پارتی و ئەوانی تر سەرچاوەکانی گەورەیی پارتی چین؟

د. سالار عوسمان

هەر لەنێو ئەم باسە قسەهەڵگرەدا، (پارتی و ئەوانی تر)، ئەمجارەیان دێینە سەر قسەکردن لە گەورەیی پارتی، ئایا سەرچاوەکانی ئەو گەورەییە چین؟. بۆ هەندێ لە بەرانبەرەکانی ناتوانن ئەم گەورەییە ببینن و سیاسییانە و واقعییانە بەرخوردی دەگەڵدا بکەن؟
بۆ ئەوەی دەرازینکێکی ڕووناک بۆ گفتوگۆ بکەینەوە، جارێ دەبێ ئەوە بڵێین، کە کوردستان دۆزێکی ڕەوای هەیە و ئەم دۆزە ڕەوایەش نەیار و دژ، تەنانەت دوژمنیشی هەیە، بەواتایەکی تر، تا ئێستا پرسی خاک، گەل و مافەکانی گەلی کوردستان یەکلانەبۆتەوە و هێزگەلێک، گەر بۆیان بکرێ و بلوێ و بسازێ دەیانەوێت کوردستان بسڕنەوە، نموونەکانی نێو مێژوویش، بە مێژووی کۆن و نوێوە وا لەبەردەستن و سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن، دوای ئەم ڕاستییە دەبێ ڕاستییەکی تریش بڵێین، کە پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا لەپێناو کوردستان و بەرژەوەندییەکانی گەل دامەزراوە و، تاکە دەستپێکی خەباتی نیشتمانیی کوردستانە، کە هەڵقوڵاویی ڕاستەقینەی نێو داخوازییەکانی گەلە و نوێنەرایەتیی قووڵترین مێژوو و زۆرترین دەسکەوت دەکات، کە تا ئێستا بەردەوامە و بەئایندەبینییەوە بۆ ژیانێکی باشتر لە پێشڕەوییش دایە.
پارتی کردار بووە نەک پەرچەکردار، کە ئەمەش بۆ خۆی بابەتێکی قسەهەڵگرە و لێرە هەر هێندە دەڵێین: کردار هەمیشە بنیاتنەر و کۆکەرەوە و ئارام و هەمووبینە، ئیتر مادامەکێ پارتی لەپێناو کوردستان و دۆزەکەی دامەزراوە، کەواتە پارتی هەم دۆزدارە و نوێنەرایەتیی ئەم دۆزە دەکات، هەمیش لەسینگگرتنی نەیار، دژ و دوژمنانی خاوەن مێژوویەکی گەورەیە، بەشێک لەو مێژووە بریتییە لە شەڕ، دانوستان و ئاشتی کە بۆتە جۆرێک لە دانایی سیاسی و دیپلۆماتی و، بڕواناکەم هیچ حزبێکی تری کوردستان و عێراق ئەو گەنجینە دەوڵەمەندەیان هەبێت، کە دواجار بۆتە ئەزموونداریی سیاسی بۆ هەموو کوردستان.
بەکورتی لە کوێ دوژمن، دژ و نەیارێکی کوردستان و گەلەکەی هەبێت، ئەوە تیرەکانی لە پارتی ـ یە، خۆ دەکرێ هەموومان سەیری مێژوو بکەین، کە ئایا زۆرترین شەڕ، پیلان، ئاژاوە، تیر، تانە و تەشەری دژ بە کوردستان، لە کوێوە دێت و ڕووی لە کێیە؟. ڕێک هاوکێشەکەمان بۆ ڕوون و یەکلادەبێتەوە، کە ئەوە پارتی ـ یە زۆرترین شەڕی پێفرۆشراوە، زۆرترین پیلانی دەرهەق کراوە و زۆرترین ئاژاوەشی تێئاڵێننراوە و، خۆ تیر و تانە و تەشەرەکانیش هێند زۆرن لە هەژمار نایەن، ئەمە چەندە پارتی ماندوو کردبێ، لێ دووهێندە و پتر هێز و شیان و شەوکەت و شەهامەتی قەومی و نەتەوەیی و نیشتمانیی پێ بەخشیووە، ئیتر ئەمە قەدەری پارتی ـ یە، کە دەبێ دۆزداریی بکات و زایەڵەی دەنگی کورد و کوردستان بێت و بەرگەی زۆرترین شەڕ و پیلان و ئاژاوە و تیر و تانە و تەشەریش بگرێت و، هەر بە گەورەییش بمێنێتەوە !. کە دیارە ئەم پڕۆسە سیاسییە مەزنە پڕ ئەرکەش، ڕێبەرایەتییەک ڕەسم و پراکیتزەی کردووە و دەیکات، کە پێی دەوترێت: (ڕێبەرایەتیی بارزانی)، ئەوانەیشی، کە لە پشت ئەم ڕەسم و پراکتیزە سیاسی و نیشتمانییەن، دڵسۆزەکانی ڕێبازی بارزانی ـ ن، کە جگە لە پارتییەکان، کوردستانیانی ڕاستبین و نیشتمانپەروەریشی دەگەڵدان و، ئیتر هەموو پێکڕا کوردەواریی و تابلۆ گەورەکەی نیشتمانیان ڕەنگین و بەهێز و بەرهەمدار کردووە.

ئەگەر بە کورتی و پوختی و کۆکراوەیی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە: (سەرچاوەکانی گەورەیی پارتی چین؟.)، ئەوا دەکرێ بڵێین:
ـ نوێنەرایەتیکردنی ڕاستینەی دۆزی کوردستان.
ـ ڕێبەرایەتیکردنی بارزانی
ـ خاوەنداریەتیی قووڵترین مێژوو و زۆرترین دەسکەوت و ئایندەبینیی بۆ ژیانێکی باشتر.
ـ تێکوشان و دڵسۆزیی ڕێبوارە دڵسۆزەکانی، کە زۆرینەی گەلی کوردستانن.

ھەواڵی زیاتر