ئەركی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردندا

هیوا ئه‌حمه‌د حسین

ئه‌ركی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردندا تەنها ڕكابه‌ری نییه‌، لەسه‌ر چۆنییەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ بە ده‌ستهێنانی زۆرترین ژماره‌ی ده‌نگ، به‌ڵكو به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گه‌وره‌تری لە ئەستۆدایە‌، به‌و پێو‌دانگه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم یه‌كسانه‌ به ‌پارتی، ئەركی پاراستنیشی لە ئەستۆ گرتووە، جگه‌ له‌ ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌ دروستكراوەكان بۆ هەرێمی كوردستان، ئه‌ركی دابینكردنی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی پره‌نسیپه‌ دیموكراسییه‌كانیشه‌ له‌سه‌روو ئه‌مانه‌شه‌وه‌، پارتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا خه‌می به‌ هه‌ده‌رنەچوونی ده‌نگی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌یەتی‌، كه‌ هیوا خوازن‌ به‌ ده‌نگه‌كانیان به‌شداری له‌ حكومڕانی داهاتووی خۆیان بكه‌ن. هه‌موو ئه‌م فاكته‌رانه‌ پارتی ده‌خاته‌ به‌رده‌م چه‌ند به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گه‌وره‌، له ‌لایه‌ك ئه‌ركی پارستنی هه‌رێم و ده‌ستكه‌وته‌كانی و لایه‌ك ڕووبه‌رووی گوتارێكی پۆپۆلیزمیانه‌ دەبێته‌وە‌. كە لە بەرگی فریاد ڕەسی گه‌لدا خۆی نمایش دەكات.
لێرە و لەوێ دەبینرێت بانگەشەی پێشوەختە دەستیپێكردووە، ئەویش ته‌نها شیعارێكی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ له‌ بنه‌ره‌تدا گوتارێكی پۆپۆلیزمییه‌ و ماهێتی گوتاره‌كه‌ پەڕێزی قەیرانەكانی حكومڕانی خودی بكه‌ری لە هه‌ناویدا شاردراوه‌ته‌وه‌. ئه‌م ڕسته‌ ئایدیالیستییه‌ ناواقیعییه‌، باشترین سه‌رپۆشه‌ بە‌ ئه‌ندازەی بێ جه‌وهه‌ری چییه‌تی په‌راوێزی خود، دوو فاقییەتی ئەم گوتارە لەوەدایە وتار بێژه‌كەی خۆی لە حكومەتێك بەشدارە كە‌ دژبوونی كردووه‌ به‌ مه‌رجی ڕاستبوون و تێكدانی كردووه‌ به‌ گه‌شتن به‌ ئامانج، گرفتەكەشی ئەوە نییە تەنها هەوڵی چەواشكاری ڕای خەڵك بێت. به‌ڵكو ژینگەیەكی بەرهەمهێناوە كە ئەم جۆرە گوتارانە بۆ حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش بووه‌ به ‌میرات، چونكە ناتوانن كه‌شی ژینگه‌كه‌ نادیده‌ بگرن، دەیانخاتە‌ به‌رده‌م دووڕیانی ئه‌خلاقی سیاسی، ئایا هه‌ڵگری هه‌مان گوتاری نا واقیعی بن، یاخود په‌یڕه‌وی گوتارێكی ئەقڵانییه‌ت بكەن. چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ گوتارە كەشێكی بەرهەمهێناوە كاریگه‌ری له‌سه‌ر بەشێك لە ده‌نگده‌رانی زۆنه‌كه‌ش هه‌یه‌‌، فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی ئاتین دولابۆتی ده‌ڵێت”ژینگه‌ كه‌شێك به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت، كه‌ پێچه‌وانه‌ی وانه‌ سروشتییه‌كانی خۆیه‌تی” وه‌ها كه‌شێكیش كیانە سیاسییەكان دەخاتە بەردەم دوالیزمێكی تاڵ، یان ناچارن لەگەل ئاڕاستەی ئەو شەپۆلە پۆپۆلیزمییە سەوڵ لێبدەن، هەرچەندە نامۆڕاڵیش بێت. یان ئەوه‌تا ڕووبەڕووی خواستی بەشێك لە جەماوەری زۆنەكەیان ببنەوە، كە بێ ئاگایانە لە ناو شەپۆلی ڕه‌ته‌كه‌دا نقوم بوون، كە دژ بەخواستە بنەڕەتییەكانی تاكی كوردە، هه‌وڵی ئه‌م جۆره‌ گوتارانه‌ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی بڕوا به‌ خۆبوونه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ هه‌ر هه‌وڵێك بۆ بونیاتنانی نیشتمانی ، وەك پێچه‌وانەی خواستی گشتی وێنا دەكات، دەیەوێت خۆشی حاكمی ئەو خواستە گشتییە بێت كە لە خەیاڵدانیدایه‌ و تواناكانی خۆی لە دروستكردن و ئاڕاستەكردنیدا خەرجدەكات. ئه‌‌م جۆره‌ گوتارانه‌ خاڵییه‌‌ له‌ ئه‌خلاقی سیاسی، چونكه‌ ئه‌خلاقی سیاسی به‌ده‌رنییه‌ له‌ ویژدان. ئه‌م دابڕانه‌ ئه‌خلاقییه‌ش گاڵته‌ كردنه‌ به‌ زانستی سیاسی و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌تی بۆ چاوبه‌ستی زۆرینه‌. له‌ بنه‌ڕه‌تدا سیاسه‌ت زانستێكه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه‌ و تێیدا هاوڵاتییان وابه‌سته‌دەبن به ‌ژیانی هاوبه‌شی مەدەنییانەوە، بەڵام ئه‌و زۆرترین سامانی گشتی به‌هه‌ده‌ر دەدات بۆ دروستكردنی كۆده‌نگی بۆ دژبوون به‌ بونیاتی ژیانی مەدەنی و هاوبه‌شی و پێكه‌وه‌یی.
كولتووری سیاسه‌تی پۆپۆلیزمی له‌ قاڵبدانی مرۆڤه‌ له‌ فه‌زایه‌كدا كه‌ دایده‌ماڵێت له‌ ئایدیای لۆژیكی ده‌لاقه‌كانی ڕۆشنگه‌ری له‌سه‌ر داده‌خات‌. به‌ به‌رده‌وامی ئه‌م گوتاره‌ سه‌پۆرت ده‌كرێت، هه‌تا لای به‌شێك له‌ خه‌ڵكی ده‌بێت به‌ خوو، هێزی خووش توانای زاڵبوونی به‌سه‌ر زكماكییه‌تی ئازادیخوازی مرۆڤدا هه‌یه‌، له‌ وه‌ها دۆخیكدا پۆتانسێلی مرۆڤ چه‌قده‌به‌سێت. نا توانێت دوای ئامانجە باڵاو بەهادارەكانی بكەوێت.
له‌به‌ر ئه‌م فاكتانه‌ پارتی پیویستی به‌دیدگایه‌كی فراوان و واقیع بینانه‌یه‌، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یرانه‌ هه‌نوكه‌ییەکا‌ن.