قوربانیدان لە پێناو نیشتماندا

بەكر كەریم حەسەن

(برایان ترەیسی) نووسەر و قسەکەری دیاری بواری گەشەپێدانی ئەمریکی دەڵێ “بۆ ئەوەی ببیتە سەرکردە و ڕابەر پێویستە میللەت لە خۆیانەوە خۆبەخشانە ملکەچت بن و خۆشیان بوێت و هەتا ئەگەر هیچ پلە و پایەشت نەبێ”.
ئاشکرایە هەرکەسێک کە دەبێتە سەرکردەیەکی کاریزمایی، لە ڕۆح و هەست و هزرو ویژدانی میللەتەکەی دەژیێت، هەموو ژیانی خۆی دەکاتە قوربانی میللەتەکەی و سەربەرزی خاک و نیشتمانەکەی بەبێ ئازادی میللەت و نیشتمانەکەی هیچ نرخ و بایەخێک بۆ پێگە و پایەی خۆی دانانێ و دەربەدەری و ئاوارەیی لا سەربەرزتر و مەردانەترە لە ژیانێکی شاهانەی بندەستی و کۆیلەیی و چەوساوەیی. میللەتی کورد لە مێژوودا چەندان سەرکردە و شۆڕشگێری مەزنی هەبووە لە خەبات و قوربانیدان و تێکۆشان سەرقافڵەیان (بارزانی نەمر) کە هەموو پلە و پایەو ئیمتیازاتێکی ڕەت کردەوە هەردەم سەربەرزی میللەتەکەی و ئازادی خاک و نیشتمانەکەی لەلای لە هەموو شتێک گرنگتر بوو. میللەتی کوردیش شایەتیی زیندوویی شۆڕشگێڕی و ئازایی و قارەمانیەتی و لەخۆبردووییی بۆ دەدەن لە سەرجەم وێستگەکانی قوربانیدان و بەرخودان.
گرنگە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی ئاشنا بکرێن بە ژیانی و قوربانیدانی سەرکردەی لەخۆبردووە کە هەرگیز سازش و مساوەمەیان لەسەر مافی نەتەوایەتی و نیشتمانی نەکردووە چ ئێستا و چ ئەوسا، هەر میللەتێک ناسراوە بە ڕابەرە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکان و مێژووش خاڵ‌بەخاڵ تۆمار دەکات و گرنگترین شت وەفاداری و ئەمەکداریی تاکەکانی کۆمەڵگەیە بەرامبەر بە ڕابردوو و خەباتی نەپساوەی شۆڕشگێڕە سەربەرزەکان.
پێم خۆشە لەم وتارەدا ئاماژە بە چیرۆکی لەسێدارەدرانی (محەمەد کەریم) سەرکردەی ئەسکەندەریەی میسر بکەم. کاتێک (محەمەد کەریم) پاڵەوانی ئەسکەندەریەی میسر رووبەڕووی فەرەنسیە داگیرکەرەکان بووەوە؛ دواجار لەلایەن فەرەنسییەکان دەستگیر کرا و فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، (ناپلیۆن) ناردی بە شوێنیدا و پێی گوت: قورس لە سەرم دەکەوێت پیاوێک لەسێدارە بدەم کە زۆر مەردانە بەرگری لە وڵاتەکەی خۆی کردووە؛ نایشمەوێ لە مێژوودا بنوسن (ناپلیۆن) کەسانێکی لەسێدارە دا کە بە هەموو توانستەوە بەرگرییان لە خاکەکەی خۆیان دەکرد؛ لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت بەڕێز (محەمەد کەریم) من لە بەرامبەر (10000) دەهەزار لیرەی زێڕ لێبوردنت بۆ دەردەکەم، ئەوەش باجێکە لە بەرامبەر کوشتنی سەربازەکانم، (محەمەد کەریم) گوتی: “بەڕێز (ناپلیۆن) من ئەو پارەیەم نییە و، زیاتر لە (100) لیرەی زێڕیش قەرزاری بازرگانە نێوخۆییەکانم (ناپلیۆن) پێ دەڵێت من مۆڵەتت دەدەمێ بچێتە نێو خەڵکی خۆت و لە بازاڕەکاندا داوای پارەیان لێ بکەیت. دوای ئەوە بە دەستبەستراوەیی بردیانە نێو بازاڕ دەورە درابوو بە کۆمەلێک سەربازی فەرەنسی، بەڵام هێشتا ئومێدێکی هەبوو چونکە ئەو سەرکردەی ئەو خەڵکە بوو لە پێناو ئەواندا خۆیان کردبووە ناو ئەو دۆخەوە، بەڵام تووشی شۆک بوو؛ تەنانەت یەک بازرگانیش یەک لیرەی زێڕی پێ نەبەخشی بۆ ئەوەی لە پەتی سێدارە رزگاری بکەن. سەرباری ئەوەش بازرگانەکان بە هۆکاری وێرانکەوتنی ئەسکەندەریە لەقەڵەمیان دا و، پێیان گوت “تۆ هۆکاری تێکچوونی دۆخی ئابووریت، (محەمەد کەریم) دەستبەتاڵ گەڕایەوە لای ناپلیۆن، ناپلیۆن پێی گوت: “هیچ ڕێگایەکی ترم لە بەردەمدا نەماوە جگە لەوەی لەسێدارەت بدەم، نەک لەبەرئەوەی سەربازەکانمت کوشتووە و رووبەڕوومان بوویتەوە، بەڵکو لەبەرئەوەی خۆت کردە قوربانی کەسانێک کە بازرگانیان زۆر لە ئازادی و وڵاتەکەیان لا شیرینترە. هەرئەوەشە (محەمەد رەشید ڕەزا) دەڵێ: “ئەوەی لە پێناو کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا شۆڕش دەکات وەک ئەوە وایە ئاگر لە جەستەی خۆی بەر بدات و تاوەکو ڕێگایەک بۆ کوێرێک ڕووناک بکاتەوە.

ڕاوێژکار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە کارگێڕیی پەروەردەیی

ھەواڵی زیاتر