سه‌رنجێك له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سێتی

زیــــــبا تـەهـــــــــــا*

له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادكردنی عێراق بۆ چه‌ندینجارهه‌وڵدراوه‌ یاسای باری كه‌سێتی عێراق ژماره‌( 188)س ساڵی 1959 هه‌مواربكرێته‌وه‌، بێگومان هه‌مواركردنه‌وه‌ی هه‌ر یاسایه‌ك ده‌بێت له‌پێناو پاراستنی مافی هه‌مووان بێت و به‌بێ جیاوازی مافه‌كانی مرۆڤی تێدا پارێزراوبێت، هاوكات ده‌بێت هۆكارێك نه‌بێت بۆ تێكچوونی باری ئاشته‌وایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و شیرازه‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌. هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكان‌ ده‌بێت به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ ‌ژیانی سه‌رده‌م و قۆناغه‌كانی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ و ئاستی تێگه‌یشتن و كۆمه‌ڵایه‌تی تاك بگونجێت، نه‌وه‌ك له‌جیاتی چاره‌سه‌ركردنی ئاریشه‌كان، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی نوێ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ دروست بكات.
ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سێتی عێراقدا ده‌بیندرێت و بۆته‌ جێگه‌ی ناره‌زایی شه‌قامی عێراقی به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، یه‌كێكه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ زۆرترین مشتومڕی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دروستكردووه‌، ئاشكرایه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌ ده‌بێته‌ فاكته‌ری دروستكردنی هزری تایفه‌گه‌ری و جیاكردنه‌وه‌ی مه‌زهه‌به‌كان له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌له‌ناو هه‌مواركردنه‌وەکەدا هاتووه‌ به‌تایبه‌تی لایه‌نی شیعه‌ ده‌یانه‌وێت كچان لە تەمەنی نۆ ساڵی هاوسەرگیری بکەن له‌كاتێكدا به‌پێی یاسا ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ ساڵی دیاریکراوە بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری، به‌ڵام به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ ته‌مه‌نی پانزه‌ ساڵی ده‌توانێت هاوسه‌رگیری بكات، به‌ره‌چاوكردنی كۆمه‌ڵێك مه‌رج كه‌ ده‌بێت له‌كاتی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ جێبه‌جێ بكرێت، له‌لایه‌كی دیكه‌ هه‌مواركردنه‌كه‌ تیشكی خستۆته‌سه‌ر‌ نه‌هێشتنی مافی میراتی بۆ ئافره‌تێك ئه‌گه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی كۆچی دوایی بكات و خاوه‌نی مناڵ نه‌بن، جگه‌له‌وه‌ی كه‌ مافی په‌روه‌رده‌كردن و دایه‌نگه‌ له‌دایك وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ له‌دوای دوو ساڵی، و هه‌روه‌ها رێگه‌ده‌دات كه‌ پیاوان له‌ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان ژنی دووه‌م و سێهه‌م ماره‌ بكه‌ن ئه‌مه‌ش رێگه‌خۆشكردنه‌ بۆ دروستكردنی بابه‌تی فره‌ژنی و چه‌ندان خاڵی دیكه‌ی تێدایه‌ كه‌ ده‌بێـه‌ هۆكاری دروستبوونی كێشه‌ له‌ناو خێزانه‌كاندا ودواجار كاریگه‌ری له‌سه‌ر تێكچوونی باری ئاسایشی نیشتمانیش ده‌بێت.
ئه‌وه‌ی خاڵی جه‌وهه‌ریه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نابێت رێگه‌ بدرێت ئه‌و یاسایه‌ به‌و جۆره‌ هه‌مواربكرێته‌وه‌ بۆچوون و فكری لایه‌نێك یاخود مه‌زهه‌بێكی تێدا به‌رجه‌سته‌ببێت، به‌ڵكو ده‌بێت گرنگی به‌سه‌رجه‌م ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانی یاساكه‌ بدرێت و له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ی تاك و كوالێتی ژیانی خه‌ڵك و ‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوردا یه‌كبگرێته‌وه‌.
ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسایه‌ك نابین كه‌ له‌دژی كۆمه‌ڵگه‌ به‌تایبه‌ت مافه‌كانی ئافره‌تان بێت، و بیه‌وێت مافه‌كانی ئافره‌تانی تێدا سنورداربكرێت یاخود نه‌هێڵدرێت. ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی ئافره‌تان كارێكی هێنده‌ سانا نییه‌ كه‌ پێمانوابێت به‌ ئاسانی به‌ده‌ستهاتوون هه‌ر له‌و سۆنگه‌وه‌یه‌ له‌رێگه‌ی كارو چالاكی جیاواز كارمان كردووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بین بۆ رێگریكردن له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و یاساییه‌كه‌ به‌ته‌واوی له‌دژی مافه‌كانی ئافره‌تانه‌. ئه‌گه‌ربێتوو ئه‌م یاسایه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت ئه‌و كاته‌ نه‌ك ته‌نها كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌وش و دۆزی ئافره‌تان ده‌بێت، به‌ڵكو ده‌بێته‌ لێكترازانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای فكری ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین زیان به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق و ته‌نانه‌ت پشكی ئه‌و زیانه‌ش به‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت، له‌به‌رئه‌و فاكته‌ره‌یه‌ رێگرده‌بین له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساییه‌ك كه‌ خێری بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان تێدا نه‌بێت.
هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساییه‌كه‌ پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ ده‌بات و رێگه‌ ده‌دات كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری ئه‌نجام بدرێت، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر تاك و خێزان دروست ده‌كات، چونكه‌ كاتێك كچێك ئاماده‌ ده‌بێت بۆ هاوسه‌رگیری ده‌بێت له‌هه‌موو لایه‌نه‌كانی جه‌سته‌ و بیركردنه‌وه‌ و په‌روه‌رده‌كردنه‌وه‌ ئاماده‌بێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌ویش بتوانێت تاكێك دروستبكات كه‌ بتوانێت په‌روه‌رده‌یه‌كی باشی پێشكه‌ش بكات.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌ نه‌رێنیه‌كانی هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌، ده‌بێت به‌ده‌سته‌جه‌معی رێگری بكه‌ین له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌ و ئه‌گه‌ر خاڵی باش پێشنیازنه‌كرێت بۆ باشتركردنی پرسه‌ گشتیه‌كان، هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵگه‌ واده‌خوازێت یاساكه‌ به‌و جۆره‌ بمێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ئێستادا بوونی هه‌یه‌ چونكه‌ هه‌رجۆره‌ ده‌ستكاریكردنێک له‌یاسا‌ له‌پێناو پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی كۆمه‌ڵگه‌دا نه‌بێت، ئه‌وا دواجار ده‌بێته‌ میكانیزمێك بۆ سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین ئاریشه‌ی نوێ كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پێویستی به‌ چه‌ندین ساڵ و ماندووبون هه‌یه‌ تا ده‌گه‌یه‌نرێته‌ خاڵی كۆتایی چاره‌سه‌ركردن، له‌وه‌وه‌ ده‌بێت هه‌وڵه‌كانمان بۆ پێشخستنی وڵات و كۆمه‌ڵگه‌ بێت و بڕیاردان له‌هه‌رگۆرانكارییه‌ك پێویسته‌ له‌گه‌ڵ ژیانی ئێستای خه‌ڵكدا بگونجێت و كارئاسانی بۆ گوزه‌رانی تاك بكات نه‌وه‌ك ببێته‌ هۆكارێك كۆمه‌ڵكه‌ سه‌رقاڵی كێشه‌ و ئاریشه‌ بكات.