هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

ئارامیی پارتی و پەلەقاژەی یەکێتی

‎كاوە میران

‎ئێستا ئێمە نامانەوێت لەدەستپێكی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، پەڕوباڵی یەكێتی بكەین و مێژووەكەی هەڵتەكێنین، ناشمانەوێت یادی پڕشكۆی ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان بە باسی خیانەتێكی گەورەی وەكوو شانزەی ئۆكتۆبەر تێپەڕێنین، بە ڕەچاوكردنی ڕێنوێنییەكانی سەركردایەتی خۆمان و پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نامانەوێت سەرەتای بانگەشە ببێتە مایەی گرژیی نێوان لایەنەكان. ‎ئەوەی دەیڵێین، تەنها بۆ ئەوەیە ئەو پێڕەی سەركردایەتی یەكێتی پێیان وانەبێت دەتوانن تیر بهاوێژن و كەوان بشارنەوە. ‎خەڵكی كوردستان هۆشیارترە لەوەی كۆمەڵێك بازرگانی ماددەی هۆشبەر بتوانن یاری بە ئەقڵی بكەن و، خیانەتی لێبكەن بە نیشتمانپەروەری. خیانەتەكە ئەوەندە گەورەو ئابڕوبەر بوو فرمێسكی لە چاوی هەموو گەلی كورد قەتیس كرد، هەمووی بەڤیدیۆ تۆماركراوە. هەزاران وێنەی ئەرشیفی لەبەرگیراوەتەوە كە خودی هاوسەرۆكە خۆسەپێنەكەی یەكێتی دێتە سەر شاشە و بەزمانی ئینگلیزی دەڵێت: بەئیمزای 38 كەس كەركووكم ڕادەستی حەشدی شەعبی كرد. ئایا ئەوان دەتوانن ئینكاری لە چاوی كامێراكان و یوتوب بكەن؟
‎ئەوەی ئێستا بەخۆیان ئەڵێن مەكتەبی سیاسی یەكێتی، باسی ئەوە دەكەن كە لە دۆخێكی باشتری یەكڕیزی نیشتمانیدا ڕیفراندۆم بكرایە، بەڵام ئێمە لە خەڵكی كوردستان دەپرسین: ئەوە كێ بوو یەكڕیزی كوردی تێكدا؟ كێبوو ئەوێ ڕۆژێ ڕیزی شۆڕشی كوردستانی تێكدا ؟
‎كام یەكڕیزی و كام شاندانە بەر ئەركی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم؟ مەگەر لەكۆبوونەوەی دوكان بەڵێنتان نەدا شان بدەنە بەر ئەركەكانی دوای ڕیفراندۆم؟ دواتر ئەوە كێبوو پەنجەی خیانەتی بۆ سەركردایەتی خۆسەپێنی یەكێتی ڕاكێشا؟ پارتی بوو؟ یان خودی یەكێتیەكان كە لە بەیاننامەی فەرمیدا گوتیان: كاڵفامەكانی ناو یەكێتی خیانەتیان كرد و كەركووكیان ڕادەستكرد؟ وشەی كاڵفام بۆ وەسفكردنی ئەو پێڕە خۆسەپێنە، هەر خودی یەكێتییەكان دایانهێناوەو پارتی لەو داهێنانە بێبەرییە. پارتی تۆمەتی بێبەڵگەی بۆ هیچ كەس ولایەنێك نەهۆنیوەتەوە، بەڵكو پارتی هەمان ئەو قسەیەی كردووە، كەپێشتر خودی یەكێتییەكان لەبەرچاوی كامێراكانی كەناڵەكانی هەموو جیهاندا كردوویانە. یان لەبەیاننامەكانیاندا ڕایان گەیاندووە.
‎شانزەی ئۆكتۆبەر، خیانەتێكی ئەوەندە گەورەیە كوردانی هەموو بەشەكانی كوردستان، بەر لەكوردانی دهۆك و هەولێرو گەرمیان و شارەزوور، گریاند و حەسرەت ئومێدەكانیانی سووتاند. كێ بەو 38 سەركردایەتییە خۆسەپێنەی گوت لەجیاتی كورد ئیمزای تەسلیمكردنی كەركووك بكەن؟ كێ گوتی و كێ ڕێگەی پێدان؟. با یەكێتی جوابی ئەو پرسیارانە بداتەوە. با یەكێتی بۆ یەكجار ڕاستگۆیانە پێمان بڵێت: ئەوە ئێوە بوون بە ئیمزای 38 سەركردایەتی، بەبێ گەرانەوە بۆ گەلی كورد خاكی كوردستانتان ڕادەستی حەسەن پلایس كرد، یان پارتی بوو؟.
‎لەیادی پڕشكۆی ڕیفراندۆمدا، دەڵێین:ئەو پێڕەی ناو یەكێتی كە خیانەتیان لەدەنگی 93%ی خەڵكی كوردستان كردوو، زامێكیان لەدڵی ملیۆنان كورد بۆ هەتاهەتایە دروستكرد، پشتیان لەسەروەری و شكۆ و نەتەوەو، هەموو بەهایەكی كوردایەتی كرد، ئێستا چۆن و بەچ ڕوویەكەوە داوای دەنگ لە كورد ئەكەن؟ تۆ كە برینێكی ساڕێژنەبووت لەناو دڵی كورددا دروستكردووە، چۆن چاوەڕوانی كورد پاداشتت بكات؟ چاوەڕوانی سزای تۆقێنەری سندووقەكانی دەنگدان بن.