ژینگەى ئارام

نێرگز مصطفى قادر*

(ژینگەى ئارام) یان چۆن ژینگەیەکى ئارام بۆ منداڵانمان بەرجەستە بکەین واتە پڕکردنەوەى کۆى پێداویستییەکانى ژیان.
چارەنووس و پێشکەوتنى هەموو گەل و نەتەوەیەک پابەندە بە چۆنیەتیی پەروەردەکردنى منداڵیان. مەبەست لێرە دەبێ دایک و باوک بە شێوازێک مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن کە پەروەردەیی بێت، واتە دەبێت لێزان بن لە پەروەردەکردن. منداڵ هەر لە سکى دایکەوە تاکو لەدایک دەبێت و دەبێتە مرۆڤێکى پێگەیشتوو، تا دەمرێت هەر لە هەوڵى پڕکردنەوەى پێداویستىدایە، ئایا دەبێ لە سەرەتاوە هەموو پێداویستییەکانى بۆ جێبەجێ بکرێت؟ لێرەوە نەخێر؛ لێرەدا دەبێ ڕوونى کەمەوە کەوا پێداویستى شتێکە و حەز و ئارەزوو شتێکى ترە، منداڵ دەبێ هەموو پێداویستى بۆ پڕ بکرێتەوە، بەڵام نابێ هەموو حەزەکانى بۆ جێبەجێ بکرێت. دەبێ منداڵ وا ڕابهێنرێت کە هەموو حەزەکانى ناتوانین بهێننە دى، ئەگەر گریا ئەگەر تووڕە بوو نابێت هیچ کات بەرامبەر منداڵ بێهێز بین دەبێ خۆڕاگر بین تەسلیمى گریان و هاواریان نەبین، دەبێ بزانن هەموو کات ناتوانین حەزەکانیان جێبەجێ بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا نابێ توندوتیژ بین لەگەڵیاندا، دەبێت زۆر بە لێزانانە و پەروەردەییانە هەڵسوکەوت بکەین، چونکە توندوتیژى کەسایەتى منداڵ لاواز دەکات، دەیکا بە مرۆڤێکى بێ باوەڕ بە کەسایەتى خۆى واتە ژینگەى ئارام و زەمینەى ڕەخساو بە جێبەجێکردنى هەموو پێداویستییەکانى منداڵە.
ئینجا ئەگەر کۆمەڵگا نەیتوانى ژینگەى لەبار و گونجاو بۆ ڕۆڵەکانى دابین بکات و پێداویستییە گرنگەکانى گەشەکردنى منداڵەکانى تێر نەکرد و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانیش شارەزای سایکۆلۆژیى منداڵ نەبوون، ئەو کاتە چارەنووس و پاشەڕۆژى ئەو کۆمەڵگایە دەکەوێتە مەترسییەوە، بەڵام ئەگەر خێزان و قوتابخانە و ئامرازەکانى ڕاگەیاندن و کۆمەڵ لە خزمەتى منداڵدا بوون، بەرنامە و پرۆگرام و شێوازەکانى پەروەردەکردنیان لەتەک سایکۆلۆژیى منداڵدا، یەکی گرتەوە، ئەو کاتە لەوە دڵنیا دەبین کە نەوەکانى داهاتوومان پاشەڕۆژ و چارەنووسى ئەم گەل و نەتەوەیە بەرەو هەڵدێر نابەن و دەیپارێزن.

بەڵێ، بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە…
لێرەدا دەمەوێ باس لە تیۆرى ماسلۆ بکەم کە هەموو پێداویستییەکانى ژیانى مرۆیی لە پێنج پلە یاخود بنچینە کۆ کردۆتەوە، کە هەرەمى ماسلۆى پێ دەڵێن. هەرەمى ماسلۆ لە هەموو بوارى ژیان سوودى لێ وەردەگیرێ، لە بوارى سایکۆلۆژى، بوارى سیاسەت، بوارى سەربازى، بوارى بازرگانى و کۆمەڵایەتى و هى تر. لێرەدا ئەم هەرەمە بەکاردێنین بۆ پێگەیاندنى نەوەى نوێ بۆ پێگەیاندنى منداڵە پاکیزەکانمان هەوڵ دەدەین بە هەر شێوەیەک بێت پێداویستییەکانیان بۆ پڕ بکەینەوە لە بنچینەى یەکەم تاکو پلەى پێنجەم تاکو دواڕۆژ و داهاتوویەکى گەش بۆ کۆمەڵگەکەمان بەرجەستە بکەین.
هەرەمى ماسلۆ یان تیۆرى ماسلۆ یان قوتابخانەى ماسلۆ: بریتییە لە دەروونزانى مرۆڤگەرایی، واتە قوتابخانەیەکى دەروونزانییە تەرکیز دەکاتە سەر تواناکانى تاک و پێداگیرى دەکات لەسەر گرنگیى گەشەکردنى مرۆڤ، وا دەکات مرۆڤ خۆى خودى خۆى بناسێت بەئاگا بێت و گوزارشت لە خۆى بکات، ئەم قوتابخانەیە ناوەندگیرییەکى باشى کردووە لەنێوان دوو قوتابخانەدا:

  1. بیمەى فەریزم، واتا ڕەفتارگەرایی
  2. قوتابخانەى دەروونشیکاری کە فرۆید خاوەنیەتى

شیکردنەوەى زیاتر
مرۆڤ لە ئەو ساتەى دروست دەبێت لە سکى دایکىدا، پێداویستى هەیە تاکو لەدایک دەبێت و بە درێژایی ژیانى تاکو دەمرێت، ئەم پێداویستییانەى لەسەرە تا کە دایک کۆرپەى لە سکە، دایک پێداویستى بۆ پڕ بکاتەوە وەک پێداویستى خواردن و هەناسەدان بە دایکییەوە بەندە و دەبێ دواتر پێداویستى دەروونى، لێرەدا دایک و باوک هەردووکیان ڕۆڵى خۆیان دەبینن، باوک دەبێ کەشێکى ئارام و لەبار بۆ دایک دابین بکات سۆزى پێ ببەخشێ تاکو دایک دەروونى ئارام بێت و هەمان هەست و سۆز بە کۆرپەى ناو سکى دەبەخشێ، لەوانەیە ئەم زانیارییە بەلاى زۆرینەى خەڵک سەیر بێت بەڵام کۆرپە لەناو سکى دایکى زیندەوەرێکى هەستیارە، د. بنیامین ئیسپاک دەڵێ: کۆرپەلەکان لە چوار مانگییەوە لە سکى دایکیدا دەبنە خاوەنى بونیادێکى تەواوى بیستن و هەستێکى تەواویان دەبێت و هەستەکان لەناو ناخ و سروشتن، خودا پێى بەخشیوین، دەبێت کەسانى دەوروبەر هەبێت هەتاکو ئەو هەستانە بۆشاییان تیادا نەبێت. هەستى خۆشەویستى، هەستى سۆزدارى، کە لە دەسەڵاتى مرۆڤ دا نیە ڕێگرییان لێ بکات، لە سەرەتاى دروستبوونى مرۆڤ، مرۆڤ ئەم پێداویستییەى هەیە، کە لەناو سکى دایکییەتى پێویستى بە خۆشەویستى هەیە، بەو هەستانەوە مرۆڤ مرۆڤە.
هەستەکان نابێت بۆشاییان تێدا بێت دەبێت هەموویان پڕ بکرێنەوە، بەهۆى هەست دەرک بە پێداویستى دەکرێت، بەهۆى هەستى تینوێتى هەست بە پێداویستى ئاو دەکرێت کە لەش پێویستی بە ئاوە و هاندانێک پەیدا دەبێت کە واى لێ دەکات مرۆڤ هەستێ ئاو بخواتەوە.
من لێرە ئەم نموونەیە دەهێنمەوە تاکو لاتان ڕوون بێت کە چۆن بە هەست پێداویستى دیار دەکەوێت، بەهۆى پێداویستى هاندان پەیدا دەبێت بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکان. با بیرمان نەچێت بابەتەکەمان لەسەر پڕکردنەوەى پێداویستى منداڵە، دەبێ هەموو پێداویستییەکانى پڕ بکرێنەوە، ئەگەر پێداویستى بەدى هات مرۆڤ بەرەو ئاستى باڵاتر دەڕوات کە ئەمەش لوتکەى کۆتا قۆناغى هەرەمى ماسلۆیە. با بێینەوە سەر تیۆرى ماسلۆ ئەبراهام ماسلۆى دەروونزان کە لە ساڵى 1908 لەدایکبووە و لە ساڵى 1970 کۆچى دوایی کردووە، وە لە ساڵى 1943 ئەم هەرەمەى داناوە، پۆلینێکى بۆ هەرەمى. هەرەمى ماسلۆ لەسەر شێوەى هەرەمى مسرى داڕشتووە، کە پێداویستییەکانى مرۆڤى دابەش کردووە بەسەر پێنج قۆناغ. یەکەم پێداویستى

  1. پێداویستى جەستەیی: کە لە نزمییەوە دەست پێدەکات بۆ سەرەوە، ئەویش پێداویستى (ئاو و خواردن و کەش و هەوا و پۆشاک و جێ ماوە دەگرێتەوە).
    ئەمەشیان پێداویستییە سەرەکى و قۆناغەیین، واتە مرۆڤ بەبێ پڕبوونەوەى ئەو پێداویستییانە ناتوانێت لە ژیان بەردەوام بێت، پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى منداڵیش لە ئەستۆى دایک و باوکە.
  2. دووهەمین قۆناغ لە هەرەمى ماسلۆ قۆناغى پێداویستى (ئارامى)یە پێویستى بە سەلامەتى ڕزگاربوون لە ترس، کە ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر دایک و باوک چۆن پێداویستى ئارامى پڕ بکەنەوە بۆ منداڵەکانیان، هەست بکەن کە لە سایەى ئەوان پارێزراون، دەبێ بزانین پڕ نەکردنەوەى هەر پێداویستییەک لەم پێداویستییانە کێشەى دەروونى لێ دەکەوێتەوە، لەبەر ئەوەى مرۆڤ کە لەدایک دەبێت مەوجودێکى ناقصە، بۆیە هەر لە سەرەتاى دروستبوونى مرۆڤ لە هەوڵى پڕکردنەوەى ئەم پێداویستیانەدا دەبێت تا دەمرێت، واتە کار و کاردانەوەى دایک و باوک لەگەڵ منداڵ زۆر گرنگە لە دروستکردنى ژیانى سۆزدارى ئەو منداڵە کە پێدەکەنێ، دایک لەگەڵى پێبکەنێ کاتێ دەگرى دایک بۆى دڵتەنگ بێت.
    ئەو پەیوەندییە هاوتەریبە زۆر کاریگەرە لە پێکهێنانى لایەنى سۆزدارى ئەو منداڵە، بە گەورەیی هەمان هەڵسوکەوتى کاتى منداڵى ئەزموون دەکاتەوە کاتێ دایک و باوک خەریکى خۆشەویستى گۆڕینەوەن لەگەڵ یەکتر ئەوکات منداڵ بە هەمان شێوە هەست بە ئارامى دەکات و هەست بەم پەیوەندییە تەباییە دەکات، لێرەوە بەم جۆرە دەتوانین پێداویستى ئارامى بۆ پڕ بکەینەوە.
    دووپاتی دەکەمەوە، کە سەرەتا پێداویستى هەیە واتە هەستکردن بە پێداویستى دواتر هاندان دروست دەبێت، هاندانەکان ڕەفتار و کردارەکانمان چالاک دەکەن جووڵەکردنێکى مەبەستدار بە ئیش دەخات بەرەو ئامانجێکى دیاریکراو.
  3. سێیەم پێداویستى، پەیوەستبوون، پێداویستى بەئەندامبوون، پێویستى ئینتیما پەیوەندى خێزانى بە کۆمەڵبوون واتە پەیوەندى کۆمەڵایەتى پڕکردنەوەى بۆشایی منداڵ لەگەڵ خێزانەکەى لەگەڵ دۆست و هاوڕێیانى، مرۆڤ بەتەنها ناتوانێ بژیێ، چونکە لە خۆڕسکەوە هەستى بە خۆشەویستى هەیە بە سۆزبوون ئەو هەستانە دەبنە هۆى کۆمەڵکردن بەیەکەوە و درێژەدانى پەیوەندى کۆمەڵایەتى، نامەوێ زۆر بچمە سەر قووڵایی هەرەمى ماسلۆ، من بە شێوەیەکى سادە و ساکار باس دەکەم تاکو دایک و باوک ئاشنایی پەیدا بکەن لەسەر ئەم زنجیرە پێداویستییە هەرەمییە.
  4. چوارەم پێداویستى؛ پێداویستى بڕوابەخۆبوون-بەنرخ بوون واتە عزة النفس – بەرزەخۆیی – ڕێز و پێزانین، لەم قۆناغەدا کە قۆناغێکە زۆر سەرەکییە بۆ منداڵ، ئەویش ڕێزگرتن و پێزانینى هەڵسوکەوت و کارەکانى منداڵە، منداڵ هەر کارێک جووڵەیەکى کرد ئەگەر باش بوو کارەکەى پێویستە ڕێز و پێزانینى بۆ دەربڕین و هانى بدەین بۆ کارى باشتر و هەڵسوکەوتى باشتر بە چەپڵەلێدان بۆى و ئافەرین، ئەگەر ئاوا هەڵسوکەوت بکەیت ئەو شتەى داوات کرد بۆت ئەکڕم لەلاى داپیرە و باپیرە و دەورەبەر باس کە ئەمڕۆ منداڵەکەت چەند شتى چاکى ئەنجام داوە هەڵسوکەوتى باش بووە، کە دایک و باوک وا ڕێزیان لێ گرت، متمانە دروست دەکات بۆ خۆى ڕێز لە خودى خۆى دەگرێت خۆى خۆش ئەوێت کە هەر تاکێکیش خودى خۆى خۆشویست و ڕێزى لەخۆى نا و ڕاست و دروست دەبێت لەگەڵ خۆى و دەوروبەرى.
  5. پێنجەم پێداویستى کە ماسلۆ ئاماژەى پێ کردووە کە بە لوتکەى هەرەم دادەنرێت، ئەویش شوێنى بەختەوەرىی مرۆڤە، گوزارشتکردن لە خود واتە سوود وەردەگرێت لە هەموو توانا و بەهرەکانى کە دەستەبەربوون لە هەر چوار قۆناغەکەى تر، مەبەست لێرە مرۆڤێکى داهێنەرى لێ دروست دەبێت و گەشە دەکات و دەگەڕێت بە دوای هەویە و شوناسێکدا، تایبەت بە خۆى بێت و سەربەخۆ؛ دەگەڕێت بە دواى کەسایەتییەکى جێگیر، لێرەوە ماسلۆ دەڵێ مرۆڤ دەتوانێت ببێت بە ئەو کەسایەتییەى کە خۆى دەیەوێت بەهۆى پڕکردنەوەى هەر چوار قۆناغى پێداویستییەکان.
    دایک و باوکى ئازیز! هەر لە کاتى پڕکردنەوەى پێداویستى و پەروەردەکردنى منداڵەکت دەبێ لە هەمان کاتدا ڕێگاى ڕاستى نیشان بدرێت، ئەم کار و ڕەفتارانەى کە شیاو نیە دەبێ سزایەکى بۆ دابنرێ، نەک سزاى جەستەیی و توندوتیژى بەڵکو سزایەک کە شتێکى داوا کرد بۆى نەکڕێ، یاخود ئەم هەفتەیە نایبەى بۆ ئەم شوێنەى کە داواى کردبوو کە لە تەمەنێکى زۆر بچووکیشە، ئەم شتانە تێناگا دەبێ بە شێوەیەکى سادە پێى بڵێى کە توندوتیژى بەرامبەر کایەکلێ (لەعابە)ى دەکات لێى دەدات، دەیدات بە عەرزدا، ئەو کاتە هەست دەکەى کە ڕەفتارى شەڕانگێزانەى هەیە، ئەم ڕەفتارەش لە ئەنجامى دیمەنێکە یاخود ناخى ئاسوودە نییە یان بۆشاییەکى هەیە کە پێداویستییەکى بۆ پڕ نەکراوەتەوە.
    کەواتە دەبێ هەم شێوازى سزا و هەم شێوازى پاداشتى لەگەڵ بەکاربێت بۆ ئەوەى ڕێگایەکى ڕاست و ڕەوان هەبێت. بەمەش پەروەردەکردنێکى ئاکارى و تەندروستى و ئەقڵیمان پێشکەش بە منداڵەکەمان کرد، ئەوا منداڵ دەبێتە خاوەن کەسایەتییەکى پتەو و بەمتمانە و بە چاوى خۆشەویستى سەیرى دەوروبەرى دەکات، ئەم ئەرکەش یەکەم لە ئەستۆى دایک و باوکدایە ئینجا دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان وەک باخچەى ساوایان و قوتابخانە تاکو دەگاتە قۆناغى زانکۆ. واتە بە هەماهەنگى دایک و باوک و کۆمەڵگە.
    هیوادارم سوودتان لە بابەتى ئەمڕۆ وەرگرتبێ؛ ڕۆڵەکانمان نەوەکانى داهاتوومانن پاشەڕۆژى ئەم گەل و نەتەوەیەن بە پەروەردەى ڕاست گەلەکەمان بەرەو هەڵدێر ناچێت و پارێزراو دەبێت.
    باسى ئەمڕۆمان کۆکراوەیەک بوو لە کتێبى (تکایە دایک و باوکێکى باش بن) و، هەندێک لە وتەکانى بەڕێز دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانى و ڕوونکردنەوەیەکى کورت لەسەر تیۆرى ماسلۆ.

لەگەڵ ڕێزم.

  • سەرپەرشتیارى هونەرى و شارەزا لە بوارى منداڵ
ھەواڵی زیاتر