دیموکراسی لە نێوان تێگەیشتن و پابەند بوون

شێرکۆ حەبیب

دیموکراسی هەروەک وا ڕاڤە کراوە مانای دەسەڵاتی گەل، واتە گەل خۆی حوکمرانی خۆی دەکات لە ڕێگای هەڵبژاردنی نوێنەرەکانی لە هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دوور لە هەڕەشە، بەڵام دەبینین ئەمرۆ بنچینە سەرەکییەکانی ئەو پرۆسەیە پێشیل دەکرێت لە لایەن ئەوانەی وا لە دیموکراسی گەیشتوون ئەویش بەهۆی بوونی هێزی چەکداری و هەڕەشە کردن، پارتی بە پێچەوانەی ئەوانە ڕێز لەو پرۆسەیە دەگرێت بۆیە دەبینین لە ساتەوەختی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی باوکی رۆحی کورد جەنەرال مستەفا بارزانی و بەرزکردنەوەی دروشمی دیموکراسی، لەو ساتەوەختەوە پارتی پابەندی ئەو دروشمە بووە بە کردار و بەردەوامە لە جێ بەجێکردنی بنچینە سەرەکییەکانی دیموکراسی چ لە ئەرکی حزبایەتی یا حوکمرانی، ناتوانین بڵێین سەد لەسەد چونکە لە هیچ وڵاتێکی ئەم جیهانە بابەتێک نییە سەد لەسەد جێبەجێ کرابێت، بۆ نموونە ئەوە وڵاتێکی وەک شانشینی یەکگرتووی، کە بەریتانیا بەدایکی دیموکراسی ناسراوە ناڵێن سەد لەسەد پابەندی دیموکراسی بووین.
پیادەکردنی دیموکراسی و پابەند بوون پێی هەر ئەوە نییە سندوقەکانی دەنگدان پڕبکرێت لە دەنگی هاووڵاتیان، بەڵکو دوای هەژمارکردنی دەنگەکان و پابەند بوون بە ئەنجامەکانی و بە بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێت، ڕاستە دیموکراسی پابەندە بە ژینگە و دابونەریەتی هەر کۆمەڵگایەک، بەڵام بنچینە سەرەکییەکان جیاوازیان نییە.
لێرەدا گرنگە ئەو ڕاستیە بخرێتە ڕوو کە پارتی نەک دیموکراسی پیادە کردووە لە نێو ئۆرگانەکانی بەڵکو بەهەمان شێواز مامەڵە لەگەڵ دەوروبەرەکەی دەکات، ئەگەر چی ئەمڕۆ هەندێ کاڵفام دوور لە زانست و تێگەیشتنی مێژوو و ئەلف و بێی سیاسەت هێرشێکی ناڕەوا دەکەنە سەر پارتی لەبەرامبەر چنگێک دۆلار، ساتێک پارتی بانگەشەی دیموکراسی و کوردایەتی و پێکەوە ژیانی و تەبایی کردووە ئەوانە نەک هەر خۆیان بەڵکو باوکیشیان نەهاتبوونە دونیا، ئەمرۆ بە فەرمانی ئاغاکانیان وەک بەبەغا وشەکان دەڵێنەوە لەو باوەرەدان پارتی وەڵامیان دەداتەوە یا کاریگەری لەسەر پارتی دەبێ، تەنیا ئاورێک لە دوێنێ بدەنەوە ساتێک وەک کەوا سوری پێش لەشکر لەگەڵ ڕژێمەکانی عێراق هاوکار بوون و پێشیان کەوتبوون، نەیانتوانی هیچ بەدی بهێنن لە شەرمەزاری زیاتر.
لەسەردەمێ نوێدا لە ساڵانی ناوەڕاستی شەستەکانی ڕابردوو کورد دژی یەکدین، چەندین زیان و قوربانی لێکەتەوە و هەردەم پارتی دەستی تەبایی و یەکڕیزی و ئاشتی درێژ کردووە، ئایا لەماوەی ناکۆکی و دووبەرەکی کورد چی قازانج کردووە؟ ئایا ناکرێت بۆ ماوەی چەند ساڵێک تەبا و یەکریزی هەڵبژێرین و بەراوردی بکەین بە ساتەکانی ناکۆی و بزانین کامیان لە بەرژەوەندی کوردستانە ئەویان هەڵبژێرین.
خۆ ڕادەستکردن بە دوژمن هیچ کات و ساتێک لە بەرژەوەندی کورد نەبووە، ئەگەر ئیستاش نەیارانی کورد پشتگیری لایەنێک یا ئەم و ئەو بکەن ئەوە لەبەر خاتری چاوی ڕەشی ئەوان نییە بەڵکو بۆ لاوازکردنی دۆزی رەوای کوردە، کە دەبینین لایەنێک لە پێناو پۆستێک کوردستانی شارێکی سڕیەوە.
پابەند بوون بە دیموکراسی تێگەیشتنی زانستی و شارەزایی دەوێت مەحاڵە بە زەبری چەک و کاری سەربازی بچەسپێت، و ئێستا دەرکەوت کە کێ ڕێز لە ئازادی رادەربڕین و بۆچوونە جیاجاکان دەگرێ، جارێکیان لە دانیشتنێک لە لەندەن کەسایەتیەکی سیاسی ڕەخنەی توندی لە پارتی هەبوو، و هیچ ڕەخنەی لە لایەکانی دیکە نەبوو برادەرێک لێ پرسی بۆ ڕەخنەت لە پارتی هەیە و لە لایەکانی دیکە نیتە، نوێنەری لایەکانیش لەو دانیشتنە ئامادە بوون، گوتی ؛نەڵێم فلان کەس لێرەیە نوێنەری پارتی یە (مەبەستی لەگەڵ من بوو)، ناوێرین ڕەخنەمان لە لایەنەکانی دیکە هەبێ چونکە گرفتمان بۆ دروست دەکەن، بەڵام پارتی زۆر لای ئاساییە ئەم کەسە ئیستاش لە ژیان ماوە و دژی پارتی لێدوان دەدا.
ئەمە جیاوازی نێوان تێگەیشتنی پارتی و ئەوانی ترە…

ھەواڵی زیاتر