گوزەرێکی خێرا بە نێو کتێبی (بەرەو خوێندنگا)ـی مامۆستا بەختیار کەڵهوڕی و چەند سەرنجێک….

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆکی

قسەکردن لەسەر ئەدەبی منداڵان و ئەو جیهانە ئەرخەوانیەی منداڵان تێیدا ژیان دەکات و پێیدا گوزەر دەکات، ئەوە کەسی کارامە و پسپۆر و ئەکادیمی گەرەکە دەستی بگرێ، دروستی بکات و لە جەنجاڵیەکانی رۆژگار ببێتە دار عەسا و بە ئامۆژگاری جوان رێنوێنی بکات، چونکە ئەدەبی منداڵان دنیایەکی ئەوەندە فراوان و لەبن نەهاتووە، شارەزایی دەوێ تا لەقوڵایی دەریای ئەو جیهانەدا دوڕو گەوهەر دەربێنێ.
ئەوانەی بۆ گەوران دەنووسن، مەرج نییەئەوانەی بەتەمەن بچوکن لەونووسینانە تێیبگەن، بەڵام ئەوانەی بۆ منداڵان دەنووسن، هەم ئەوانە تێیدەگەن کە بچوکن هەم گەورەکانیش، لەم روانگەوە نووسەری بواری منداڵان دەبێ کەرەستەیەکی خاو و پێشینەیەکی باشی لەسەر قۆناغەکانی تەمەنی منداڵ لەبەردەستبێ وەک دەروونناسان ئاماژەیان پێی داوە، منداڵ لەقۆناغێکی دیاریکراو تەنها حەز دەکات دەست لەشتەکانی دەوروبەری بدات، لەقۆناغێکی دیکەدا دەست لەشتەکانی دەوروبەری بدات و لەقۆناغێکی دیکەدا لاسایی دەوروبەری بکاتەوە و، هتد.
منداڵ ئەوەندەی چێژ و لەزەت لە ریکلامێکی ڕەنگاڵە وەردەگرێ، ئەوەندە چێژ لە فیلم و درامایەک نابینێ کە تەژیە لە سوود و وانەی پڕ مانا؛ هەروەها ئەوەندەی چێژ و لەزەت لە گۆرانیەک وەردەگرێ کە گورگ و رێوی و چی و چی رۆڵی تێدا دەگێڕێ نیو هێندە چێژ و لەزەت لەو گۆرانیانە وەرناگرێ کە بە بەژن و باڵای کچێ یا خۆشەویستیی خاک یا دیاردە و کەسایەتی و، هتد دەوترێ، بۆ شیعریش هەمان شت راستە.
لەم ماوانەی رابردوو نووسەر و شاعیری لاو، شاعیری هەست ناسک و بە سەلیقە مامۆستا (بەختیار کەڵهوڕی) شەشەمین کتێبی خۆی بە ناوی (بەرەو خوێندنگا) لە دووتوێی پەنجاودوو لاپەڕە چاپ و بڵاو کردەوە کە نزیکەی چل شیعری ناسکی لەخۆ گرتووە و بە زمانێکی سادەوساکاری بێگرێوگۆڵ نووسیویەتی و یەکەمین شیعریشی بە ناوی (بەرەو خوێندنگە)یە کە هەر ئەو ناونیشانەی کردۆتە ناونیشان و تایتڵی کتێبەکەی، وەکو شاعیر دەڵێت:
با هەموو بە یەکپۆشی
بە خەندە و رووخۆشی
پۆل‌بەپۆل و چین‌بەچین
بەرەو خوێندنگا بچین
کاتی پشوو بەسەر چوو
دڵخۆشین ئێمە هەموو
دەرگای زانین کراوە
نەزانین خۆی پێچاوە
لە هێلانەی هۆش و بیر
تێدەکۆشین ئێمەی ژیر
چونکە لە قوتابخانە
دوارۆژمان چراخانە

مامۆستا بەختیار کەڵهوڕی جگە لەوەی کەسێکی پەروەردەکارە و لە ئەزموونی خۆیدا چ وەکو مامۆستا، چ وەکو بەڕێوەبەر لە رۆژانی پێنجشەممان کاتێ قوتابیان ریز دەکرێن، بەپەیامێکی کورت و پوخت ئامۆژگاری و رێنمایییان دەکات و بەرەو ئاراستەیەکی راست و دروست دەیانبات، فێریان دەکات چۆن رێزی خۆیان بگرن تا رێزی بەرامبەرەکەیان بگرن لە هاوپۆل و قوتابی و دایک و باوک و هەموو ئەوانەی لەو ژینگەیە گوزەر دەکەن، بەمەیش دەیەوێ ئومێد و هیوا لە دڵ و دەروونی منداڵان بچێنێ کە بە گەشبینیەوە بڕواننە ژیاندا، ئەوەتا لە شیعری (قوتابیم) ئەو پەیامە بە گوێماندا دادەدا وەک دەڵێت:
ئەمساڵ منیش لە باخچە
جوان و ناسک وەک خونچە
بۆ قوتابخانە هاتووم
لە پۆلی یەک دانیشتووم
زۆر بە چاکی دەخوێنم
داری هیوا دەڕوێنم

مامۆستا بەختیار ئەو هیوا و گەشبینیە بە خۆشەویستی خاک و نیشتمان پەیوەست دەکات کە ئینتیما و هۆگریمان بۆ وڵاتمان هەبێت، ئەوەتا لە شیعری (دەفتەرەکەم) دەنووسێ:
وشەی تێدا دەنووسم
بە خامە و بە پێنووسم
هەرچی رستەی جوانە
شایانی کوردستانە

شاعیر هەر بەوە ناوەستێ، لە بەسەرهات و رووداوەکانی رۆژگار، نموونەیەکی جوانمان لە تابلۆیەکی سەرنجراکێش نیشان دەدات کاتێک گفتوگۆ و دەمەتەقێی نێوان پیاوێکی بەساڵاچوو لەگەڵ مناڵێکی زیرەک دەیانەوێ سواری پاس ببن، لە زمانی ئەوانەوە دەدەوێ و دەڵێت:
لە چاوەڕوانی پاس بووم
بۆ قوتابخانە دەچووم
چاوم بە پیاوێک کەوت
لە بەردەمم دەرکەوت
وەک من چاوەڕێی دەکرد
سڵاوێکی لە من کرد
وتی: پاسەکەمان هات
گشتمان لەگەڵ خۆی دەبات
وتم: فەرموو پێش کەوە
تۆ سەرەتا سەر کەوە
وتی: سوپاس رۆڵەکەم
ئەی رۆڵە شیرینەکەم
رێزی گەورە دەزانی
بۆیە وا ڕەوشتجوانی

مامۆستا بەختیار هەر لەو رەوشتبەرزیەدا دەیەوێ منداڵان فێری ئەتەکێت و هونەری دەمەتەقێ بکات، بۆ نموونە من قسەم کرد تۆ گوێم بۆ بگری وەک چۆن تۆ قسەت کرد من گوێت بۆ بگرم و بە هاتوهاوار قسەی خۆم بەسەر نەخەم کە هەر دەبێ قسەی من بێ:
کاتێک لە خۆم گەورەتر
دەردەبڕێ وشەی جوانتر
بە وردی گوێی بۆ دەگرم
قسەکانی پێ نابڕم
بە دەنگەدەنگ و هاوار
کەس لە خۆم ناکەم بێزار
چونکە جوانە پەروەردەم
بۆیە دڵخۆشم هەردەم

لە دوماهیدا شیعرەکانی (کارتی دەرچون – ئاوگرتنەوە – جەژنی منداڵان – ئەرکی ماڵەوە – ساڵی نوێی خوێندن – زەوی – کلووی بەفر – کەمتەرخەمی – باخچەی ئاژەڵان و، هتد) هەموو ئەو شعرانە گوزارشتن بۆ دنیای منداڵان و بە زمانێکی سادەوساکار نووسراون، هیوادارم ئەم کتێبە (بەرەو خوێندنگا) کەلێنێ لە کتێبخانەی کوردی پڕ بکاتەوە و چاوی منداڵ و قوتابی و خوێندکاران زاخاو بدات و ئاسۆی بیریان فراوان و رۆح و دڵ و دەروونیان ئارام و ئاسوودە بکات. بە هیوای بەرهەمی پوخت و دانسقەتر بۆ مامۆستا بەختیار دەخوازم.

ھەواڵی زیاتر