سەرەتا تۆ گرنگی بەخۆت بدە تا لەلای هەمووان گرنگ بیت

لاڤان شاخەوان

بەشێک لە ئێمە هەمیشە لێمان خۆشە دەوروبەرەکەمان گرنگیمان پێبدەن و بە کەمترین گرنگی ئەوان تا دواڕادەی دڵخۆشی دڵخۆش دەبین، لە کاتێکدا خۆمان دەتوانین باشترین کەس بین بۆ خودی خۆمان.
خود خۆشویستن : نرخدانانە بۆ خودی کەسێک لەو چالاکییانەوە سەر هەڵدەدات کە پاڵپشتی جەستەیی و دەروونی و ڕۆحیمان دەکات، خۆشویستنی خود مەبەست لێی لە خۆبای بوون و خۆ پەرستی نیە بەڵکو مەبەست لێی ڕێز و گرنگییەکی زۆرە بۆ تەندروستی و دڵخۆشی خۆت، گرنگی بە پێویستییەکانت بدەیت و خۆت نەکەیتە قوربانی بۆ دڵخۆشکردنی ئەوانی تر هەروەها خۆت نەخەیتە ژێر بارودۆخێکەوە کە شایەنی نەبێت.
لەسەر هەر یەکێکمان پێویستە دڵنیاببین لەوەی بە خۆش ویستنی خۆمان دەتوانین باشترین پێشکەشی دەوروبەرەکەمان بکەین جا لەناو خێزان بێت یان لە شوێنی کارەکەمان، خۆشویستنی خۆت هەمیشە یارمەتیت دەدات بڕیارە باش و دروستەکان بدەیت لە ژیانتدا، کاتێک خۆت لەسەرووی هەموو شتێک دادەنێیت ئەو شتانە بۆ ژیانت هەڵدەبژێریت کە پەروەردەت دەکات و بەباشی خزمەتت دەکات و ژیانت بەرەو پێش دەبات.
لێرەدا لەسەر دایک و باوکان پێویستە کە گرنگیەکی زۆر بدەن بە منداڵەکانیان و لە سەرەتایی تەمەنیانەوە بە تەواوەتی خۆشویستنی خود لە ناخیاندا بڕوێنن، چونکە یارمەتییان دەدات لە ژیان و پەیوەندییەکانیان سەرکەوتوو ببن.
سەبارەت بە خۆشویستنی خود توێژینەوەکان لە ئێستادا ئاماژەبەوە دەدەن کە خۆشنەویستن و پەسەند نەکردنی کەسایەتی، گەورەترین هۆکاری دروستبوونی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و هەوڵدانە بۆ کۆتاییهێنان بە ژیان لە چەندین کەسدا، خۆشویستنی خۆت وا دەکات بتپارێزێت لە چەندین نەخۆشی دەروونی و هەروەها نائاسوودەبوون بەرامبەر خەڵکی، ئەو کەسانەی بەها بۆ خۆیان دادەنێن و ڕێز لە خۆیان دەگرن گوێ نادەن بە قسەی خەڵکی و لەبەر ئەوەی کەسانی تر کەسایەتی ئەوانیان لا پەسەند نییە خۆیان دڵگران ناکەن کە ئەمەش باشترین کارە کە مرۆڤ بەرامبەر خۆی ئەنجامی بدات.

ھەواڵی زیاتر