چاوەڕوانییەکان مەکوژن

بەكر كەریم حەسەن

(جوبران خەلیل جوبران) شاعیر و نوسەری دیاری لوبنانی دەڵێ ” کاتێک گوللە بەر دڵم کەوت نەمردم، بەڵام ئەوکاتە مردم کە دیتم کێ تەقەکەی کردووە”.
گومان و شک لەوەدا نییە وەفاداری و دڵسۆزی لە سیفات و ئادکارەکانی کەسانی پاک و بێگەردن، کە هەمیشە دڵسۆزی و وەفاداری ڕۆڵی هەرە گرنگ و کاریگەریان هەیە لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندییە کەسی و کەسۆکییە جۆراوجۆرەکان و بە درێژایی کات و بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکارییان بە سەردا نایەت.
خۆڕاگرن و باوەریان بە خۆیان هەیە و کات و شوێن و ڕەشەبا و شەپۆلەکان نایانگۆڕن و نایانچەمێننەوە، کە ئەوەش هەر بە قسە و وشە و دەربڕین نابێت، بەڵکو ئەو جۆرە کەسانە هەست دەکەن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە وڵات و خاک و مرۆڤەکان بە گشتی و هەمیشە ئەوانە مایەی فەخر و شانازیکردن و دوور لە خۆدەرخستن و پیاهەڵدان و پێداگوتن و زمانشیرینی. ئەو جۆرە سیفەت و نیشانە و بەهایانە لە ناخدا بێت و بە ڕەوشت و کردار و هەڵوێستی کەسەکاندا دیار بێ، نەک بە قسەکردن و ڕازیکردن و هەڵخەڵەتاندن.
لێرەدا گرنگە هەموومان تایبەت مامۆستایانی خۆڕاگر هەمیشە ئەو بەها جوانانە زیاتر زەق بکەنەوە و گرنگیی پێ بدەن، لە کاتی نەسیحەت و ئامۆژگاریکردنی قوتابییە ئازیزەکانمان کە ئەوان ئامانەتی کۆمەڵگەن و گرنگە بتوانرێ بە جوانترین و باشترین و پارێزراوترین رێگا پەروەردە بکرێن و ببنە ئەستوندەیەکی هەرە بەهێز و خۆڕاگر بۆ بنیاتنانی پەیوەندییە کەسییە جێگیرییەکان و خۆشەویستیان بۆ خاک و نیشتمان و کوردستان، هەمیشە کەسانی ڕاستگۆ و دڵسۆز و بەوەفایان لێ بەرهەم بێت بۆ کۆمەڵگە و کوردستان.
هەروەک دەگێڕنەوە “قێزەوەنترین و ناشرینترین لێدان و کوشتن لە مێژوو ئەو کاتەی (قەیسەر یولیوس) ڕۆمانی کوژرا کە کاتێکی دژوار و سەخت و قورس بوو بۆی، کە دیتی هەموو ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان متمانەی پێ هەبوون خیانەتیان لێ کرد، هەموویان کۆ بوونەوە و کۆک بوون تا بە یەکەوە بیکوژن و بۆ ئەوەی خوێنەکەی پەرت ببێ و نەکەوێتە ئەستۆی یەک کەس، کاتێک یەکەیەکە بە خەنجەر و چەقۆ لە (قەیسەر یولیۆس)یان دا نەکەوت، وەستابوو سەرباری ئەو هەمووە خەنجەرەی لە جەستەی درا، کاتێک دیتی هاوڕێی تەمەنی (بروتۆس) کە وەکو برا بچووکێک وا بوو بۆی، بۆ لای ئەو ڕۆیشت و خوێنیش لە جەستەی دەچۆڕا و بەرەو ڕووی رۆیشت بە چاوی پڕ لە ئومێد و ئاسوودەیی وای زانی هاتووە ڕزگاری بکات دەستی خستە سەر شانی هاوڕێیەکی چاوەڕێ دەکرد هاوڕێی تەمەنی پەنای بدات و رزگاری بکات، بەڵام نەیزانی کەوا (برۆتۆس) چاوەڕێ نۆرەی خۆی دەکرد ئەویش بە خەنجەر لێی دا وەک ئەوانی تر. ئەلێرەدا (قەیسەر یولیۆس) ڕستە ناسراوەکەی گوت (هەتا ئەتۆش بروتوس!) ئەوکاتە قەیسەر کەوت و مرد کە دیتی نزیکترین هاوڕێی تەمەنی خیانەتی لێ کرد و خەنجەرلێدانەکەی پرۆتۆس (قەیسەر)ی کوشت. خەنجەرلێدانی ئەو تەنها لە جەستەی نەدرا لە دڵی درا لە ئیرادەی درا لە کەسایەتیی درا لە ئومێد و هیواکان و چاوەڕوانی درا، بۆیە هەمیشە گرنگە ڕۆڵەکانمان وا پەروەردە بکەین کەوا هەرگیز چاوەڕوانیەکانیان نەکوژن، هیوا و تێڕوانینەکانیان تەڵخ نەکەن و هەردەم جێگای متمانەی ئازیز و خۆشەویستان و نیشتمان بن.

ڕاوێژکار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە کارگێڕیی پەروەردەیی

ھەواڵی زیاتر