ئەرکی میدیای نەریتی و نوێ

ستارە خالید

میدیا وەک گرنگترین کەناڵی پەیوەندی سیاسی دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە و هەستیار لە ئاستی بەشداریی سیاسیدا بگێڕێت. میدیا دەتوانێت هەڵوێست و هۆشیاری و دواجار بەشداریکردنی خەڵک لە گۆڕەپانی سیاسی و بە تایبەتی هەڵبژاردندا ئاراستە بکات. ئەم ئاراستەکردنە زۆرجار بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یان هەندێکجار ڕاستەوخۆ، بە شێوەیەکی بەرفراوان زانیاری و هۆشیاری لەم بوارەدا دەداتە بینەرەکانی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی کە میدیای تەقلیدی (وەک تەلەفزیۆن) و میدیای نوێ (سۆشیال‌میدیا) دەیگێڕن لە ئاراستەکردنی بیرکردنەوە و ڕەفتاری دەنگدانی هاووڵاتیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا، ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە میدیا، چۆن سوودی لێ وەربگیرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریی سیاسی، بە تایبەت لە بابەتی هەڵبژاردنەکانی هەرێمدا؟
شێوازی توێژینەوەکە وەسفیی-شیکاری بووە و ئەنجامەکان دەریخستووە کە بە هۆی قۆرخکاری تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتی و سروشتی مۆنۆفۆنیکییەکەی، هاووڵاتیان لەم ساڵانەی دواییدا سەیری سۆشیال‌میدیا دەکەن وەک ئامرازێک کە ئازادییەکی زیاتریان بۆ دابین دەکات و، ئەوان وەک سەکۆی سەرەکی خۆیان بەکاریان هێناوە بۆ کردار و بەشداریی سیاسی.
لەو لایشەوە، دەنگ و ڕەنگ بە ڕوونی لە گۆڕەپانی مەجازی و ئەگەرەکانی سۆشیال‌میدیا بۆ هاندانی بەشداریی سیاسی و ڕاکێشانی ڕای گشتی بەجێهێڵراوە. سۆشیال‌میدیا وەک ڕکابەرێک لەگەڵ میدیای نیشتمانیدا ڕۆڵێکی بەرچاوتری لە پەروەردە و ئاگادارکردنەوە و ڕازیکردنی ڕای گشتیدا دۆزیوەتەوە؛ ڕۆڵێک کە مەرج نییە لەگەڵ ئامانجەکانی سیستەمی سیاسیدا هاوئاهەنگ بووبێت. ئەم پرسە بە فلتەرکردنی بەرفراوانی سۆشیال‌میدیا و هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی پلانی نیشتمانی ئینتەرنێت بە ڕوونی دیارە. هەروەها لە زۆر حاڵەتدا دەبینرێت کە میدیای تەقلیدی گوێڕایەڵی سنووری ئەو ئەرکە یاساییە باسکراوە نەبووە و بە بەکارهێنانی فێڵی تایبەتی میدیایی، بە یارمەتیدان بە فڵان کاندیدی هەڵبژاردن، ڕێسا و پرەنسیپی باسکراو پێشێل دەکەن. ئەمەش زۆر ئاڵۆزتر بووە بە تایبەت لەگەڵ پەرەسەندنی میدیای دیجیتاڵی و بە تایبەت لە ئینتەرنێت و سۆشیال‌میدیادا.
بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، بە ئاگاداری، بە ئازادی یان لە ژێر فشاری هەندێک کەس یان گروپدا، ئەم میدیایانە خەریکی لایەنگریی ئەنقەستاوین؛ بابەتێکە لەگەڵ ئەرک و ئامانجی میدیاکان ناکۆکە، دەستوەردانیان لە بابەتی هەڵبژاردندایە و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی نادادپەروەرانە لە هەڵوێستی دەنگدەران و دواجار ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن.

ھەواڵی زیاتر