خیانەت نەكردن لە پیشە

بەكر كەریم حەسەن

(سولومون ئۆرتیز) سیاسەتمەداری ئەمریكی دەڵێ ” فێركردن كلیلی سەركەوتنی ژیانە و مامۆستایان كاریگەری هەتا هەتایە و هەمیشەییان هەیە لە ژیانی قوتابیەكانیان”.
ئاشكرایە فێركردن پرۆسەیەكی درێژخایەن و دوورمەودایە لە ژیانی هەر تاكێكدا و سوود و قازانجی گەلێك یەكجار زۆری هەیە و شوێنەواری ئەرێنی جێ دەهێڵێ لەسەر ژیان و كەسایەتی تاك و كۆمەڵگە بە گشتی. لەو نێوەندەدا ڕوونە كەوا مامۆستا ئەو كاراكتەرەیە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر كۆی پرۆسەی فێركردن بە گشتی و، چاكەی ئەبەدی و هەتاهەتایی هەیە لەسەر قوتابی و تاكی كۆمەڵگە بە بەردی بناغەی بەهێز دادەنرێت لەسەر كۆی پرۆسەكە لە كۆمەڵگە و نیشتماندا. كە بەهیچ شێوەیەك ناتوانری دەستبەرداری مامۆستا بین و چاكەكانی لە یاد بكەین و بە شایستەیی دەتوانرێ لە ڕێگەی مامۆستاوە تاك و كۆمەڵگە و نیشتمان وشیار و بە ئاگا بكرێنەوە و بنیاتی بەهێز بنرێت و گەشە و پەرەپێدانی بەردەوام و تەواوی تێدا بكرێت و شوێنەوار و شوێن پەنجە لەسەر كۆی پرۆسەكە جێ بهێڵێ لە كۆمەڵگەدا.
پاڵپشت بەو پێشەكییە مامۆستایەك دەگێڕێتەوە دەڵێت “جارێكیان ئۆتۆمبێلی خۆی لێ دەخورێ و دەستەیەك لە پۆلیسی هاتوچۆ ڕایان گرت و ئەفسەرەكە داوای مۆڵەتی شوفێری لێ كرد و دیقەتی شوفێرەكەی دەدا، كاتێك سەیری مۆڵەتەكەی كرد و بە نەرمی لێ پرسی قایشی خۆبەستنەوەت بە كار نەهێناوە، مامۆستا گوتی بەڵێ ببورە دانی پێدا دەنێم كەوا هەلەم كردوە شایەنی سەرپێچیەكەم و کاتێ ئەفسەرەكە پسوولەی سەرپێچیەكەی دەنووسی پێی گوتم تۆ مامۆستا و پەروەردەكاری گوتم بەڵێ، گوتی ئەگەر قوتابیەك لە تاقیكردنەوە گزی كرد ئایا لێ خۆش دەبی، گوتم نەخێر، گوتی چی لێ دەكەیت گوتم یاسای بە سەردا جێبەجێ دەكەم و پسوولەی سەرپێچیەكەی نیشان دام و پێكەنی و گوتی دەتوانی دابەزی لە ئۆتۆمبێلەكەت؟ دوودڵ و حەپەساو، لە ئۆتۆمبێل دابەزیم و لە ناكاو بە توندی لە باوەشی گرتم و سەرمی ماچ كرد؛ سەرم سڕما لەو کارە! گوتی مامۆستا من فلانە قوتابی تۆ بووم لە بیرتە جارێكیان من گزیم كرد لە كوڕەكەی تۆ لە تاقیكردنەوەكە ئەویش قوتابی بوو، تۆ كاغەزی تاقیكردنەوەی من و كوڕەكەی خۆتت وەرگرت و (سفرت) دا بە هەردووكمان و یاسات لەسەر من و كوڕەكەت جێبەجێ كرد لەو كاتەوە فێر بووم كەوا یاسا دانراوە بۆ جێبەجێكردن لەسەر هەمووان وەكو یەك بەبێ هەڵاوێركردنی ئەم و ئەو هەتا ئەگەر كوڕی خۆشت بێت، ئەو ڕۆژە كوڕەكەت گریا لەبەر رێزی تۆ و نیگەرانبوونی كەوا یاسات لەسەر جێبەجێ كردووە. لەم ڕۆژەوە تۆ نموونەی هەرە بەرزی لای من و ئەوڕۆ مامۆستا من یاسا لەسەر تۆ جێبەجێ دەكەم كە لە تۆوە فێری بووم و كەسی لێ جیا ناكەمەوە هەڵی ناوێرم هەتا كوڕی خۆیشم بێت. مامۆستاكە دەڵێ نەمتوانی خۆم بگرم و فرمێسكی خۆشی لە چاوم هاتە خوار كە ئەو ئەفسەرە یەكێكە لە قوتابیەكانی خۆم فێر بووە یاسا چیە و چۆن جێبەجێ دەكرێت و خۆی گرتووە نا هێلێ فرمێسك لە چاوەكانی بێتە خوار بۆ پاراستنی شكۆی جلی سەربازی و فەرمی کە پۆشیویەتی، لەو كاتەدا دەستی خستە گیرفانی و بڕێك پارەی دەركرد و سوێندی خوارد گوتی مامۆستا دەبێ ئەو دیارییەم لێ وەربگری و منیش ڕازی نەبووم پێداگیریەکی زۆری كرد و گوتی یاسام جێبەجێ كرد كە تۆ فێرت كردم، بەڵام نرخی سەرپێچیەكە لەسەر منە تۆ مامۆستا و باوك و پێشەنگ و پێشەوای منی درێژەپێدەری تاجی سەری منی، زۆر پێداگیریم كرد كە وەری نەگرم، بەڵام بە خۆی و هاوڕێیەكەی تكایان كرد و سووربوون لەسەری و شوێنەكەم جێ هێشت و، بەڵام وەكو چەقۆیەكی سەیر لە پەراسووەكانم و دڵخۆشیەكی زۆر و فرمێسكی شانازیکردن كەوا ئەو جۆرە كەسانە لە نێو دەستەكانمان پەروەردە بوون كەوا خیانەت ناكەن لە پیشەكانیان و لە نیشتمانیان ئەوان سەروەت و سامانێكی گرانبەهان كەوا سەروەت و سامانی مامۆستا و پەروەردەكاران كەوا كۆمەڵگە و نیشتمان چاك و بەرهەمدار دەبێت.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

ھەواڵی زیاتر