هەرچی ناشیرینەکانمانە لەناو ڕاگەیاندنە!

پ.د.نەزاکەت حسێن

هیچ میلەتێک نییە، مێژووی کەلتوری شارستانیەتی پڕنەبێت لەجوانی و لەناشیرینیش، سەرکەوتن هەیە، شکستیش هەیە، داب و نەریتی خراپ هەیە باشیش هەیە، جەنگ هەیە ئاشتیش هەیە، توندڕەوی هەیە لێبوردەییش هەیە، ڕژدی هەیە بەخشندەیش هەیە….هتد بەڵام جیاوازی ئێمە لەگەڵ بەشێک لەونەتەوانە، ئەوەیە کە ئەوان ژیان و خۆیان وەک ئەوەی کەهەیە واقعی پیشانی دەدەن، بگرە زۆر جاریش ئارایشت دەکەن و خراپیەکان و دیوە ناشیرینەکانیان دەشارنەوە و یان بچووکی دەکەنەوە. چونکە کۆمەڵگەکەت ماڵی خۆتە، کەس هەیە حەزبکات ئەوەی هەیەتی لەباش و لەخراپ لەماڵی خۆی بیخاتە بەرچاو. بەداخەوە زوومی کامێرای ڕاگەیاندنی کوردی لەسەر شتە ناباش و خراپ و ناشیرینەکانە، ڕاهێنراوە بەدوای ئەوەدا بگەڕێت و گەورەی بکات. لەسەردەمی سۆشیاڵ میدیا و ئەوهەموو پلاتفۆرمانە بەردەستی هێنان و بێ فلتەر بێ دەرگاوان بوونی میدیا، وایکردووە خەریکە کێشە کەسی و ژیانە تایبەتەکانیشمان لەوێ باس دەکەین و یەکلای دەکەینەوە، هەیە کێشەی خۆی و هاوسەرەکەی، خۆی و خوشکەکەی، خۆی و براکەی کێشەی عەشیرەتەکەی یان هاورێ و دۆستە دڵدارەکەی هێناوەتە بەرچاوی خەڵک وفەیسبووک و باسی دەکات و خەڵک دەکاتە ناوبژیوان. جگە لەو برسیەتیەی زوومی کامێرای کوردی بۆ وێنەگرتنی شتی ناشیرین و کێشە دروستکەرو شکاندن و ناوزڕانی سیاسیەکان و ڕەفتار و ئاکاریان. لەکاتێکدا پیشاندانی ناشیرینی بەپێی ڕەچاوی ئیتیک و یاسا و پرنسیپی ئەخلاقی بەمەبەستی بەدواداچوون و چاک کردن و چاکسازی، بەم نیەتە و بەم ئامانجە کاری سەرەکی ڕاگەیاندنە.بەڵام ئەوەی لە ڕاگەیاندنی کوردی دەکرێت بەداخەوە تەنها بۆ شکاندن ودەرخستنی ناشیرینیەکان و ئاگربەردانە گرژیەکان و ململانێکان، دوورخستنەوەی زمانی گفتوگۆ و سازان و یەکڕیزی و پێکەوەژیان و پێکەوە هەڵکردنە.کارەکەش هەربەمە ناوەستێ دەرهاویشتەکانی و ئاسەوارەکانی وەک ژەهرێک دەڕژێتە کۆمەڵگە، ئەوەی ئاکار و بنەمای جوانیش هەیە لەکۆمەڵگە دەیسڕێتەوە.چونکە میدیا واتە بەرهەمهێنانی کەلتوور، قوتابخانەی بەناوبانگی فرانکفۆرت دەڵێت” ڕاگەیاندن پیشەسازی کەلتوورە’واتە کەلتوور بەرهەم دێنێت،دەتوانێت کەلتورێک بسڕێتەوە کەلتوورێکی تر بخاتە شوێنی.ئەگەر سەیری ئەوە بکەین کە کەلتوورە کەبووەتە نۆرم لەراگەیاندنی کوردی بەنەریتی و نانەریتی،رق،کینە،تۆڵە کردنەوە،گاڵتەکردن، ناوزڕاندن و ململانێ و خیانەت،نەمانی متمانە، بێ ئیتیکی .ئەمەش بەشێکی د ەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە ئێمە خەڵکێکی شەفاف و ڕاشکاو و ڕاستگۆ نین لەگەڵ یەک،بۆیە شەڕەکانمان لە ڕاگەیاندن بەسێبەور ناراستەوخۆ دەیکەین .راستەوخۆ موجامەلەی یەکتر دەکەین .لەکۆنیشدا دەڵێن کە یەکێک رقی لەکەسێکی تربووایە، یان تۆڵەی لێبکردایتەوە دەچوو باخ و ڕەزەکەی دەسوتاند بەیانی دەهات لەچایخانە لەگەڵ خاوەن باخە سوتاوەکە دادەنیشت و موجامەلەی دەکرد وسەرەخۆشی لێ دەکرد. بەڵام ئەمە بەشێکی زۆر کەمی نۆرمی کۆمەڵگەی کوردی بوو زۆرینەی گۆشەکانی تری جوان بوو.بەڵام بەداخەوە ئێستا وەبەرهێنان لە وبەشە بچوکە خراپەی کراوە لەراگەیاندن . ئەوە زەق دەکرێتەوە.بێ ئاگا لەوەی کە چیمان بەسەر کۆمەڵگە هێناوە بەو ژەهرو بەرهەمە توندڕەوی و ئاکارە نادروست و ئاماژە خراپ و فەزیحەتانەی دەیخەینە ڕوو لە راگەیاندنەکانمان یان لەئەکاونتە کەسیەکانمان.ئەگەر چاودێرێک لەدەرەوەی راگەیاندنەکانمان هەڵسەنگاندن بۆ ئەم رەفتارانەمان بکات لەراگەیاندن دەڵێت کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی خاڵی لەئیتیک و ئاکار و لێبوردەیی و جوانین، کە لەڕاستیدا وانییە . ڕەنگە بەبەراورد بە زۆرێک لەکۆمەڵگەکان پێشەنگ بین لە ئاکار وکەلتووری جوان. بەڵام ئەوان جوانیەکانیان زەق دەکەنەوە لەڕاگەیاندن، ئێمە ناشیرینەکانمان.

ھەواڵی زیاتر