ڕێگا دروستەکە،هێزی مەنتیق یان مەنتیقی هێز؟

بورهان محمد فرج*

هەوڵدان بۆ یەکلایی کردنەوەی شێوە و جۆری جیاوازی و ململانێکانمان بە زەبری هێز، درزەکان گەورەتر دەکا و کۆی خەبات و تێکۆشانمانیش دژ بە داگیرکەر و ڕەنج و ماندوبوونمان بۆ ئازادی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و دەوڵەتی یاسا ئەکەوێتە ژێر پرسیاری قورسەوە .
وێڕای ئەوەی سەرکۆنەی بەکارهێنانی هێز و دەست بەسەراگرتنی ناوەندێکی مەعریفی و بیرکردنەوەی ئازادی وەکو ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر دەکەم، بە کارێکی دوور لە یاسا و مافی تاک و گشتیشی ئەزانم، شاری سلێمانیش کە شەرەفی هەڵگرتنی نازناوی شاری ڕۆشنبیری هەڵگرتووە بەشێکی گەورەی بۆ کاروچالاکی و خەباتی مەدەنی و قەڵەم و بیری ئازاو ئازادی ناوەندی ڕۆشنگەری چاوێر ئەگەڕێتەوە. پاساوی موڵکداری و خاوەندارێتی شوێن و جێگا و ئامێر و کەرەستە و بینا نابنە هۆی ئەوەی بەدەر لە یاساو بەبێ چاودێری و بڕیاری دادوەر و بەزەبری هێز دەست بگیرێت بەسەر هیچ شوێن و جێگایەکی تاک و کەسی و گشتیدا .
مێژووش پڕە لە وانە و پەند و عیبرەت، کە هێز و مەنتیقی هێز و بەکارهێنانی هێز هیچ کێشە و ململانێیەکی چارە نەکردووە و دۆخەکەی خراپتر کردووە، بە تایبەت کە ئێمە خۆمان بە درێژایی مێژوو قوربانی دەستی بەکارهێنانی مەنتقی هێزین، لەو پێناوەشدا گەلەکەمان قوربانی و ڕەنج و ماندوو بوونی بێشوماریداوە . باشترین بژاردەش گەڕانەوەیە بۆ یەکتر قبوڵ کردن و ململانێ بکەین نەک دوژمنداری کە هیچکەس قازانجی تیاناکا .
بەداخەوە بە داگیرکردنی چاودێریشەوە نەوەستاون پەلاماری ماڵە تایبەتەکەی مەلا بەختیار خۆشیان داوە، لەوەش ناخۆشتر کەسێک هێزی بردۆتە سەر ماڵەکەی کە مەلابەختیار خۆی دروستی کردووە.
ئیتر لەم مێژوەوە دووڕێیانێک دێتە پێش ئێمەی تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و دیموکراسی، کە بەخوێن و ڕەنج و عارەقەی خۆمان و هاوڕێ شەهیدەکانمان یەکێتیمان گەورە کرد و خۆمان بە خاوەن ماڵ ئەزانین، خاوەن ماڵێکی خەمخۆر و ڕاستەقینەی یەکێتی، یەکێتی ئێستا نا، یەکێتی جاران، کە تەنها خەم و پەژارەی بەرەو پێشبردن و بەدیهێنانی ئەو خەونە جوانانەبین، کە لە پێناویا دامەزرا و کەوتەڕێ، ئێستا لەسەر دووڕیێیانەکەین، کە بووەتە پێویستیەکی ئەم قۆناغە و دەبێت ڕووناکبیران و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەرە پاکو دڵسۆز و خەمخۆرەکانی ئایندەی یەکێتی بڕیارێک کۆمانکاتەوە و یەک لە ڕێگاکە هەڵبژێرین، ڕێگای چاککردنەوە و فریاکەوتن و ئینعاشی یەکێتی، نەک ئەوی دیکەیان، کە دیارە بەرەو کوێمان ئەبات؟!
هەڵوێستەکان یەکخەین لە بەرەیەکی تۆکمەو بەرهەڵستی دژ بە نادادی و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵک و کپکردنی دەنگە ئازادەکان، دژی ئەو هەوڵانە بوەستینەوە، کە لە هەوڵی ئەوەدان سەرکردەکانی دوێنێی خەباتی سەختی کوردایەتی و شۆڕش بێسەنگ و نابووت بکەن، یەک هەڵوێست بیت بۆ گێڕانەوەی یەکێتی بۆ ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی بۆ ئەو مەبەستە بەرنامەیەکی سیاسیی نوێ رابگەیەنرێت .
ئێمە یەکێتین ئەو یەکێتییەی کە خۆمان ئەزانین و ئەیناسین. من بەشبەحاڵی خۆم یەکێتیەک نابم کە دژ بە بزوتنەوەی ڕووناکبیری و فیکربێت و پەلاماری سەرکردە و سەردارەکانی خۆی بدات.
یەکێتیەک دەبم باوەڕی تەواوی بە دادپەروەریی و ئازادی و دیموکراسیی و ئاشتی و پاراستنی مافی مرۆڤ بێت.
ئیتر بۆ پێشەوە
*ئەندام ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق – خولی دووەم

ھەواڵی زیاتر