کوودەتای چەواشە

حەمەسەعید حەسەن

شۆڕش چییە؟ لێرەدا لە ڕووی تیۆرییەوە ناچمە ناو شیکردنەوەی ئەو چەمکەوە، ئاخر خەریکی توێژینەوە نیم لەو بوارەدا، خەریکی نووسینی ستوونێکم. شۆڕش بۆ نموونە ئەوەبوو لە ٢٥ی یەنیوەریی ٢٠١١دا، لە میسر ڕووی دا. ئەوەیش کە دواتر ئیخوان ئەو شۆڕشەیان لەبن دەستی خەڵکی ڕاپەڕیوی میسر دەرهێنا و دەستیان بە سەریدا گرت، یان دروستتر دزییان، هەر وەک چۆن کۆمەڵێک جەردە کاروانێک ڕووت دەکەنەوە، شۆڕشی چەواشە بوو، بەڵام باشبوو خودای دلۆڤان کۆمەکی میسری کرد و لە ٣٠ی یۆنیۆی ٢٠١٣دا، دیسان خەڵکی ڕاپەڕیو، بوونەوە بە خاوەنی شۆڕشەکەیان.

(کوودەتا)یش بۆ نموونە ئەوەیە، جەنەڕاڵێکی وەکوو بینۆشێ، بە زەبری چەک و عەسکەر، نەک لە ڕێی دەنگدان و ڕاپرسییەوە، لە شیلی، لە (١١/٩/١٩٧٣)دا، دەستی بە سەر دەسەڵاتدا گرت. کوودەتا دەشێت خوێناوی بێت، وەک ئەوەی بینۆشێ، یان هەر لە کۆشکدا ڕوو بدات و سپی بێت، وەک ئەوەی لە قەتەر ڕووی دا و تەمیم بێ ئەوەی دڵۆپێک خوێن بڕژێت، لە ١١/١١/٢٠١١دا، دەسەڵاتی لەبن دەستی حەمەدی باوکی دەرهێنا. بەڵام بە گشتی ئەوە کۆمەڵێک عەسکەرن، ئیدی پلەیان باڵا بێت یان نەوی، لە ڕێی کوودەتاوە، ئیدی خوێناوی بێت، یان سپی، دەسەڵات زەوت دەکەن. دەشێت ئەوی سەرکردایەتیی کوودەتا دەکات، پلەی نەوی بێت، وەک قەززافی کە لە یەکی سێپتێمبەری ١٩٦٩دا، لە لیبیا کودەتای بەسەر ئیدریس پاشادا کرد، یان سوپاسالار بێت، وەک موحەممەد زیائولحەق کە لە پێنجی یۆنیۆی ١٩٧٧دا، لە پاکستان، کوودەتای بەسەر (مەحەممەد عەلی بۆتۆ)دا کرد.

مەبەستم لە کوودەتای چەواشە ئەوە نییە، هەندێک عەسکەری پلەباڵا یان نەوی، لە کوودەتاچییەکانی پێشوو، یاخی ببن و خۆیان دەسەڵات بگرنە دەست. مەبەستم ئەوەیە، کە لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ و بە دواوە، ئەوەی لە سولەیمانی ڕووی دا، لە بواری کوودەتادا، لەسەر ئاستی جیهان و بە درێژایی مێژوو، داهێنانێکی بێوێنە بوو. ئاخر کوودەتا بە گشتی کۆمەڵێک عەسکەر دەیکەن، ئەگەر سەرکوتوو بوون، دەبنە فەرمانڕەوا، ئەگەر نا یان لە سێدارە دەدرێن، یان لە زینداندا خۆیان دەبیننەوە. بەڵام ئەوەی لە سولەیمانی، لە (١٧ی شوباتی ٢٠١١) و ڕۆژانی دواتردا ڕووی دا، سەرانی کوودەتا، پلە و پایەی سەربازییان نەبوو، ڕۆژنامەوانانی (ئەهلی و ئازاد) بوون، کە کوودەتاکەیان سەری نەگرت، بە پلەی باڵای سەربازی خانەنشین کران!

ئەوە لە خۆڕا نەبوو، پلان بۆ داڕێژراو بوو، کە شاسوارانی بواری ڕۆژنامەوانیی (ئازاد و ئەهلی،) بایەخیان بە کاریکاتێر نەدەدا و جۆکێکیان نەدەگێڕایەوە، ئاخر وەک لە دوای حەڤدەی شوباتەوە، هێدی هێدی ئاشکرابوو، هەم کوودەتاکەیان کاریکاتێری کوودەتابوو، هەم خۆیان بەوەی بە پلەی باڵای سەربازی خانەنشین کران، لە مێژووی کوودەتاکانی دونیادا، قارەمانانی بەهێزترین جۆک بوون.

قەرارە بەم نزیکانە پەرلەمانی عێراق، ئەو ڕۆژنامەوانە ئەهلی و ئازادانەی سولەیمانی کە بە پلەی باڵای سەربازی خانەنشین کران، بە دادگا بدات.


(*) لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم، بۆ هەر دڵۆپێک لە خوێنی ئەو شەهیدانەی، بازرگانی بە کانیاوی خوێناویانەوە کرا.