نەشتەرگەریە نامۆکە!

د. کەیفی زیرەك کەمال *

ئەڵقەی پێنجەم
لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم زانستی پزیشکی وەکو ئێستا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە نەدیبوو، چەندین نەخۆشی بکوژ لەو سەردەمە هەبوون کە ئێستا چارەسەرەکەی زۆر ئاسانە. بۆ نمونە نەخۆشیەکی وەکو سیل (Tuberculosis) کە ئەوەندە بکوژ بوو ناوی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە دەهات و دەیانگوت “سیل و سەرەتان!” بەڵام خۆشبەختانە ئێستا دەرمانە دژەبەکتریای هێندە کاریگەرمان هەیە کە ئەو نەخۆشیە گۆڕاوە لە نەخۆشیەکی کوشندەوە بۆ نەخۆشیەکی سادە.
هەر لەو سەردەمەدا نەخۆشیە دەروونیەکان لە خراپترین بارودۆخدابوون، بە جۆرێك نە هیچ دەرمانێك بەردەست بوو بۆیان نە هیچ جۆرە نەشتەرگەریەك، واتا ئەگەر کەسێك توشی نەخۆشیەکی دەرونی وەك شیزۆفرینیا، دووجەمسەری، خەمۆکی و قەلەقی بوبایەوە، دکتۆرەکان دەستەوەستان دەوەستان و هیچ شتێك نەبوو کە بۆیان ئەنجامی بدەن.
ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٣٥ تروسکاییەکی ئومێد بەدیار کەوت کاتێك دکتۆرێکی پرتوگالی بەناوی ئێگاس مۆنیز (Egas Moniz) نەشتەرگەریەکی دۆزیەوە بە ناوی لۆبۆتۆمی (Lobotomy) کە بۆ توشبووانی نەخۆشیە دەرونیەکان ئەنجامی دەدا، کە تیایدا پەیوەندیە کارەباییەکانی نێوان بەشی پێشەوەی مێشك (Frontal lobe) لەگەڵ بەشەکانی دیکەی مێشك دەبڕدرا، ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٤٩ خەڵاتی نۆبڵی بەدەستهێنا بۆ ئەم دۆزینەوەیە. لە هەمان کاتدا دکتۆرێك بە ناوی واڵتەر فریـمن (Walter Freeman) کە لە ئەمەریکا دەژیا هات ئەو نەشتەرگەریەی ئەنجامدا و دوای ماوەیەك دەنگدانەوەیەکی زۆری پەیاکرد، چونکە لەو سەردەمەدا هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکە لە بەردەم توشبووانی نەخۆشیە دەرونیەکان نەبوو بۆیە زۆر کەس چاوەڕێی ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەریە بوون. لەبەر ئەوەی نەشتەرگەریەکە ڕێگەی کردنەوەی کڵاوەی سەر ئەنجام دەدرا و ئەمەش کاتێکی زۆری پێویست بوو بۆیە دکتۆر فریـمن هەستا بە دۆزینەوەی ڕێگایەکی دیکە ئەویش ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکە بوو بەبێ کردنەوەی کڵاوەی سەر! بەڵکو لە بەشی سەرەوەی چاودا دەچووە ناو کەلەسەری نەخۆشەکە و پەیوەندەی بەشی پێشەوەی مێشك لەگەڵ بەشەکانی دیکەدا دەبڕێ.
دکتۆر فریمن بە ١٠ خولەك و تەنانەت بەبێ سڕکردن نەشتەرگەریەکەی ئەنجام دەدا، هەندێك جار دەستکێشیشی لەدەست نەدەکرد! لە ژیانی پزیشکی خۆیدا نزیکەی چوار هەزار نەشتەرگەری لۆبۆتۆمی ئەنجامدا، لە نێویاندا خوشکی جۆن کەنەدی تێدابوو کە ئەوکات هێشتا نەبووبوو بە سەرۆکی ئەمەریکا. ئەوەی جێی سەرسورمانە دکتۆر فریمن خۆی دکتۆری بواری نەشتەرگەری نەبوو!
ئەی چی بەسەر نەخۆشەکاندا دەهات؟ دوای نەشتەرگەری هەستیان دەکرد نەخۆشەکان ئەو کێشە دەروونیەی پێشتر هەیانبووە نەیانماوە، بەڵام کەسایەتیان بە تەواوی لە دەست دابوو! بەشێكیان وایان لێهاتبوو کە توانای خۆپاكکردنەوە و چونە سەرئاویان نەمابوو، هەروەها بە تەواوی هەست و سۆزیان لەدەست دابوو، کەسی وەهای تێدابوو بە درێژایی ڕۆژەکە دادەنیشت ڕوو لە دیوارێك بەبێ ئەنجامدانی هیچ جوڵەیەك! واتا بە تەواوی کەسایەتی خۆیان لەدەست دابوو و توانای بڕیار دانیان نەمابوو! هەروەها ١٥% نەخۆشەکان کەم ئەم نەشتەرگەریەیان ئەنجام دەدا هەر لە کاتی نەشتەرگەریەکە دەمردن بە هۆی خوێنبەربونی مێشك! ئەم دۆخە بەردەوام بوو تاوەکو دەرمانی پەیوەست بە نەخۆشیە دەرونیەکان دۆزرانەوە و ئەم بوارە بەرەوپێشچونی تەواوی بەخۆیەوە بینی. شایەنی باسە کە کۆتا نەشتەرگەری لۆبۆتۆمی لەلایەن دکتۆر فریمن ساڵی ١٩٦٧ ئەنجامدرا کە بەداخەوە نەخۆشەکە هەر لەسەر جێگای نەشتەرگەریەکە گیانی سپارد. دواتر نەشتەرگەریەکە لەسەرانسەری جیهان قەدەغەکرا بە بیانوی ئەوەی کە لەگەڵ بنەما ئینسانیەکان یەك ناگرێتەوە، بەڵام دوای چی؟!

ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کە هەرچەند دکتۆر و زاناکان کەسانی بەتوا و لێهاتوو بن، هەر داهێنانێك کە دەکرێ لە بواری پزیشکی پێویستە سەرەتا توێژینەوەی تەواوی لەسەر بکرێت تاکو لە سەلامەتی دڵنیا ببنەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی نەبنە قوربانی داهێنانی پزیشکی هەڵە.

  • پزیشکی گشتی
ھەواڵی زیاتر