دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

نوقمبوونی کەشتی

ئیسلام لەسەر دوو لاق ڕێی دەکرد، ترس لە ڕۆژی قیامەت و گەیاندنی ئیمان بۆ ناو دڵی کافران، لەڕێی داگیرکردنی وەڵاتانەوە. کێشەکە ئەوەبوو، ئەوانەی سەرقاڵی فوتووحات بوون، شوێن خۆشییەکانی دونیا کەوتبوون و تا دەهات لە خواپەرستی دوور دەکەوتنەوە. ئومەوییەکان (٦٦٢ – ٧٥٠) عومەری کوڕی عەبدولعەزیزی لێ دەربچێت کە سێ ساڵێک خەلیفەبوو، ئەوانی دیکەیان ئەو دنیایان لە بیر نەمابوو. ئەوانەی ئەهلی تەقوا بوون، باسیان لە خراپیی دەسەڵات و لەوە دەکرد، کێ بۆ میری باوەڕداران دەست دەدات و کێ نا.
حەسەنی بەسری کە (٦٤٢ – ٧٢٨ز) شایەتی ئەوەبوو، چۆن عەرەب لە تەنگەی چیای (تاریق)ەوە پەڕینەوە و ئیسپانیایان داگیر کرد، چۆن گەیشتنە سەند و لە پاکستان بەردی بناغەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامییان دانا، هەستی بەو مەترسییە کردبوو، فوتووحات لەپێناوی دەستکەوتدا دەکرێت، نەک لەپێناوی ئاییندا، بۆیە دەیگوت: (هەموو شتێک دەفەوتێت خوا نەبێت.) بەسری دەیگوت: ئەگەر بە ڕێنوێنییەکانی قورئانەوە وابەستە نەبین، شەرمەزاری ئەو دونیا دەبین. دەیگوت: (ئەی نەوەی ئادەم، بە تەنیا دەمریت و بە تەنیا لێپرسینەوەت لەگەڵدا دەکرێت، ئیدی بۆچی هێندە شەیدای ئەم دونیا ڕەوتەنییەیت؟ هێندە لەگەڵ ئەم دونیا بە، وەک ڕێت تێی نەکەوتبێت، ئەوەندە لەگەڵ ئەو دونیا بە، وەک هەرگیز جێی نەهێڵیت!)
حەسەنی بەسری وەک هەر زاهیدێکی ڕاستەقینە، بە جۆرێک لە خەم و ترسدا نوقم بووبوو، وەک دۆزەخ تەنیا لەبەر ئەو و عومەری کوڕی عەبدولعەزیز خەلق کرابێت. گوتارەکانی هێندە کاریگەر بوون، دڵی باوەڕدارانیان دەکرد بە هێلانە و ویژدانی موسوڵمانانیان زیندوو ڕادەگرت. چونکە ئادەم لە خۆڵ چێ کراوە، لە ترسی غەزەبی خوا، کە نزای دەکرد، دەیگوت: بریا هەر خۆڵ بوومایە! (ئەگەر ئەوەی من دەیزانم، ئەنگۆیش بتانزانیبا، کەم پێدەکەنین و زۆر دەگریان.) گرینۆکەکان ئەوانە بوون، بە کاریگەریی ئەو گوتەیەی پەیامهێن، بیریان لە گوناهەکانیان دەکردەوە، داوای بەخشینیان لە خودا دەکرد و خوویان دابووە گریان. خەرقانی لە شیعرێکیدا دەڵێت: (خوا وای پێ خۆشە، عەبدی خۆی بگری.)
کە بە قوفڵی ئیجماع دەرگای ئیجتیهاد خڕ داخرا، ئیدی فیکری بەبەردبوو، جێگەی لێکدانەوەی نوێی گرتەوە. (خوا یەکە،) ئەوە بناغەی باوەڕی ئیسلامە، ئەگەر بێجگە لە خوا، ڕەمزێکی دیکەیش بپەرستین، ئەوە شەریک بۆ خوا پەیداکردنە. مەعرووف کەرخی دەیگوت: (ئەگەر خوا عەبدی خۆی خۆش بوێت، دەرگای (عەمەل)ی چاکی بە ڕوودا دەکاتەوە و دەرگای (جەدەل)ی بە ڕوودا دادەخات.
سەرچڵییەکانی سۆفییەکان لە بواری زماندا، عەرەبیی جوانتر و زەنگینتر کرد، ئاخر هەم وشەیان بە شێوازی نوێ دەخستە ڕستەوە و هەم دەربڕینی تازەیان دادەهێنا. زمانی ئەدەبی فارسییش قەرزداری ئەو زمانە جوانەیە کە شاعیرانی سۆفی، عیشق و شەوقی خۆیان پێ دەردەبڕی. ئەوە یونس ئیمرەی شاعیری سۆفی بوو کە زمانی تورکیی کرد بە زمانێکی جوانی ئەدەبیی بەربڵاو. ئەوە هەر شاعیرانی سۆفی بوون، زمانەیلی هیندی، ئوردوو، بەنگالی و پشتوویان دەوڵەمەند کرد.
کە پایتەختی خەلافەت گوێزرایەوە بۆ بەغدا، حیکایەتە فارسییەکان جێیان بە عەرەبییەکان لێژ کرد، ئیدی داستانە فارسییەکان وەک سەرچاوەیان لێ هات و کاریگەریی بیروباوەڕی زەردەشتییەکانیش بووژانەوەی بە خۆیەوە بینی. عیسایش لای سۆفییەکان نموونەیەکی باڵایە، ڕەمزی خۆشویستنی ڕاستەقینەی خوایە، ئاخر غەریبێکی بێ نیشتمان بوو، هێمای بێفیزی و ئاشتی بوو، مەریەمی پاکیزەی دایکیشی، دەفرێکی خاوێن بوو، پەڵەیەکی دونیایی پێوە نەبوو، بۆ پێشوازیکردن لە ڕووحی خوا، تەواو گونجاوبوو، بۆیە هەم عیسا و هەم مەریەمیش سیمبۆلی ڕووحی پاکژ بوون و ئەگەری ئەوە هەیە، پۆشاکی سۆفییانە لە بێفیزیی ئەوانەوە هاتبێت.
سۆفییەکان، باوەڕداری ڕاستەقینەن، لە شەریعەت لا نادەن، وابەستەی قورئان و سوننەن، قورئان پەیامی خوایە، سوننە گوتە و کردەوەی پەیامهێننە. (جاری وا هەیە، حەقیقەت چل ڕۆژ دێت و لە دەرگای دڵم دەدات، لێی ناکەمەوە تا دوو شایەتم بۆ نەهێنێت، قورئان و سوننە.) ئەوە بۆچوونی کەسانی سۆفییە. سۆفی: هەژاریی لە دەوڵەمەندیی پێ باشترە، برسییەتی لە تێریی پێ باشترە، نزمیی لە بەرزیی پێ باشترە، زەلیلیی لە شکۆمەندیی پێ باشترە، بێفیزیی لە لووتبڵندیی پێ باشترە، خەمی لە خۆشیی پێ باشترە و مردنیشی لە ژیان پێ باشترە.
ڕابیعەی عەدەوییە (٧١٧ – ٧٩٦ز) دەڵێت: (شەوان شادم، چونکە لەگەڵ خودا تەنیام، ڕۆژ خەمناکم ئاخر خەڵکی دێن و تەنیایییم لێ دەشێوێنن.) خواجە میر دارد دەڵێت: (غەریبیی ژنەکەم و منداڵەکانم دەکەم.) بە دەگمەن گوتەی وا بە زاری سۆفییەکدا هاتووە، هەرچەندە پەیامهێنی نموونەی باڵایان، لەگەڵ پێکەوەنانی خێزاندا بووە. سۆفییان زیاتر لەگەڵ ژیانی ڕەبەنیدا بوون و پێیان وا بووە، هاوسەرگیری ئینسان بە کاروباری دیکەی غەیری زیکری خواوە سەرقاڵ دەکات و ئەرکی بەڕێوەبردنی خێزان، سزای شوێن ئارەزوو کەوتنە. (ئەگەر پیاوی هەژار ژنی هێنا، وەک ئەوەیە سواری کەشتی بووبێت، ئەگەر منداڵێکیان بوو، وەک ئەوە وایە، کەشتییەکە نوقم ببێت.)

ھەواڵی زیاتر