بانگەشەیەکی سەردەمیانە و نەرم دەست پێ بکەن

سالار تەحسین سەیدۆ دری

دەستەواژە و میتۆدی مارکێتینگ-بازاڕسازی سیاسی، وەک ئامراز و میکانیزم لە تەک ھێزی نەرم لە کایەی ھەڵبژاردن و بەھێزکردنی گوتاری پارتی سیاسی کاریگەری سیاسیی خۆی ھەیە. ھەر پارتێکی سیاسی پێویستی بە بەرنامە و کارنامەیەک ھەیە لە پاڵ ئایدۆلۆژیا و جیھانبینییەکەی خۆیەوە تاکو بە ئامانجەکانی بگات، ئەرکی بەردەوامی ڕێکخستن و ئۆرگان لە دنیای مۆدێرندا، بازاڕسازی و گوتاری سیاسییە بە ھێزی نەرمەوە بۆ ئامانج، وتار، فیکر، ستراتیژ، پڕۆسە، کاندید، توانا و خزمەت بۆ ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدایە، ھەمیشە لە بازاڕسازیی سیاسیدا نێرەر کە لە کاتی ئێستادا فۆکەس لەسەر کاندیدەکانی پارتییە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن، ڕۆڵێکی گەورە و باندۆرێکی ئەرێنی دەبینن لە گەیاندنی ئەو پەیامە بە تێروانین، دنیابینی و دیدێکی جوان و ھێزێکی نەرم کە ئایدۆلۆژیای حزب بەردەوامی پێ بدەن و بۆ ھاونیشتمانیان شرۆڤەی بکەن.
ئەنجامی دەنگدانی جەماوەر، بەرھەمی ئەو مارکێتینگەیە کە بە پلانی پێشوەختە و بە تەیاربوونی زانیاری و مەعریفەی کاندیدەکانی پارتییەوە کارییان لەسەر کردووە، پێویستە کەمپینی ھەڵبژاردن ڕەچاوی ئارامی دەروونی، ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی خەڵک بکات.
ئاساییە ھێزە سیاسییەکان بەرنامەی خۆیان پێشکەش بکەن و زۆر گرنگە گوتارێکی میانڕەویان ھەبێت، چونکە دەنگدەر ھەموو ھێزەکان دەناسێت و کەسی نوێ نییە، زۆرینەیان تاقیکراونەتەوە.
بەربژێرانی پارتی پێویستە بە ئاوێتەبوون
لەگەڵ جەماوەر، چین و توێژە جیاوازەکان و گوێگرتن بۆ ڕوانگە و بۆچوون و کێشەگەلییان، نەک تەنیا دەچنە نێو قووڵایی و مەغزای ئاریشە و ناسۆری جەماوەر، بەڵکو بیر و ھزرتان فراوان و بەرچاویشتان زیاتر ڕووناک دەبێتەوە، ھەروەھا تێگەیشتنتان بۆ کێشەگەلی ھاونیشتمانیان و پرسەکان قوڵتر و چارەسەرەکانیش ئاسانتر و واقعیتر دەبێت.
لەکاتی پلاتفۆرمی بانگەشەی ھەڵبژاردندا ھەندێک وشە ھەیە ھێندەی چارەسەری پزیشکێکی زیرەک و کۆمپانیایەکی بەرھەمھێنەری دەرمانی پزیشکی باش کاریگەری ھەیە، وشەسازی باش و نەرم ھێزی کاریگەر لەسەر دەروونی جەماوەر بەجێدەھێڵن.
ڕاستە شەڕی براکوژی گــەرم کۆتایی ھاتووە، بەڵام یەکترسڕینەوە، شکاندن و تۆمەتبارکردن بۆتە فەرھەنگی ئێستای میدیا و فەزای مەجازی سۆشیاڵ میدیا لە ھەرێمی کوردستان.
ئەم فەرھەنگە خەریکە لە ھەموو بۆنە و بارودۆخ و ڕووداوێکدا ئامادەیی پەیدا دەکات، بەعەقڵیەتی براکوژی لایەنگرانی حیزبەکان یەکتری دەدوێنن و گفتوگۆ لەگەڵ یەکتری دەکەن، ئەمەش سیمای دیموکراسی و دیدی دنیای مۆدێرن نییە، بەڵکو مەفھوم و تەرجەمەی دیموکراسیی لاواز و کەمڕەنگ کردووە.
لەسەر پلاتفۆرمی ھەڵبژاردن، بانگەشە، ھێزی نەرم، دوور لە تەشھیر و ھەست بریندارکردن: (مەسرور بارزانی) داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات: “بەشێوەیەکی شارستانی و دوور لە سووکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن، چونکە ھەموومان کوردستانین و ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەین و دەبێ بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بکەین”.
ھەست بریندارکردن و گەڕانەوە بۆ ڕابردووی تاڵ و بەکارھێنانی وشەی خراپ و دەستەواژەی نەشیاو لە بانگەشەکاندا توانای ئەوەی ھەیە دوبەرەکی، دوژمنداری، ترس، دڵەڕاوکێ، تۆقاندن و جەنگ لەنێوان ھاووڵاتییان بەرپا بکات.
بۆیە زۆر گرنگە کاندیدەکانی پارتی بەرپرسانە و بەھێزی نەرم وشەکان ھەڵبژێرن و کاتێک قسە و گفتوگۆ دەکەن، حیسابی ئەوە بکەن کە کاریگەری و لێکەوتە و ئەنجامەکانی لەسەر بیرکردنەوە و ئەندێشەی تاک بە تاکی ھاونیشتمانیان چی دەبێت.

ھەواڵی زیاتر