بانگەشەی هەڵبژاردن با بۆ تەبایی بێت

شێرکۆ حەبیب

بانگەشەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێکرد و کاندیدەکان بۆ راکێشانی زۆرینەی دەنگ کۆمەڵێک بەڵێن بە هاووڵاتیان دەدەن، هەرچەندە کاری ئەوان یاسا دانە و ئەرکیان روونە چییە، بەڵام دەتوانن دەنگی هاووڵاتیان زیاتر بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن کاتێک باس لە تەبایی و یەکریزی و پێکەوە ژیان بکەن کە ئەوەش ئەمڕۆ ئاواتی هەموو تاکێکی دڵسۆزی ئەم کوردستانەیە، هەروەک سەرۆک بارزانی هەردەم دوو پاتی دەکاتەوە، کە پێویستە هاووڵاتیانی کوردستان لە بارودۆخێکی تەبایی و پێکەوە ژیان دابن دوور لە ڕەگەز پەرستی و تایفەگەری، هەندێ لایەن لەو باوەڕە دان زوبانی زبر و هەڕەشە کردن پێگەیان قایمدەکات و دەنگێکی زۆر بەدەست دێنن، بەڵام دەبێ هەر لەو خەیاڵەدا بژین.
خوای مەزن و دلۆڤان و بەخوێنی شەهیدە سەربەرزەکان و خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکان زۆر نیعمەتی بەخشیوەتە میللەتی کورد، بەڵام بەداخەوە خۆمان بەدەستی خۆمان وا خەریکە هەموو شتێک لە دەست دەدەین بەهۆی هەندێ لایەن کە کوردستانیەتی لە ئەجندای سیاسیان نییە و ئەگەر هەشبێ ئەوەی بە پلەی دووەم دێت.
دەبینین ساتێک بانگەشەی هەڵبژاردن هێشتا دەستی پێنەکردبوو هەڕەشەی داگیرکردن وەک بڵێی تۆڵە لە دوژمنانی میللەتەکەمان دەکەنەوە، بە زوبانێکی دور لە نیشتمانپەروەری و کوردایەتی هێرش دەکەنە سەر ئەم و ئەو، جگە لەوەی لەگەڵ نەیارانی میللەتەکەمان لەو پەڕی تەباییدان، ئەجندای دوژمنان پیادە دەکەن بۆ تێکدانی ئاوەدانی و ئارامی کوردستان، هەروەک وا بێت ئەوان لە کەوکەبێکی دیکە بن و خەڵکانی دیکەش لە کەوکەبێکی دیکە، ئەمڕۆ میللەت هۆشیارە چاوکراوەیە تێگەیشتوو و ڕۆشنبیرە، کاری حزبایەتی دوور لە ڕاستیەکان کاری تێناکات، ئەوە لای ئەو گرنگە، وەک دەبینین ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی پارتی (بەداخەوە وای لێهاتووە بڵێین ناوچەی دەسەڵاتی پارتی و لایانی تر)، چەندین پێشەکەوتن و کاری خزمەتگوزاری بەخۆوە بینیوە، جگە لە ئارامی و ئاسایش و ئازادی، ئەمانە دەبنە هۆکاری ئاسوودەیی هاووڵاتیان، هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان بەتەبایی و برایەتی لەگەڵ یەکدا دەژیەن.
ئەمرۆ پێویستە هەوڵەکان هەمووی لەسەر یەک ڕێچکە پیادە بکرێت ئەویش تەبایی و یەکڕیزی نێو ماڵی کوردە، با جیاوازیە حزبییەکان لە پێناو خزمەتکردنی کوردستان و گەلەکەی بێت، هەوڵ بدرێت جیاوازیەکان بۆ ئارامی و تەبایی بێت، نەک بۆ یەک شکاندن و دژایەتی یەکتری و ڕێز لە ئیرادەی میللەت بگرن.
ئەوەی سەیرە ئیستا هێرشەکان بۆ سەر پارتی یە و دەبێ ئەوە ڕوون و ئاشکرا بێت خوا نەکات پارتی لاواز بێت کوردستان لاواز دەبێت و ئەو حزب و لایەنانەش ئەو سەنگەی ئەمرۆیان نامێنێ ئەگەر پارتی لاواز بێت چونکە ئەوان بە هۆی هێزی پارتی هەن با باسی مێژوو نەکەین.
پارتی لە ماوەی کاری حزبایەتی شاخ و شار ئەوەی لە توانای بوو کردی و بەردەوامە، بەڵام دەبێ لایەنی دیکەش هەموو پێکەوە هەوڵەکان چر بکەنەوە و هاوکاری پارتی بن بۆ گەیاندنی کوردستان بە کەناری ئارامی و سەربەخۆیی و ئەگەر گوڵ نین دڕکیش نەبن، پارتی ئەوەی لە توانای دابێت درێغی ناکات سەرەڕای رێگری هەندێ لایەن.
دەگێرنەوە دەڵێن (کەسێکی خوا پێدراو مانگانە بڕە هاوکارییەکی دەدایە کەسێکی هەژار بڕی بڵێین هەزار دۆلار، پاش ماوەیەک کردی بە ٧٥٠ دۆلار، کابرای هەژار گوتی لە نەبوون باشترە، دواتر کردیە ٥٠٠ دۆلار کابرای هەژار واقی ورما و سەیری پێ هات بۆیە لە خێرخوازەکەی پرسی، ئەرێ کابرا تۆ کاتێک هەزار دۆلارت پێدەدام دوای بووە ٧٥٠ و ئیستا بووە ٥٠٠ دەتوانم بزانم هۆکارەکەی چییە؟)،لە وەڵامیدا خێرخوازەکە گوتی کاتێک هەزار دۆلارم پێدەدای منداڵەکانم بچووک بوون و خەرجیان کەم بوو، ئیستا دوو منداڵم لە زانکۆن وسێیەمیان ئەم ساڵ ئەویش دەچێتە زانکۆ و خەرجییان زێدە تر بووە بۆیە ئەوەندم پێدای، کابرای هەژار گوتی چەند منداڵت هەیە کابرای خێرخواز گوتی چوار، کابرای هەژار گوتی بە نیازی هەر چواریان لەسەر حسابی من بنێریتە زانکۆ؟
ئەمە ئەوە دەگەیەنێ هەموو کەس شایانی چاکە کردن نییە لەگەڵی دا بکەی وا دەزانێ تۆ دەبێ هەوڵ بدەی و ماندوو بی ئەویش لەسەر حازری هاوبەشت بێت، هەڵبەتە مانای تریشی هەیە خۆێنەری بەرێز تێدەگات.
ئەوەی گرنگە تەبایی و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد، شوێنگرەوەی مێژووی تاڵی ڕابردوو بێت و هەڵەکان با دووبارە نەبنەوە.

ھەواڵی زیاتر