نموونەی باڵا

حەمەسەعید حەسەن

سۆفییەکان ڕۆڵێکی گرینگیان لە گەشەسەندنی زانستەکانی قورئاندا وازی کردووە، ئاخر لێکدانەوەیان بۆ دەقەکان ڕووکەش نییە، گشتگیرە، خۆیان دیلی مانا زمانەوانییە سادەکان ناکەن و شوێن مانا قووڵەکانی ڕەمز و مێتافۆر و وێنە شیعرییەکان دەکەون، بێ ئەوەی مانا دەرەکییەکانی وشەکانی ئایەتەکان ڕەت بکەنەوە. حەللاج پێی وابوو: ئەوی توانای لێکدانەوەی دروستی بۆ قورئان هەبێت، دەگاتە هەواری نەمری و بەردەوام ژیانی سەرلەنوێ بۆ دەنووسرێتەوە. سۆفی کەسێک نییە، بە زەبری قورئان، لە ترسی ڕۆژی قیامەت، لەرزی لێ هاتبێت، کەسێکە دەرکی بەوە کردبێت، قورئان پردی خۆشەویستییە لە نێوان خودا و ئینساندا.

سۆفییەکان لەبەر ڕۆشنایی قورئاندا ئەوە دەبینن کە ئینسان دوو (نەفس)ی هەیە، یەکێکیان ڕارایە و بۆ خراپە هانی دەدات و ئەوەی تریان نەفسێکی ئارامە، لەگەڵ خوادا کە هێندەی خوێنهێنەری لێوەی نزیکە، دڵنیا دەژی. سۆفی پێی وایە، هەرچەندە خودا لە هەموو جێیەکدا هەیە، بە ناخی ئینسان و بە سروشتیشەوە و ڕوو لە هەر کوێیەک بکەیت، ڕوویەکی خودای لێیە، بەڵام بە چاوی ئاسایی نابینرێت. خودا نەوەد و نۆ ناوی جوانی هەیە کە ڕۆڵیان لە سەرهەڵدانی بۆچوونەکانی سۆفییەکاندا هەبووە. هەرچەندە حەق یەکێک نییە لە ناوە جوانەکانی خودا، بەڵام سۆفییەکان بە (حەق)یش بانگیان دەکرد. چونکە لای سۆفییەکان تەنیا هەر زاتی خودا ڕەهایە، بۆیە هەر ئەویش مافی ئەوەی هەیە بڵێت من. ئەوە زادەی نەزانییە، ئەگەر کەسێک بڵێت من، ئیبلیس بۆچی دوور خرایەوە؟ چونکە گوتی من، من لە ئادەم چاکترم، ئەوەی فەرامۆش کرد کە تەنیا زاتی خوا هەمیشە لەسەر حەقە.

قورئان هەر بریتی نییە لە وەسفی خوا و باسی ئەو دونیا، بەڵکوو سیستمی ژیانیشە کە سۆفییەکان هەموو ڕێنوێنییەکانی ڕەچاو دەکەن و بە موو لێیان لا نادەن. ئەوە هەر قورئانیشە کارێک دەکات، ڕۆح بەرەو سۆفیگەری باڵ بگرێت و لە (حوزوور)ەوە بەرەو (غیاب) بفڕێت. سۆفی تا زیاتر و قووڵتر قورئان بخوێنێتەوە، نەفسی بەرەو حاڵەتی بەرزتر هەڵدەکشێت و دەرگای نوێی بە ڕوودا دەکرێتەوە. زمانی قورئان زمانی هاوبەشی نێوان موسوڵمانانی دونیایە، با هەموویشیان لێی حاڵیی نەبن، هەر لەبەر ئەوە نا کە بڕوایەک کۆیان دەکاتەوە، لەسۆنگەی ئەوەیشەوە، زمانی قورئان خوێنە و بە دەماری شیعر و ئەدەبی گەلانی غەیرە عەرەبیشدا ڕەت دەبێت. خۆشنووسانی تورک و فارس و هیند، لە ئەلفوبێی قورئان، جوانترین نەخشیان کێشاوە و تەنانەت وەک شتگەلێک کە هەڵگری بەهای پیرۆز بن، سەرنجی حەرفەکانی قورئانیان داوە.

سۆفییان وای بۆ دەچن، وەک ڕۆح بۆ لای خودا هەڵدەکشێن، یەکەمین کەسیش لەکن ئیسلام کە بەگوێرەی دەقی قورئان (سوورەتی ئیسراء) بۆ لای خودا هەڵكشاوە، خودی موحەممەد بووە، کەواتە ئەو هەر پەیامهێن نەبووە، یەکەمین سۆفییش بووە، ئەوە بۆیە سۆفییەکان، بۆ دیاریکردنی پلە و مەقامەکانی ڕێبازەکانی سۆفیگەری، پشت بە فەرموودەکانی وی دەبەستن. موحەممەد مۆری خۆی لەسەر پەڕەی ڕۆحی هەموو تاکێکی ئوممەتی ئیسلام بەجێ هێشتووە، ئاخر سەرکردەیەکی نموونەیی و نموونەیەکی باڵا بووە، دونیا لە خۆشیی ئەو خوڵقیندراوە، خەلیلی خودا و شەفیعی ئوممەت بووە، بۆیە ئەوە لەسەر موسوڵمانان پێویستە، وەک ئینسانێکی کامیلی بێ ڕکەبەر سەرنجی بدەن. بەگوێرەی گوتەی ژنە جحێڵەکەی: عائیشە، موحەممەد چونکە شەوانیش هەر خەریکی خواپەرستی بوو، بۆیە کە (چاویشی دەنوست، دڵی هەر بێداربوو،) هەر زیکری ناوی خوای دەکرد، بەڵام لای نەیارانی، پەیامهێن نەبوو، سییاسەتکارێکی وریابوو، ئەوەی ناوی نابوو ئایینی ئیسلام، لە دینەکانی پێشووتر و لە کولتووری ئەورووپای خواستبوو.

هەندێک لە یاوەرانی نزیکی پەیامهێن، بە هەق سۆفی بوون و سۆفییانە دەژیان، لەوانە: ئەبوو زەڕی غەففاری کە هیچی شک نەدەبرد و لویس ماسنیۆن بە دامەزرێنی فیکری سۆسیالیزمی دەزانێت لە ئیسلامدا. سەلمانی فارسی، یەکێکی دیکەبوو لەوانەی نموونەی باڵای سۆفییەکانن، لەلای فارس و لەکن شیعە بە گشتی. وەک لە قورئاندا هاتووە: (بەزەیی و سۆزی خودا لە چاکەکارانەوە نزیکە. ئەعراف ٥٦) ئەوە بۆیە پەیامهێن دەیگوت: ئیسلام ئەوەیە ملکەچی ویستی خودا بین، ئیمان ئەوەیە لە دڵەوە بڕوامان بە ئیسلام هەبێت، بەڵام ئیحسان ئەوەیە وەها خودا بپەرستین، وەک چاومان لێی بێت.) سۆفی کە ئیسلام و ئیمان و ئیحسانی تێدا چڕ بوونەتەوە، هەمیشە خودای لە بیرە و هەرگیز نوقمی خەوی غەفڵەت نابێت.
*
(*) أنا ماری شیمل، ألأبعاد الصوفیە فی ألإسلام و تأریخ التصوف، ترجمة: محمد إسماعیل السید و رضا حامد قطب، منشورات الجمل، الطبعة ألأولی ٢٠٠٦ بغداد.

ھەواڵی زیاتر