سەرۆكوەزیرانێكی دووربین و هەگبەیەكی پڕ كار و خزمەت

‎هاودەنگ فارووق

كابینەیەكی حكوومەتی كوردستان لە قووڵایی و جەرگەی تەنگژەكاندا لەدایک ببێت. حكوومەتێک بە دەیان قەیرانی دروستكراوی هاتبێتە پێش، لە دۆخی پیلانی شەیتانی و لوغمی چێنراودا پێک بێت، بەڵام وێڕای بەربەستەكان و قورساییی گوشارەكان، نەک هەر خۆی ڕابگرێت، بەڵكو بە پلان و ئەجێندای وردی ستراتیژی، یەک بە یەک گرفت و كۆسپەكانی سەر ڕێیی بگۆڕێت بە دەرفەتی كار و وەبەرهێنانی هەمەلایەن.
سەرۆكوەزیرانێک بتوانێت لەناو گەردەلوولی پڕ لە ڕەشەبای نەهامەتی، ڕێگە ڕاستەكەی خۆی بدۆزێتەوە، دووربینانە و ستراتیژناسانە هەنگاو بنێت، پلانی دوورمەودا بۆ خزمەتگوزاری و ژێرخانە هەرە گرنگەكانی ژیان لە كوردستان بگۆڕێت بەرەو بنیاتنانی ژێرخانێكی پێشكەوتووی شارستانیی سەردەم.
مەسرور بارزانی توانیویەتی لە حوكمداریدا، لە ئیدارەدان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا نەریتێک بهێنێتە كایەوە و پێشكەشی بكات، كە كاریگەریی لەسەر ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و شارستانیی كوردستان بۆ دەیان ساڵی دیكە دروست دەكات.
گۆڕینی سەرتاپای سیستەمی بانكی و پارەدان و هێنانەپێشەوەی پڕۆژەی هەژماری من، بە جۆرێک ژیانی ئابووری و گەشەی بازاڕ پێش دەخات، كە لەگەڵیشیدا نەریتە كۆمەڵایەتییەكان دەگۆڕێن. نەفسیەتی تاكی كورد دەگۆڕێت بە جۆرێك كە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكانی جیهان پێی گەیشتوون.
نەریتی ژیان سەرتاپای دەگۆڕێت، ئەوەیش دەبێتە ئاڵوگۆڕێكی زۆر گرنگ و چارەنووسساز. مۆدیلی ژیان لە جۆرێكی دواكەوتووی پارەدان و مامەڵە لەگەڵ دۆخی دارایی بۆ هەتاهەتایە دەگۆڕێت بۆ مۆدیلی سەردەم.
ژێرخانەكانی ژیان و شارسازی لە كوردستان، لە بنەڕەتەوە گۆڕی. لە شارێكی وەكو سلێمانی، پایتەختی ڕۆشنبیریی كوردستان، توانرا پرۆژەی شەقامی بازنەیی سەد مەتری بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە بە تەواوی بۆ هەتاهەتایە شێوازی ژیان و هاتوچۆی شەقامی شارستانی لە سلێمانی و ڕواڵەتی شار دەگۆڕێت. لە هەولێر پلانی سی ساڵەی دابینكردنی ئاو، كە بۆ یەكەم جارە كورد بە ستانداری ستراتیژی و بە پاكێچی دوورمەودا خزمەتگوزاری پێشكەش بكات، بۆ دەیان ساڵ شاری هەولێر لە كێشەی ئاو ڕزگار دەكات.
لە دەڤەری گەرمیان، جادەی دووسایدی نێوان كەلار سلێمانی، دیارترین ئەو پرۆژە هەر گرنگانەیە، كە كاریگەرییەکەی، تەنانەت لەسەر نەتەوەسازی و بەستنەوەی ناوچەكانی كوردستان پێكەوە، ئاسانكاری كەسابەت بۆ هاووڵاتییان و، گۆڕینی سیمای ژیان بۆ هەتاهەتایە، لەو هەنگاوانەن كە پرۆژەكانی خزمەتگوزاریی حکوومەت، سەرباری قەیرانە تاقەتپڕوكێنەكان، پیلانی ناحەزان و داگیركەران، پێشكەشی كردوون.
هەریەك لەو پرۆژە گەورە و درێژخایەنانە، ڕاستە كاتێكی زیاتریان دەوێت تاكوو دەگەنە ئەنجام، بەڵام هەر بەوەی جێبەجێ كران، بۆ هەتاهەتایە شێوازی ژیان دەگۆڕن. ژێرخانی خزمەتگوزاری سەدوهەشتا پلە دەگۆڕن و شارێكی وەكو هەولێر، بۆ چەندین نەوەی دی كێشەی بێئاوی تێدا نابێت.
هەروەك، چەندین بەنداوی گەورەی دروست کردووە، ئەم هەنگاوە بەئەندازەیەك گەورە و كاریگەرە، كوردستان لەقەیرانێك ڕزگار دەكات، كە چاوەڕوان دەكرێت بەرۆكی مرۆڤایەتی بگرێت و شەڕی ئاو تەواوی ژیانی مرۆڤ لەناو ببات. بەڵام حكوومەتەكەی كاك مەسرور، توانیویەتی بە دروستكردنی چەندین بەنداو، پایتەختی كوردستان لەقەیرانی ئاو ڕزگار بكات.
مەسرور بارزانی گوتی: ئێمە سەدان بیر قەپات دەكەین و، ئاوی بن زەوی دەپارێزین. ئەوەش گەورەترین خزمەتە بە ژینگەی كوردستان و پاراستنی سروشتی كوردستان ژێرخانی ئاوی بن زەوی. بێ ئەوەی مرۆڤی كورد چیتر دووچاری تینوویەتی و بێئاوی ببێتەوە. هەموو ئەمانە و، تێكشكاندنی قەیرانەكان و پاراستنی بەهاكانی كێشەی كورد و، خۆنەچەماندن بۆ فشارەكانی دوژمن، بوونە ناسنامەی حکوومەتەکەی مەسرور بارزانی.