با خۆمان لە لێدوانی”غرور”ئامێز بپارێزین

عومەر چنگیانی

پشتیوان بەخوا بە ئەركی دەزانم گوڵخەرمانی ئەمڕۆم تەرخان بكەم بۆ بیرهێنانەوەی دوونموونەی قورئان لە بارەی چاوپۆشی نەكردنی خواوە لە وتاری غروور ئامێز با كەسەكە پێغەمبەری خوایش بووبێت!

نموونەی یەكەم: موسا پێغەمبەر- سڵاوی خوای لێ بێت -:
وەك سەرچاوە دروستەكان بۆ مانی باس دەكەن، “رۆژێكیان موسا پێغەمبەر- سڵاوی خوای لێ بێت – لە نێو كۆمەڵێك لە شوێنكەوتووەكانی، سەرگەرمی ئامۆژگاری كردن وگەیاندنی پەیامی خوا دەبێت، كابرایەكی جوولەكەی خاوەن بڕوا، كە زۆر دەبێتە شەیدای گفتارەكەی موسا و كار لە دەروونی دەكات، پێی دەڵێ: ئەرێ گەورەم. كەست شك دێت كە لە جەنابت شارەزاتر بێت؟ ئەویش بێ سێ و دوو لێكردن، دەفەرمووێت: نەخێر! یەكسەر خوای گەورە نیگا دەنێرێ بۆموسا و پێی دەفەرمووێت: بەڵێ بەندەی وامان هەیە كە لە تۆ زۆر شارەزاترە، ئیتررێنمایی دەكات كە بڕوات بەندە لەو شارەزارترەكە ببینێت”1”.
قورئان لە سوڕەتی(كەهف)دا باسی لێ دەكات و چەندین فەرموودەی دروستی پێغەمبەریش – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – بۆمانی ڕوون دەكاتەوە، كە ئەوگەشتە فەراهەمهات، كە “خدر” تیایدا چەندین دەرسی پێویستی موسا دادەدا و، بچوكترینیان ئەوە دەبێت، كە هەرلەسەرەتای گەشتەكەدا دەبن، دەبینن: پەلەوەرێك نزم دەبێتەوە بۆسەر دەریا و دەندووكێكی لێدەدات و دەفڕێت، لەوێدا خدر لە مووسا دەپرسێ: “ ئەرێ ئەوپەلەوەرەی كە بینیت، توانی چەند لەوئاوە كەم بكاتەوە؟ دە بزانە چەندێتی نێوان ئاوەكەی دەنووكی ئەو و دەریاكە چۆنە، نێوان زانستی من و تۆ، لە ئاستی زانستی خوای پەروەردگار، هەرهێندەیە”. لێرەوە دەڵێین: باشە ئەگەر موسا، كە پێغەمبەری خوا بووە و لە نێو هەموو پێغەمبەراندا، بە”كەلیم”، ناسراوە و زۆرجار راستەو خۆ بە بێ پێویست بوون بە جوبرائیلی فریشتەی نیگا، لەگەڵ خوا دواوە، ئەمە حاڵی بوو بێت كە خوا لیێ قەبووڵ نەكردبێت، تووشی حاڵەتی خۆنەناسی ببێت، داخۆ لە خۆ بایی بوون – غرور- لە هیچ كەسێكی دیكە قەبووڵ دەكرێت؟، جێی خۆیەتی هەموو گەورەیەك زۆربە وردی رەفتار و هەڵس و كەوت بكات لەگەڵ ئەوانەدا كە دەیانەوێت بە پێداگوتنی بێ سنوور و فێڵاوییەوە لە خشتەیان ببەن! مێژوو چەسپاندوویەتی كە زۆرجار ئەوجۆرانە ئیشەكەیان كاتیی و بۆ بەرژەوەندی بووە و بەس.

نموونەی دووەم: لە جەنگی حونەیندا:
وەك سەرجەم سەرچاوەكانی تەفسیر و فەرموودە و سیرە بۆمانی باس دەكەن، دوای ئەوەی كە خوای گەورە سەركەوتنی زۆری بەدەس پێغەمبەرەكەی و یارانی هێنا و دوایین شوێنی زەوت كراوی گەورە و ۆزی لای مسوڵمانان – مەككە) – یان ڕزگار كرد و لەو”فەتح”ـەدا زیاتر لە دەیان هەزار كەس لە خزمەت پێغەمبەردا بوو و خەڵكانێكی زۆر و خێڵەكییەكان هاتنە نێو بازنەی ئیسلامەوە و وای دەخواست كە بۆ دوایین جار ئەوناوە پاك بكرێتەوە، ئیتر پێغەمبەر- ەدروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – و زۆرێك لە یاران بە سوپایەكی گەورەوە، بەرەو”تایف”، بەڕێكەوتن. ئەوە بوو لەوكاتەدا یەكێك لە یاران – خوایان لێ ڕازی بێت – كە چاوی بەو هەموو هێزەكەوت، لە خۆبایی بوونێكی تووش بوو گوتی: ئەمڕۆ ئێمە ئەوەندە بەهێزین كەس بەهۆی هێزەوە سەرناكەوێت بەسەرماندا، كە ئەوەبوو لە “دە”ی شەوالی ساڵی هەشتی پێغەمبەرایەتیدا، لە شیوەڵی حونەین دەستەویەخە و ڕوو بە روو بوونەوە لەگەڵ “هەوازین”ـەكان، كە ئەوان پێشتر چووبوونە نێو شیوەڵەكە و بوونەهۆكاری كوشتن و بڕینی زۆرێك و یاران تووشی شكستییەكی زۆر گەورەی واهاتن، كە تەنانەت نەیان دەپەرژایە سەر ئەوەی بەرهەڵستی ە پێغەمبەریش بكەن! كە خوای گەورە و میهرەبان لە دوو ئایەتەی 25و26ی سورەتی “تەوبە”دا، ڕووی ناز بەسەرداكردنی دەكاتە پێغەمبەرو یارانی – دروود و سڵاوی خوای گەورەیان لێبێت – و، دەفەرموێت:
“بەراستی خوای گەورە یارمەتی زۆری ئێوەی لە زۆر جێگەدا دا داوە، نەخاسمە ئەوكاتەی كە لە ڕۆژی حونەیندا ئێوە لە خۆتان بایی بوون و بەزۆریی خۆتان نازیتان! كە ئەوەتان بەسەرهات كە بەسەرتان هات، كە گومڕا بوونەكەتان بە زۆریی خۆتان، سەری سوڕهێنابوون و هیچیشتان پێ نەكرا و زەوی پان و بەرینتان لەبەردەمدا تەسك بوو بووە وە و پشتتان كردە دوژمن و پاشان خوای گەورە دڵ ئارامی خۆیی باراند بەسەر پێغەمبەر و بڕواداراندا”(٢).

پەڕاوێزەكان:
“1”فتح الباری شرح صحیح البخاری فەرموودە ژمارە 74”.
“2” ئەم بابەتەم لە لاپەڕە “9” ی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە 2693 سێ شەممە 27 ی ئەیلوولی 2017 بڵاو كراوەتەوە”.

ھەواڵی زیاتر