چاوەڕوانی بڕیاری گەل بن!

عارف ڕوشدی

لەناو هەمو میللەتانی دنیادا ناپاک و ناپاکی هەیە، بەڵام لە (ناپاکیی کوردزمان) بێغیرەتترم نەبیستووە!
با دڵنیا بن ئەوەندەی دیکە دەستە و گروپی لادەر، کەناڵی ڕاگەیاندنی چەواشەکار، کرێگرتەی رەنگاوڕەنگ هەبن، ناتوانن زەفەر بە رەوایەتیی بزووتنەوەی کوردایەتی ببەن، ناتوانن (شکۆی کورد و کوردستان بە ڕاپورتنووسین و نانبڕین و بڕینی مووچەخۆرانی هەرێمەکەمان) لەکەدار بکەن.
شەرەفمەندانی گەلەکەمان لەوە تێگەیشتوونە بەغدا و ملکەچبووانی زمانکورد، شەڕێکی قورسی هەمەلایەن بە تایبەتی لە بواری ئابووری، دارایی و دەرونییان بەرپا کردووە، بەمەبەستی بەچۆکداهێنانی گەلەکەمان:
١- بە پاساوى نالوژیکى، مانگانە گرفت بو مووچەى موچەوەرگرانى کوردستان دروست دەکرێت، لە کاتێکدا ٨٠% پێوەرەکانى عێراق لێوانلێوى گەندەڵین.
٢- گەنمى جووتیارانى کورد سەرەڕاى ناعەدالەتى لە وەرگرتنیدا، دەست بەسەر پارەى جووتیاراندا دەگیرێت بە هەزار بینەوبەردە تا بتوانن وەری بگرنەوە.
٣- رێگرى لە بەبازاڕکردنى بەروبوومى کوردستان دەکەن، تاکو هەر بارێک لە نێوان (٢-٣) ملیون دینار سەرانە وەرنەگیرێت، یەخەى کاسبکارانى کوردوستان بەرنادەن.
لەگەڵ ئەو هەموو تاوان و پێشێلکاریانەى بەغدا، کۆمەڵێک لە ئەندام پارلەمانە رەنگاوڕەەنگى زمانکورد، بەردەوام ئاو لە ئاشی چەوسێنەرەکان دەکەن لە بەغدا.
بەڵام هەر ئەوەندە پێیان دەڵێم سەرەڕای ئۆینبازی و گزی و فزیتان (چاوەڕوانی بڕیاری ویژدانئامێزی گەلەکەمان بن.