خەفەكردنی سەرچاوەكانی ڕۆشنبیری!

‎هاودەنگ فارووق

لەدوای ڕاپەڕینەوە، یەكێك لەسیما گەش و نایابەكانی ژینگەی سیاسی و ڕۆشنبیریی كوردستان، بریتی بوو لەو دۆخەی بۆ ئازادیی ڕادەربڕین سازابوو. هەمووان بەجیاوازیی بیروڕاو ئایدیاو بەرژەوەندییەكانیانەوە، توانیویانە ڕای خۆیان دەرببڕن و، خۆیان مانیفستۆ بكەن.
ئەو فرەڕەنگ و دەنگ و ئاواز و کولتوورە لەكوردستاندا هەبووە، بەردەوام وەك هێزێكی نەرم لەتەواوی جیهاندا وەك خاڵی گەش لە دۆسیەی كورد و دەستەڵات و كۆمەڵگەكەیدا تۆماركراوە. دۆستەكانی كورد هەمیشە بەچاوی ڕێزەوە، بە سەرسامی و پێزانینەوە لێیان ڕووانیوەو، بووەتە خاڵی جیاواز لەگەڵ ئەو ژینگە تۆتالیتارییەی كەلە وڵاتانی دەوروبەرماندا هەبووە.
واتە كورد توانیویەتی جیاوازییەكی جەوهەری دروستبكات، بەهەموو جیهانیش بڵێت: ئێمە جیاوازین لەوانی دی، لای ئێمە بیروڕای جیاواز نەك هەر جێگەی دەبێتەوە، بەڵكوو ژینگەی لەباری بۆ سازێنراوە تاكوو گەشە بكات و خۆیان فۆرمەلە بكەن.
لەو ڕوانگەیەوە دیاریكردنی سلێمانی وەكو پایتەختی ڕۆشنبیری، داننانی یاسایی و ئوسوڵیی كۆمەڵگە و دەستەڵاتی كوردییە بەوەی، كە ڕۆشنبیریی وەكو کایەی هزری و چالاکییەکی مرۆیی، داینەمۆی شارستانی زۆر گرنگە بۆ بزاوتی كۆمەڵگەیەكی ساغلەم، زەرورە كورد لە بواری ڕۆشنبیریدا قسە و ڕەنگ و دەنگی زەڵالی هەبێت و بتوانێت ڕووگەیەكی تایبەتی خۆی هەبێت.
ئێستا بەهۆی جۆرێك لەتێكگیرانی بەرژەوەندییەوە، هەموو لایەك خۆمان لەبەردەم پێشهاتێكی مەترسیداردا دەبینینەوە، ئەویش هەبوونی خواستێكە بۆ سڕینەوەی جیاوازییەكان و، كپكردنی دەنگەكان و، كوێركردنەوەی سەرچاوەكانی ڕەخنەو ڕاو ڕوانگەی جیاواز، كەئەوەش لەخراپترین سیستەمەكانی ئەمڕۆی جیهاندا جێگەی نابێتەوە.
مەترسیی هەرە گەورەی ئەو سیاسەت و ڕەفتارپۆپۆلیستیە سەقەت و دواکەوتووە، سەرباری زیانە هەمەلایەنەکانی، ڕەنگە پلانێكیش بێت بۆ لاوازكردنی دۆزی كورد و، پیشاندانی كورد وەك كۆمەڵگەیەكی دواكەوتوو كە بەدەستی خۆی چاوگەكانی ڕۆشنبیری و دەنگی ئازاد و، فرەڕایی كوێر دەكاتەوە.
ئەگەر ئەم پیلانە مەترسیدارە سەركەوتن بەدەست بهێنێت و، ڕۆشنبیران لێبگەڕێن پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستان بكرێتە سەربازگەیەك ئەوكاتە دۆزی كورد پشتیوانەكانی خۆی لەدەست دەدات، چونكە پێشتر شانازیمان دەكرد بەوەی خاوەنی ژینگەیەكی دیموكراسی لەبارین بۆ ئازادی ڕادەربڕین و و پێکەوەژیان ئەوەش بەس بوو بۆ ئەوەی وڵاتانی جیهان زیاتر هاوسۆزبن لەگەڵ گەلی كوردستان، بەڵام یەك لەدوای یەك كوێركردنەوەی سەرچاوەكانی ڕۆشنبیری بەتایبەتی لەپایتەختی ڕۆشنبیریدا، وەک داخستنی دەزگای ڕۆشنبیری چاودێر، نیشانەی پاشەكشەیەكی مەترسیدارە و، دەبێتە هۆی نەمانی ئەو پشتیوانی و شانازییە. ئەوەش لە كورتترین پێناسەیدا مانای وایە دۆزی كورد هێزی نەرمی خۆی لەدەست دا.
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین: بڕینی مووچە و، ئەو فشارانەی لەسەر كورد دروست دەكرێن، بەشێكی مەشهەدەكەن و، بەشەكەی دیکەی بریتییە لەو پیلانەی بۆ لاوازكردنی ئەو هاوسۆزییەی لەگەڵ كورددا هەیە كە وەك گوتمان خۆی لەو هێزە نەرمەدا دەبینێتەوە كە ژینگەی ئازادی كوردستان دابینی كردووە. نەهێشتنی ئەو ژینگە ئازادە، وادەكات هاوسۆزی بۆ كورد لەدنیای دەرەوە نەمێنێت و، بەوەش كورد دەیان ساڵ پاشەكشە دەكات. بۆیە پێویستە هەمووان بەیەك دەنگ و یەك دەست، ڕێگە بگرین لە كوێرەكردنەوەی سەرچاوەكانی رۆشنبیری، تاكو ئازادی بەردەوام بێت و پایتەختی ڕۆشنبیریش وەك ئایكۆنە جوانەكەی كوردستان بمێنێتەوە.

ھەواڵی زیاتر