیە و، ئەم دیادەیەش خەریکە سەری کوردستان بخوات و ببێتە هۆی لەبەینبردنی دەسکەوتە بەدیهاتووەکری ئەو چەند ساڵە.
بەرزکردنەوەی ئەم جۆر و چەشنە درۆشمانە سەرلەبەری تاریکییە و، ئەزموونی سیاسی و ئیدارەی هەرێمی کوردستانی دەخاتە بەر هەڕەشەی پەکخستن و هەڵوەشاندنەوە و، تەسلیمکردنەوەی بە نەیارانی کوردستان. هەروها دیاردەی بەکارهێنانی دامەزراوەی فەرمی و دامودەزگای ئەمنی و میدیایی و خیتابی زبر، بە ناوی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە پێچەوانەی پرنسیپەکانی دیموکراسی و بنەماکانی هەڵبژاردنە، لەبری کۆبوونەوەی جەماوەری کە نیتانە، یان لەناو ئاپۆڕای خەڵک کە ناتوانن بیکەن، دێن لە کۆبوونەوە حزبییەکانتاندا دنەی خەڵک ئەدەن بۆ ناشیرینکردنی ئەو حوکمڕانیەی کە خۆتان حەڤدە ساڵە دزیی تێدا دەکەن، تەنانەت هاونیشتمانیانی سلێمانیتان بەئامانج گرتووە بۆ بەرتەسکردنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی ئەم سنوورە بێبەش بکەن لە خزمەتەکانی حکوومەت کە دەستی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان نەگاتە ئەو سنوورە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ڕقئەستوور بن بەرامبەر پارتی و حکومەتی هەرێم، بەڵام خەڵک بەرچاوی ڕوونە کە براکەی جەنابتان ١٧ ساڵە جێگری کێیە.

ھەواڵی زیاتر