یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن دەبێت چۆن بێت

م. سەگڤان عەبدولخالق عومەر

بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایانی ڕێزدار پشتیوان بەخوا ئەمڕۆ چوارشەممە 25. 9. 2024 یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە، نزیکەی دوو ملیون قوتابی دەست بەخوێندن دەکات بۆیە پێویستە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن ڕۆژێکی زۆر جیاواز بێت بە تایبەت بۆ قوتابیانی پۆلی یەکەم کە دوای شەش ساڵ لەئامێزی دایک و ماڵەوە دێنە ژینگەیەکی نوێ و تەواو جیاواز، بۆیە زۆر گرنگە مامۆستایان و پەروەردەکاران و ستافی کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن پلانێکی وردیان هەبێت بۆ یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن و بەجوانترین شێواز پێشوازی لە قوتابیانی ئازیز بکەن، ڕۆژی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندن ڕۆژێکی تەواو جیاوازە بۆ قوتابیانی پۆلی یەکەم بۆیە ئەگەر لە یەکەم ڕۆژ بەشێوەیەکی جوان پێشوازیان لێکرا ئەوا حەز و خولیای زۆریان دەبێت بۆ ڕۆژانی دواتری قوتابخانە و ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی هەیانە نامێنێ، مامۆستایانیش، زۆر گرنگە و هەوڵبدەن ڕۆژی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندن مامۆستایان و کارگێڕی قوتابخانەکان بەمەراسیمێکێکی جوان پێشوازی لە قوتابیان بکەن .
هەموو دایک و باوکێک دەیەوێت منداڵەکەی لە قوتابخانە جیا بکرێتەوە، بەڵام هەموو دایک و باوکێک پێشینەیان لە تەکنیکەکانی پەروەردە یان دەروونناسیی منداڵدا نییە، کۆمەڵێک ئامۆژگاری و شێواز هەیە بۆ چۆنیەتیی باشترکردنی سەرکەوتنی منداڵ لە قوتابخانە، کە لەلایەن کۆمەڵێک پەروەردەی تایبەتمەندەوە دابین کراوە؛ دامەزراوەی وەکو metroparent، healthychildren، و colorincolorado
چەند ئاموژگاریەکی گرنگی دەرکردووە بۆ دایبابان، کە ئەم ئامۆژگاریانەی خوارەوە لەخو دەگرێت:

  • منداڵان قەناعەت پێ بکەن کە کاری ئەوان فێربوونە.
  • چاوەڕوانی سەرکەوتن و بەرزکردنەوەی ئاستی تەماحەکان، چونکە چاوەڕوانییەکانی دایک و باوک کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ئەدای خوێندکار هەیە.
  • جیاکردنەوەی نێوان خوێندن و فێربوون. زۆرجار منداڵ خوێندنەکەی بە ئەنجام دەگەیەنێت، بەڵام پێویستە دایک و باوک دڵنیا بن لەوەی منداڵەکە وانەکەی فێر دەبێت.
  • کاتەکانی خوێندن بکە بە کاری یەکەم، پێویستە منداڵان هان بدرێن کە یەکەم جار کارەکەیان بکەن ئینجا بچن بۆ یاری.
  • تەرخانکردنی ژینگەیەکی گونجاو و کەرەستەی پێویست بۆ منداڵ بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی ماڵەوەی.
  • دابینکردنی هاوکاری بۆ منداڵ لە ئەنجامدانی ئەرکی ماڵەوەی؛ وەک گروپی پەروەردەی تایبەت یان بەرنامەکانی دوای خوێندن.
  • با منداڵ لەسەرخۆی شتەکان بدۆزێتەوە و بۆ ماوەیەک بیر لە چارەسەرکردنی کێشەکان بکاتەوە پێش ئەوەی داوای هاوکاری بکات.
  • فێرکردنی تواناکانی خوێندنەوە و تێگەیشتن. زۆرێک لە منداڵان شتێک دەخوێننەوە بەبێ ئەوەی بیریان بێتەوە کە چییان خوێندۆتەوە یان لە ماناکەی تێبگەن.
  • منداڵ زیاتر لەوەی لێی دەخوازرێت بەدەستی دەهێنن، تا منداڵان زیاتر مەشق بکەن، وردتر زانیاری فێر دەبن و دەیپارێزن.
    •هەوڵدان بەرەو فێربوون بە درێژایی ساڵ، خوێندن بۆ هاوین کۆتایی دێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە منداڵان بۆ ماوەی سێ مانگ واز لە فێربوون بهێنن، هاوین دەرفەتێکی باشە بۆ پێداچوونەوە و فێربوونی ئەو شتانەی کە لە قوتابخانە نەخوێندراون و بچنە کتێبخانە بۆ خوێندنەوە.
  • دانانی نموونەیەک بۆ منداڵ بۆ هاندانی بۆ ئەوەی بزانێت پرۆسەی فێربوون دوای قوتابخانە کۆتایی نایەت، بە پلاندانان بۆ هەڵسوکەوتی باش لە شێوازی فێربووندا.
  • چەسپاندنی خووی باش و بێوەی لە ماڵەوە وەک هەڵبژاردنی کاتی خەوتن، پێشکەشکردنی نانی بەیانی و چاشتی بێوەی و بەپێز، هاندان بۆ وەرزش، سنووردارکردنی ئەو کاتەی منداڵەکە بەسەری دەبات بۆ سەیرکردنی تەلەفزیۆن و یارییە ڤیدیۆییەکان و بەکارهێنانی کۆمپیوتەر.
  • پابەندی بە ڕۆتین. زۆربەی منداڵان لە هەبوونی ڕۆتینی ڕۆژانە بۆ ڕێکخستنی ڕۆژەکانیان گەشە دەکەن، ڕەنگە ڕۆتینەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاواز بێت، بەڵام شتە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ڕۆتینەکە هەموو ڕۆژێک وەک یەک بێت.
  • دروستکردنی ‘پلاتفۆرمی دەستپێکردن’. گرنگە ڕۆژانە یەک شوێن هەبێت کە جانتای قوتابخانە و پوشاک و پێڵاو و کەلوپەلی قوتابخانەی لێ هەڵبگیرێت.
  • خوێندنەوە دووبارە و دووبارە. دەوترێت منداڵ ساڵانی یەکەمی ژیانی بە فێربوونی خوێندنەوە بەسەر دەبات، تا کۆتایی ژیانیشی بە خوێندنەوەی بەسەر دەبات بۆ فێربوون. تا دایک و باوک زیاتر بۆ منداڵەکە بخوێننەوە، بەختی ئەوە زیاترە کە ببێتە خوێنەرێکی بە جۆش و خرۆش و لێهاتوو.
  • قسەکردن لەگەڵ منداڵ. ئەمەش بە پرسیارکردن لە هەستەکانی بەرامبەر بە پۆلەکەی و مامۆستاکەی و هاوکارەکانی و لەبارەی ئەوەی کە حەزی لێیە و حەزی لێی نییە، لە هەمان کاتدا دەرفەت بە منداڵەکە دەدرێت کە نیگەرانییەکانی خۆی دەرببڕێت و، باسی ئەو شتانە بکات وا دەبێتە هۆێ هەڵچوونی؛ هەروەها بەردەوام بێت لە پشتگیری و هاندانی و، ستایش و پەسندانەوەی دەستکەوتەکانی.
  • دیداری مامۆستایان و بەردەوام بوون لە پەیوەندی لەگەڵیان بۆ گفتوگۆ لەسەر هەر بابەتێکی نوێ و ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکانی دایک و باوک و مامۆستا.
  • هاندانی فێربوونی چالاک کە بریتییە لە پرسیارکردن، وەڵامدانەوە، چارەسەرکردنی کێشەکان، و گەڕان بەدوای بەرژەوەندییەکان. پرۆسەی فێربوونی چالاک کاتێک ڕوو دەدات کە منداڵ وەرزش دەکات، ئەو کاتەی لەگەڵ هاوڕێکانیدا کات بەسەر دەبات، یان سەردانی مۆزەخانە و کتێبخانەکان دەکات.
  • بۆیان ڕوون بکەنەوە کە لاواز و قەڵەو، باڵابەرز و باڵاکورت، ڕەش و سپی، هەمووی دروستکراوی خودان و بۆیان نییە بە هیچ شێوەیەک گاڵتە بە هاوپۆل و قوتابیانی تر بکەن.
  • پێیان بڵێن “ئەو جانتا کۆنەی کە هاوڕێکانیان پێیانە، هەمان خەونی تێدان کە لە جانتا نوێ و گرانەکانی تردا هەن و مایەی گاڵتەپێکردن و پێکەنین نین. “
  • پێیان بڵێن “ئێوە دەڕۆن بۆ فێربوون و ناسینی هاوڕێی تر، نەک گاڵتە و سووکایەتیکردن بە قوتابییانی تر”.
  • پێیان بڵێن: “ڕێزی مامۆستاکانیان بگرن و گوێ لە ئامۆژگارییەکانیان بگرن، چونکە ئەوان ڕێڕۆشنی و زانستتان فێر دەکەن. ئەوانیش وەک دایک و باوکتان دڵسۆزن بۆتان. “
    بەهیوای ساڵێکی پڕ لە خۆشی و سەرکەوتن بۆ هەمووان
ھەواڵی زیاتر