گرنگی ئافرەتان لەناو پرۆسەی هەڵبژاردن

زیــــــبا تـەهـــــــــــا*

ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان، بەشێکن لە بنەماکانی دیموکراسیەت لە وڵات. ھەموو تاکێک مافی خۆیەتی بەشداربێت لە پتەوکردنی کۆڵەکەکانی دیموکراسیەت کە لەرێگەی ھەڵبژاردنەوە دێتەبوون، و دەنگدەر چانسی ئەوەی ھەیە کەسانی بەتوانا و لێھاتوو ھەڵبژێرێت، کەدواجار رۆڵیان لەپێشنیارکردنی ئەجێندا و دانانی بیرۆکەی بەرھەمدار بۆ کۆمەڵگە دەبێت. بەشداریکردن لە پرۆسەی ھەڵبژاردن ھۆکاری بەدیھێنانی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە، و لەھیچ پرۆسەیەکی تر ئەم مافانە بەدی نایەن.
ئافرەتان وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لەکۆمەڵگە، رۆڵێکی گرنگیان لەدروستکردن و فراوانکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردن ھەیه‌، نابێت ڕێگە بدەن ھیچ کەسێک ئەو مافەیان لێ زەوت بکات، بەپێچەوانەوە دەبێت لەپێناو ھێنانەدی سەرجەم مافەکانیان زیاتر بجەنگن و پێداگیری لەسەر ھێنانەدیان بكه‌ن. مافی دەنگدان بۆ ئافرەتان مافێکی ئاسایی نەبووە، ھەتا پشتگوێ بخرێت، بەڵکو بەدرێژایی مێژوو لەقۆناغ و شوێنی جیاواز ھەوڵی بۆ دراوە و بەپێی یاسا ئەو مافە بەدەستھێنراوە.
نایەکسانی جێندەری و جیاکاری لە کۆمەڵگە و لە سیاسەتدا، کاریگەری نەرێنی لەسەر بەشداریکردنی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەکاندا وەک دەنگدەر و کاندید ھەیە. ئافرەتان زۆرجار ڕووبەڕووی ئاستەنگی کۆمەڵایەتی، جەستەیی، دەروونی، ئابووری و كلتووری دەبنەوە کە ڕێگرن لە مومارەسەی تەواوی مافی بەشداریکردنیان و زۆرجار تووشی هەڵاواردن و توندوتیژی دەبن، ئەم بارودۆخەش تەنھا بە بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن چارەسەر دەکرێت. کاتێک ئافرەتان فیگەری گۆرینی روودا و پێشھاتە سیاسییەکان بن ئەو کاتە دەبنە دارێژەری نەخشەرێگای ستراتیژییەتی وڵات بەھاوشانی پیاوانی سیاسی دەتوانن کاریگەرییان ھەبێت.
ئافرەتان توانیویانە بەرپرسیارێتی لەکەرتی گشتیی و تایبەتیدا ھەڵبگرن، و ئەنجامی باش بەدەستبھێنن، بەڵام بەشداریکردنیان وەک سیاسەتمەدار هێشتا لەئاستی خواست و زەرووریەتدا نییە. یەکێک لە ڕێگاکانی ئەگەری ڕاستکردنەوەی ئەم دۆخە لە داهاتوودا، زیادکردنی ئاستی بەشداریکردنی کچان و ئافرەتانی گەنجە لە سیاسەتدا. شارەزاییانی بواری سیاسەت پێیانوایە بەهێزکردنی ئافرەتان و کچانی گەنج لەناو پرۆسەی سیاسیدا دەبێتە ھۆکاری بەرزبوونەوەی رێژەی ئافرەتانی سەرکردە، و بەھەمان شێوەش ئافرەتانی سەرکردەی سەرکەووتووش دەبنە میکانیزمێک بۆ بنیادنان و پەرەپێدانی ھێزی کچان و ئافرەتانی گەنج، کەدواجار کۆمەڵگەش سودمەند دەبێت لەو بەشداری پێکردنەی ئافرەتان.
گرنگە ئافرەتان موماره‌سه‌ی ئەو مافە مەدەنیەی خۆیان بکەن و ھاندەریش بن کە تەواوی کۆمەڵگە بەئەقڵیەتێکی مۆدێرنەوە بیر لەداھاتووی وڵات بکەنەوە، و خەمخۆرانە بەشداری بکەن لە پرۆسەی ھەڵبژاردن. بەشداریکردنی ئێستا فاکتەرێکە بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی شارستانیەت و کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتوو لەڕووی دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانی ژیان، کەدواجار نەوەی ئایندە تێدەگەن ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی نیشتمان ڕێگەیەک بووە بۆ دروستکردنی ئایندە. ئەم ھەنگاوەش بەئافرەتان و کچانی خاوەن ھەڵوێستی نیشتمانی و پارێزەری شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکرێت، ئەم ھەڵوێستەش ھەر لەئافرەتانی کوردستان چاوەڕێ دەکرێت، کە بەدڵنییایەوە دەبنە بەشێکی سەرەکی لە و ئەرکە نیشتمانیە. لەم دیدگایەوە پێمانوایە کە تاکە ڕێگەچارەی پێشکەوتنی وڵاتمان بە بەشداریکردنە لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و دەنگدانە بەکەسانێک کەدەتوانن ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی جەماوەر، دەنگدەری ھۆشیار نوێنەری خاوەن ھەڵوێست و ھۆشیار ھەڵدەبژێرێت، ئافرەتانیش ھەمیشە ھۆشیار و بەئاگان لەپێدانی متمانە، ھەمو ئەمانە دەبنە ھەوێنی بنیادنانی کۆمەڵگەیەک کە تێیدا مافەکان پارێزراو و بەدیھاتوون، و ئافرەتانیش تێیدا دەبنە سەرکردە و سیاسەتمەداری سەرکەوتووی وڵات.

ھەواڵی زیاتر