دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

قـــــــــــامووسی ســـــــــــــۆفی

(فآمنوا بالـله ورسوله النبي الأمي. ئایەتی ١٥٨ سوورەتی ئەعراف) مام هەژار کە قورئانی تەرجەمە کردووە، لە هەر ئایەتێکدا وشەی (أمي) هاتبێت، (نەخوێندەوار)ی لەجێی داناوە. موحه‌ممه‌د عابید ئه‌لجابری پێی وایه‌، ئوممی، وشه‌یه‌کی عیبرییه‌، مه‌به‌ست لێی عه‌ره‌به‌، به‌ تایبه‌تی خێله‌ عه‌ره‌به‌کانی مه‌ککه‌. موحه‌ممه‌د شه‌حروور ده‌ڵێت: (مه‌به‌ست له‌ ئوممییه‌کان، ئه‌وانه‌ن‌ که‌ نه‌ جوو‌ بوون نه‌ کریستیان.) له‌کن د. جه‌واد عه‌لی (ئوممییه‌کان، قوره‌یشییه‌کان و ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی دیکه‌ بوون، که‌ بڕوایان به‌ ئایینی جوو نه‌بوو.) ئیبن ته‌یمییه‌ وای بۆ ده‌چێت، (جوو‌ و گاور، ئه‌هلی کتێب بوون، ئومییه‌کان عه‌ره‌بی بێ کتێب بوون.)‌ شه‌هرستانی ده‌ڵێت: (پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام، خه‌ڵکه‌که‌ دوو جۆر بوون، ئه‌هلی کتێب و ئوممییه‌کان، ئه‌هلی کتێب کە کریستیان و جوو بوون، له‌ مه‌دینه‌ نیشته‌جێ بوون و ئوممییه‌کانیش له‌ مه‌ککه‌.)
لە ڕوانگەی سۆفییەکانەوە، بۆچوونەکەی مام هەژار دروستە، هەرچەندە پێ ناچێت، بیری بۆ ئەوە چووبێت. لەبەرچی خودا، نەخوێندەوارێکی بە پەیامهێن هەڵبژاردووە؟ سۆفییەکان دەڵێن: لەبەر هەمان ئەو هۆکارەی کە مەریەم، بێ ئەوەی هیچ پیاوێک توخنی کەوتبێت، بە پاکیزەیی پێشوازیی لە عیسا کرد کە خودا بۆی هەناردبوو، موحەممەدیش چونکە نەخوێندەواربوو، لاپەڕەیەکی سپیبوو، دەفرێکی پاکژبوو، خڵتەی هیچ حەرفێکی پێوە نەلکابوو، بۆیە وشەکانی خودا وەک چۆن بە پاکی دەهاتن، هەر وا بە بە خاوێنییش لای پەیامهێن جێگیر دەبوون.
سۆفیگەری هەوڵدانێکی بێ وچانە بۆ گەیشتن بە دڵنیایی، دڵنیایییەک کە تەنیا بەوە دابین دەبێت، سۆفی کە (عاریف)یشی پێ دەڵێن، بگاتە قۆناغی بەیەکبوون لەگەڵ زاتی بڵندی خودادا. کرۆکی دیرۆکی سۆفیگەری یەک حەقیقەتمان پێ دەڵێت، با ئەو حەقیقەتە بە چەندان شێوەی جیاوازیش خۆی نمایش بکات، ئەو حەقیقەتەیش کە بەردەوام قووڵتر خۆی نوێ دەکاتەوە، بریتییە لەوەی، (لە غەیری ئەڵڵا هیچ خوداوەندێکی دیکە نییە.) سۆفی لەڕێی مەعریفەت و موحیببەتەوە بەرەو هەواری ئەو حەقیقەتە بەڕێ دەکەوێت و گەلێک قۆناغ دەبڕێت تا دەگاتە ئەوێ، وەک زوهد، فوقر، سەبر، تەوەکول، ڕەزا. سۆفی کە تا ئەوپەڕی خۆشەویستی خودای خۆش دەوێت، نە لە ترسی ئاگری دۆزەخە، نە لە پێناوی حۆری و باخ و تەلاری بەهەشتدایە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ڕێبواری ڕێی عیشقی خودایە.
سۆفیگەری کە ڕەگوڕیشەی قووڵ بە قورئاندا ڕۆچووە، هەر خواپەرستی و خۆشویستنی خودا نییە و هیچی دیکە، بزووتنەوەیەکی دەوڵەمەندی ئەدەبی و فیکرییشە. سۆفی ئەوەندە زاهیدە، وەک جاڕی دوژمنایەتیی لەگەڵ خۆشییەکانی دونیادا دابێت وایە، ئەوەندە موجاهیدە، هەموو ژیانی بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی خودای تاک و تەنیا تەرخان دەکات و وەها لە زەریای بەرینی عیشقی نەمری خودادا دەتوێتەوە، کە حازریشە هەر لە غائیب دەچێت. سۆفی بڕوای بەوە هەیە کە هۆشیاریی ئایینی لەکن ئیسلام، ملکەچی حەقیقەتێکە لە دەرەوەی مێژوو، حەقیقەتێک پشتی بە پەیماننامەیەک قایمە، بۆ پێش خەڵقبوونی ئینسان دەگەڕێتەوە، بۆ ئەو زەمەنەی هێشتا ئینسان نەخوڵقابوو، هێشتا لە پشتی ئادەمدا بوو، هێشتا ئادەمیش خۆڵ بوو، ئاخر بەگوێرەی ئایەتی ١٧٢ی سوورەتی ئەعراف، خودا پێش ئەوەی نەوەکانی ئادەم بخوڵقێنێت، لێیان دەپرسێت: (ألست بربکم؟) وەڵامیان: (قالوا بلی) دەبێت، ئەوەیە پەیماننامە دێرینەکەی نێوان خالیق و مەخلووق.
موتریب وەرە دەستی من و دامانی وەفات بێ
سووتاوم و بمئەستێنەوە با دەنگی نەوات بێ
ساقی وەرە مەجلیس بە سەر و گەردەنی جامت
بێ نەغمەیی نەی نامەوێ گەر ئابی حەیات بێ
من ڕەند و قەلەندەر سیفەت و مەست و خەرابم
تۆ پیری خەراباتی ئەگەر مەزهەبی وات بێ
هەستە وەرە بەو جامی ئەلستی بدە دەستم
بەستەی دەری گوڵزارە ئەوی مەستی سەفات بێ
وەفایی (١٨٤٤ – ١٩٠٢)
لای شاعیری سۆفی، شەراب: ڕەمزی خۆشەویستیی خودایە و هەر کەسێک بەو شەرابە مەست نەبێت، بە بینینی تیشکی جوانیی خودایی شاد نابێت. لەکن شاعیری سۆفی، ساقی (مەیگێڕ): ڕێبەرە، پیری (خەرابات: مەیخانە): قوتبە، مەینۆش: (ڕێبوار: سالیکە،) جام: تیشکدەرەوەی جیلوەی خودایە، موتریب: بێدارکەرەوەیە، بەستە: پلەی پیرۆزیییە و مەستیی: وەجدە. شەراب لای شاعیری سۆفی، چاوی دڵ و دەروون بە بینینی تیشکی جوانیی خودایی ڕۆشن دەکاتەوە. مەستبوون لای شاعیری سۆفی، گیانییە، جەستەیی نییە و لە ئەنجامی بینینی تیشکی جوانیی ڕەهای خوداوە بەو پلەیە کە (وەجد)ی پێ دەڵێن، دەگات.
لای سۆفی کرۆکی مەسەلەکە، دووانەی ویستی ئازاد و قەدەرە، هەڵبژاردن و ناچارییە، ئازادانە وابەستەبوون و زەلیلانە ملکەچکردنە. سۆفی بە هیوای گەڕانەوەیە بۆ ڕۆژی ئەلەست، ئەو ڕۆژەی تەنیا هەر خودا خۆی هەبوو، هێشتا ژیان و ئاوەزی بە کەس نەبەخشیبوو، تا ددانی پێدا بنێن و بڕوای پێ بهێنن، هێشتا لە عەدەم هیچی نەخوڵقاندبوو. سەرەتای سەرهەڵدانی سۆفیگەری لەکن ئیسلام، بۆ ئەو وەختە دەگەڕێتەوە کە خودا ویست و خواستی خۆی لە وشەکانی قورئاندا نیشان دا و لێ گەڕا ئینسانگەل بەهۆی قورئانەوە خودای خۆیان بناسنەوە، ئەوە بۆیە قورئان تاکە قامووسی جێی متمانەی سۆفییە، ژێدەری هەموو زانستەکانییەتی و کلیلی هەموو بیرکردنەوە و ڕامانەکانییەتی لە کۆمەڵ و لە گەردوون.

ھەواڵی زیاتر