‏‎‎ژیانی بەختەوەری بۆ هەرکەسێک ئاسانە گەر بیەوێت

لیا سیفەدین

‏‎خێزان بنەڕەتی تریین یەكەی كۆمەڵایەتیە كە لە بەیەك گەیشتنی نێرو مێدا پێك دێت، ئەم بەیەك گەیشتن و پێك هێنانی خێزانە لەسەر بنەمای ڕەزامەندیە، پێویستەگرێبەستی نێوانیان لەسەر بنەمای دادپەروەری و ویستی چاكە و هاوكاری و ڕاوێژو خۆشەویستی و سۆز بۆ یەكتربێت تا خێزانێكی بەختەوەر و تەندروست پێك بهێنن.
‏‎بەختەوەر تریین خێزانەکان ئەوانە نین کەکێشە و گرفتیان تووش نابێت،بەڵكو ئەو خێزانانەن کە بە شێوەیەكی عەقڵانیانە و هۆشیارانەو هەستكردن بە بەرپرسیارەتیەوە ڕووبەڕووی کێشەكان دەبنەوە و تێی دەپەڕێنن و خێزان لە كێشەكان بەگەورەتر دەزانن، لەم جۆرە خێزانانەدا هەر یەک لە ئەندامانی خێزان هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و لە کاتی دروست بوونی کێشە و گرفتەکاندا لەجیاتی ئەوەی ببنە هۆكاری گەورەكردنی كێشەكان دەبنە هۆكاری چارەسەری كێشەكان.
بۆ بەهێزبوونی بناغەی مانەوەی خێزان

  • پێویست ناکات عاشق بیت بۆ ئەوەی بە خۆشەویستی و نەرموونیانی لەگەڵ هاوسەرەکەت هەڵسوکەوت بکەیت بەڵام پێویستە ڕێز و خۆشەویستی بەیەك ببەخشن و هاوكاری یەك بن لەهەمو شتێكی ماڵ ودەرەوەی ماڵیشدا.
  • ڕەنگە پێویست نەکات هەمیشە وەسفی یەكتر بكەن بەڵام كاتێك یەكێكیان شتێكی باش دەكات گرنگە ئەوی تر سوپاسی بكات، ئەمە وادەكات كە هەست بكات پێزانین هەیە بۆ كاری باش و ئەمەش دەبێتە هاندەر بۆ بەردەوامیدان بەكاری باش.
  • مەرچ نیە هەموو شتێکی یەكتریان بەدڵ بێت، بەڵام مەرجە كە ڕێز لە جیاوازی و تایبەتمەندی یەكتر بگرن و لەچوارچێوەی خێزاندا بیپارێزن و نەهێڵن ئەو جیاوازیانە بچنە دەرەوەی خێزان و ببنە جێی باس و خواسی كەسانی تر کاتێک هاوسەر داریت پێویستە لەناوخەڵکیدا لایەنگری هاوسەرەکەتبیت
    ئەگەر لە بابەتێـکیش هاوڕای نەبوویت، لە ماڵی خۆت و کاتێک تەنهان پێیبڵێ، ئەگەر بتەوێت لەناو خەڵکیدا و لە پێش چاوی ئەوانیتر، هاوبەشی ژیانت خراپ بکەیت، یان لە دژی بوەستیتەوە، بەم کارەت ڕێگە بە ئەوانی دیکە دەدەیت هەرچۆنێک بیانەوێت ڕەفتاری لەگەڵ بکەن، چونكە ئەوكات جیاوازیەكان وەك ناكۆكی و كێشەی خێزانی دەخرێنە بەرباس و دەبنە خاڵی لاوازی ئەو خێزانە، لەناو ژینگە كۆمەڵاتیەكەدا ئەمەش ڕەنگە دواجار بەشێوەی دەست تێوەردانی كەس و كارو نزیكەكانی ئەو خێزانە بۆناو خێزانەكە و دروست بونی كێشە كۆتایی بێت.
  • پێویست ناکات چاوەڕێ بن تا دەمرن یان نەخۆش دەكەون ئنجا قەدرو قیمەتی یەكتر بزانن، بەڵكو پێویستە بەردەوام نرخ و بەهای یەكتریان لابێت و ئەوە لەبەرچاو بگرن كە بەختەوەری خێزان لە پێكەوە بوندایە، ئەگەر یەكێكیان بەهەر هۆكارێك بێت لەخێزاندا نەمێنێت ئەوە خێزانەكە كۆڵەكەیەكی لەدەست دەدات بەوەش خێزانەكە بەختەوەری لەدەست دەدات.
    لەسەردەمی ئێستاشدا ئەوەی وەك شەیتانێك هاتۆتە نێوان خێزانەكانەوە مۆبایلە، بۆئەوەی خێزانەكان بەگشتی و هاوسەرەكان بەتایبەتی ئەم شەیتانەی نێوانیان دور بخەنەوە یان كاریگەریەخراپەكانی كەم بكەنەوە ئەوا پێویستە زۆربەی كات لە جیاتی سەیر كردنی مۆبایل سەیری یەكتر بكەن، لەجیاتی خوێندنەوەی مۆبایل گوێ لە یەكتر بگرن، لەجیاتی كات بەخشین بە مۆبایل كات بەیەكتر ببەخشن تا بەم ڕێگایانە ئاسودەیی ڕاستەقینەی پێكەوە بون بەیەكتر ببەخشن.