ڕۆژە شکۆدارەکە

‎هاودەنگ فارووق

لە یادی ٣١ی ئابی پیرۆزدا، خەڵكی كوردستان، بەتایبەتی جەماوەری هەولێر بپرسن: ئەگەر ٣١ی ئاب نەبوایە، چی ڕوویدەدا؟ ئێستا هەولێر وەك خراپترین گوند دەبوو. یەكێتی بەهێنانی سوپای وڵاتانی دراوسێ بۆ لەناوبردنی حكوومەتی كوردستان و پارتی و ڕێبازی بارزانی، نیازی ئەوەی هەبوو بۆ هەتاهەتایە دەستەڵاتی خۆی بەسەر كوردستاندا بسەپێنێت، تەواوی گوند و شارو شارۆچكەكانی كوردستانیش، وەك دواكەوتووترین گوندی سۆماڵ دەمانەوە، هەروەك موقەدەراتی نەتەوەی كورد ڕادەستی دوژمنانی كورد دەكران.
هەرچی هەنگاو و بڕیاری سیاسیی بێت، بەگوێرەی ئەنجام و لێكەوتەكانی هەڵدەسەنگێنرێن، نەك بە پێوەری دۆڕاوەكانی ٣١ی ئاپ، بۆیە دەبێت كەسانی ژیرو هۆشیاری كوردستان بپرسن: لە ٣١ی ئابدا بۆ یەكەمجار هێزێكی كوردی دەتوانێت سوپای وڵاتێكی داگیركەری كوردستان بەكرێ بگرێت و، بیخاتە خزمەتی ئامانجە باڵاكانی كوردایەتی و، بنجداكوتانی حوكمڕانێتی كوردی، ئەو هێزە عێراقیەش بەمەرجی سەركردایەتی پارتی ڕازی دەبێت و هەر دوای جێبەجێكردنی ئەركەكانی پاشەكشە دەكات، ئایا ئەم هەنگاوە بۆ هەموو گەلی كوردستان مایەی شانازی و بەرز ڕاگرتن نییە؟
ئاخر بەدرێژایی مێژوو، هەمیشە داگیركەران توانیویانە چەكداری كورد بخەنە خزمەتی مەرامەكانی خۆیان بۆ لێدان لە كوردایەتی، وەك ئەوسا یەكێتی و پەكەكە بەتەواوی ببونە گوێلەمستی ئەجێنداكانی وڵاتێكی بێگانە، بەڵام بۆ یەكەمجار لە ٣١ی ئابدا كورد توانی سوپای عێراق بەكرێ بگرێت. ئەمە یەكەم نیشانەی قودرەت و عاقڵمەندی سیاسی كوردە بەدرێژایی مێژوو.
بۆیە وێڕای ئەنجامە گرنگەكانی سیاسەتی پارتی لە ٣١ی ئاب، كە بریتین لە سەقامگیری ئاسایش و ئارامی، پاراستنی قەوارەی كوردستان، گەشەپێدانی هەولێری پایتەخت و شارەكانی دی، هەروا بەهێزبوونی ڕەوتی كوردایەتی، چاوشكاندنی جاش و مورتەزەقە، كۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ و بێهیوابوونی یەكێتی و هاوپەیمانەكانی لەبەردەوامیدان بەو شەڕە نەگریسە.
٣١ ئاب بەئاشكرا ئەوەیشی پێ گوتین، كورد گەیشتۆتە ئەو ئاستەی تەواوی سوپای وڵاتێكی داگیركەری كوردستان بەمەرجی خۆی و بەرژەوەندی گەلەكەی ڕازی بێت و هێزێكی كودەتاچی و خۆسەپێنی خراپتر بە سوپای ڕژێمێكی زۆر خراپتر ڕاماڵدرێ و ئامانجەكانی كوردایەتی پێ جێبەجێ بكات. ئەوەش درەوشاوەترین خاڵی ٣١ ی ئابە.